ئه‌مڕۆ له به‌شی زۆری مزگه‌وته‌كانی شاری سلێمانی نوێژی جه‌ژن ئه‌نجام دراوه و ته‌ندروستی سلێمانیش هۆشداری ده‌دات و ده‌ڵێت، ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه مه‌ترسی دروست ده‌كات.
ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه مه‌ترسی دروست ده‌كات
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 24ی ئایار، هێرش سه‌لیم جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی پارێزگای سلێمانی به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئێمه ڕێنوێنیمان دا به هاووڵاتییان كه پابه‌ند بن و داواشمان له مامۆستایانی ئاینی كرد كه پابه‌ندبن بۆ ڕۆژی جه‌ژن و نوێژ نه‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده به‌ڵێنیان دا، به‌ڵام به‌ڵێنه‌كه‌یان نه‌برده سه‌ر.
زیاتر گوتی، له به‌شی زۆری مزگه‌وته‌كان نوێژی جه‌ژن كراوه و كۆبوونه‌وه‌ی هاووڵاتییان و نوێژخوێنان هه‌بووه، ئه‌مه مه‌ترسیداره و پێویسته هاووڵاتییان ئاگاداربن، چونكه ئه‌و كۆبوونه‌وانه باش نین و له ڕابردوو هۆكاری بڵاوبوونه‌وه و تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنا بووه.
ڕوونی كرده‌وه، ئێمه داوامان له هاووڵاتییان ئه‌وه‌یه كه پابه‌ندی خۆپارێزی بن، چونكه ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌خۆشییه‌كه‌ی هه‌بێت و چووبێته مزگه‌وت، له‌گه‌ڵ خۆیدا چه‌ندان كه‌س تووش ده‌كات و له ئه‌نجامدا كه‌سانێكی زۆر به‌هۆیه‌وه تووش ده‌بن.
پێشتر وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ئه‌وقافی سلێمانی بڕیاریان دا نوێژی جه‌ژن له مزگه‌وته‌كان ئه‌نجام نه‌درێت له ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له به‌شی زۆری مزگه‌وته‌كانی سلێمانی نوێژی جه‌ژن ئه‌نجام دراوه.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی