بوومەلەرزە تارانی هەژاند

:: PM:01:39:27/05/2020 ‌

چەند خولەكێك لەمەوبەر بوومەلەرزە تارانی پایتەختی ئێرانی هەژاند. لە ماوەی مانگی رابردوودا چەندان بوومەلەرزە تارانیان هەژاندووە.

دەیان ساڵە هۆشداری ئەوە دراوە ئەگەر لە تاران بوومەلەرزەی زۆر بەهێز روو بدات، بە ملیۆنان كەس دەبنە قوربانی، چونكە ژێرخانی ئاوەدانكردنەوەی كۆنە. نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەم بوومەلەرزەیەك بە گوڕی چوار بە پلەی ریختەر تارانی هەژاند.

مێهرنیوز بە پشتبەستن بە ناوەندی بوومەلەرزەزانی زانكۆی تاران بڵاوی كردەوە، بوومەلەرزەكە لە قووڵایی 12 كیلۆمەتر رووی داوە و حەوت كیلۆمەتریش لە دەماوەندی نزیك تاران مەودای هەبووە.

پێویستە بگوترێ دوو هەفتە لەمەوبەریش بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 5.1 پلە بە پێوانەی ریختەر تارانی هەژاند و جگە لە تاران، لە چەند پارێزگایەكی تریش هەست بە بوومەلەرزەكە كرا. خەڵك لە تاران هاتنە دەرەوە و بۆ ماوەیەك لەسەر شەقام مانەوە و لە ترسدا نەیاندەوێرا بچنەوە ژوورەوە. ئەوكات بەهۆی بوومەلەرزەكە دوو كەس مردن و 23ی تر بریندار بوون.
خەڵكی تاران فۆبیای ئەوەیان هەیە بوومەلەرزەیەكی زۆر بەهێز شارەكەیان بهەژێنێت و قوربانییەكی زۆری لێ بكەوێتەوە.

دەمێكە خەڵكی تاران فۆبیای ئەوەیان هەیە بوومەلەرزەیەكی زۆر بەهێز شارەكەیان بهەژێنێت و قوربانییەكی زۆری لێ بكەوێتەوە. ئەوەی لە تاران مایەی نیگەرانییە، ئەوەیە ژێرخانی شارەكە لە رووی ئاوەدانكردنەوە زۆر كۆنە و باڵەخانە بەرزەكان توانای بەرگریی بەرانبەر بوومەلەرزەی بەهێزیان نییە.



وشە - سلێمان تاشان