عێراق.. 322 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمار كران

:: PM:05:09:28/05/2020 ‌

تا ئێستەیش مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دنیا بەردەوامە، لەوكاتەی ژمارەی تووشبووان لە شەش ملیۆن حاڵەت نزیك دەبێتەوە، لە عێراق ئامارەكانی تووشبوون و مردن بەو ڤایرۆسە لە هەڵكشانە، وەزارەتی تەندروستی عێراق لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو، چوار حاڵەتی مردن و 322 حاڵەتی نوێی تووشبوونی راگەیاند.
عێراق بەرەو لووتكەی بەهێزی پەتاكە هەنگاو دەنێت
وەك لە راگەندراوێكی وەزارەتی تەندروستی عێراق هاتووە، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو لە سەرجەم تاقیگە تایبەتەكان بەو پەتایە، 5104 پشكنین بۆ گومانلێكراوان ئەنجام دراوە و ئەنجامی 322یان پۆزەتیڤ بووە، لەوانە 224 لە بەغدا و 16 لە سلێمانی و 22 لە كەربەلا و 21 لە هەولێر و 11 لە بابل و شەش لە واست و و سێ لە بەسڕە و دوو لە نەجەف پێنج لە موسەنا و چوار لە زیقاڕ و سێ لە میسان و یەكێك لە كەركووك و دوو لە سەڵاحەدین.

بەپێی راپۆرتەكە ژمارەی حاڵەتی چاكبوونەوە 67 حاڵەت بووە، چواریان لە هەولێرن، جیا لە چوار مردنی نوێ هەموویان لە بەغدان، بەوەیش كۆی ژمارەی تووشبوون گەیشتووەتە 5457 حاڵەت و چاكبوونەوەیش 2971 حاڵەت و ئەوانەی لە نەخۆشخانەن 2307 حاڵەتن و 179 حاڵەتی مردنیش هەیە.    




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل