دەرمانی كۆرۆنا زووتر لە پێكوتەكەی بەرهەم دەهێنرێت

:: AM:11:35:30/05/2020 ‌

رێكخراوی تەندروستی جیهانیی بڵاوی كردەوە، لانی كەم تا یەك ساڵی تر ناتوانن هیچ پێكوتەیەك دژی كۆرۆنا بەرهەم بهێنن، بەڵام دەرمانەكەی زووتر بەرهەم دەهێنرێت.

لەگەڵ سەرهەڵدانی كۆرۆنا وڵاتان و كارگەكانی دەرمانسازی و ناوەندەكانی توێژینەوەی دنیا دەستیان بەوە كردووە پێكوتەی كۆرۆنا بەرهەم بهێنن، بەشیكیان بەڵێنیان دا لە ماوەی شەش مانگ و بەشێكی تر كاتی كەمتر یان زیاتریان دیاری كرد، بەڵام رێكخراوی تەندروستی جیهانیی كە گرنگترین رێكخراوی دنیایە لە بواری تەندروستی دەڵێ، لانی كەم تا یەك ساڵی تر پێكوتەكە بەرهەم ناهێنرێت.
دروستكردنی ئەو پێكوتەیە 11 تا 17 مانگ دەخایەنێت.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە رێكخراوەكە پێی وایە دروستكردنی ئەو پێكوتەیە 11 تا 17 مانگ دەخایەنێت. هەروەها پێشبینی كردووە دەرمانەكەی زووتر لە پێكوتەكەی بەرهەم بهێنرێت و بەڵێنیشی داوە هەر كاتێك دەرمانەكە بەرهەم هات، ئەوا دادپەروەرانە بەسەروڵاتانی دنیادا دابەشی دەكات.

داواش لە وڵاتە پێشكەوتووەكان كراوە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو دەرمانە، وەبەرهێنان بكەن و هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ  و یارمەتیی ئەو وڵاتانەش بدەن كە لەرووی ئابوورییەوە دواكەوتوون و لە داهاتوودا دەرمان و پێكوتەكەیان بۆ دابین بكرێت.

وڵاتانی ئەڵمانیا، ئەمەریكا، فڕەنسا، چین و بەریتانیا تاقیكردنەوەی چەندان پێكوتەی جیاوازیان دەست پێ كرد، لەمدواییانەش كۆمپانیای moderna یەكەم تاقیكردنەوەی ئەنجام دا كە ئومێدێكی زۆری لە ناو خەڵكدا بڵاو كردەوە.

پێكوتەی كۆرۆنا پێویستی بە پرۆسەیەكی درێژخایەن هەیە بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوەی هیچ كاریگەرییەكی نەرێنی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ نابێت.



وشە - سلێمان تاشان