ژیانی چەند تووشبوویەكی كۆرۆنا لە هەولێر لە مەترسیدایە

:: PM:01:18:31/05/2020 ‌
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە كۆرۆنا ڕای دەگەیەنێت، چەند تووشبوویەك كە ئێستە چارەسەریان بۆ دەكرێت، ژیانیان لە مەترسیدایە.

ئەمڕۆ یەكشەم 31ـی ئایار، شاخەوان خەیلانی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی بۆ چارەسەركردنی  تووشبووانی كۆرۆنا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پێویستە هاووڵاتییان پابەندی ڕێنوێنییە تەندروستییەكان بن.

چەند نەخۆشێك لە ژێر چاودێریدان و تەندروستیی بەشێكیان جێگیر نییە و لە مەترسیدان

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی گوتی، ئێستە چەند نەخۆشێك لە ژێر چاودێریدان و تەندروستیی بەشێكیان جێگیر نییە و لە مەترسیدان، بۆیە خراونەتە ژێر ئامێری هەناسەدان.

باسی لەوەش كرد، ماوەی چوار ڕۆژە نەخۆشێكی تەمەن 51 ساڵ چارەسەری بۆ دەكرێت و تەندروستی ناجێگیرە، مەترسی لەسەر ژیانی هەیە.

ڕوونی كردەوە، ئەو نەخۆشخانەیە تەنیا سێ‌ ئامێری ئۆكسجینی دەستكردی تێدایە و 57 نەخۆش لەوێدان، هەروەها پێویستە بزانرێت ئەو كەسانەی تووشی كۆرۆنا بوونە لەو چەند ڕۆژەی دوایی، تەندروستییان خراپە.

ئێستە كۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان 606 تووشبوون، لەناویاندا شەش مردن هەیە و 409 نەخۆش چاك بوونەتەوە، ئێستەش 191 نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشكیدان.



وشە - رامیار جەواد