دزێك گیرا پارەی فەرمانبەرانی هەولێری دزی بوو

:: PM:12:39:02/06/2020 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەدات، ئەو تۆمەتبارە گیرا كە زیاتر لە 48 ملیۆن دیناری فەرمانبەرانی دزی بوو.

ئەمڕۆ سێشەم دووی حوزەیران، لە ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بۆ "وشە" هاتووە، لە ڕۆژی 21/5/2020، پۆلیس ئاگەدار كرایەوە كە كارمەندێكی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر بە ناوی (م، ع، ن)، كۆی مووچەی مانگی (كانوونی دووەمی 2020)ی فەرمانبەرانی فەرمانگەی ئاوی پیرمامی دزیوە، كە بڕەكەی 48 ملیۆن و 708 هەزار و 400 دینارە، لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم مەبەستە كرایەوە.

تۆمەتبار پێش گرتنی ئۆتۆمبێلەكەی خۆی سووتاندبوو، تا تاوانەكە بشارێتەوە
باس لەوەش كراوە، پاش بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیەكی ورد و چڕ، توانرا شوێنی تۆمەتباری ناوبراو بدۆزرێتەوە، كە دەیویست لە شارەدێی شەرگات خۆی حەشار بدات، بەڵام لە نزیك شارەدێی دیبەگەی سەر بە شارۆكەی مەخموور بەپێی مادە 453 لە یاسای سزادان گیرا.

ڕوونكراوەتەوە، تۆمەتبار پێش گرتنی ئۆتۆمبێلەكەی خۆی سووتاندبوو، تا تاوانەكە بشارێتەوە و بڵێ گوایە پارەكە لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا سووتاوە، بەڵام دوای گرتنی، دەست بەسەر سەرجەم بڕە پارەكەدا گیرا و بۆ فەرمانگەی ئاوی پیرمام دەگەڕێندرێتەوە.



وشە - رامیار جەواد