ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم هێزە عێراقییەكان لە ناوچەیەكی نێوان شارۆكەی كفری لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و شارۆكەی خورماتوو، ناسراو بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوی ئیدارەی هەرێم، ئۆپراسیۆنێكیان ئەنجام دا و بووتە هۆكاری سووتانی دەغڵودانی جووتیاران.
بەڵێن و هەوڵێك نییە بۆ قەرەبووكردنەوەیان
جەمال ساڵح، بەڕێوەبەری شارەدێی زینانەی سەر بە شارۆكەی كفری، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، لەكاتی بەڕێوەچوونی ئۆپراسیۆنی هێزە عێراقییەكان، كە لە هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپا پێكهاتبوون، لە گوندەكانی پەڵكانە و غەرە و شۆراوە، بۆردومانی تیرۆریستانی داعشیان كرد و بەو هۆیەوە ئاگر لە زەوی جووتیاران كەوتەوە .
موحیەدین رەشید، وەك یەكێك لە جووتیارانی خاوەن زەوی لە زینانە، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، ئەمڕۆ چوارشەم لە ئاكامی بۆردمانی فڕۆكەی سەربازی عێراقی، زەوی جووتیارانی گوندەكانی پەڵكانەو غەرە و شۆراوە، نزیكەی 500 دۆنم زەوی دەغڵودانی 15 جووتیاری ناوچەكە سووتاوە، ئەوەیش پاش ئەوەی ئاگری پووش و پاوان گەیشتە دەغڵودانەكان.
حوسێن محەمەد، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی خورماتوو، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، تا ئێستە زیاتر لە 500 دۆنم زەوی دەغڵودانی جووتیاران سووتێنراوە، روونی كردەوە، هیچ بەڵێن و هەوڵێكی حكوومەتی ناوەند لەئارادا نییە بۆ قەربووكردنەوەی جووتیاران، چونكە نەك ئەمساڵ، ساڵی پاریش جووتیارانیان قەرەبوو نەكردەوە.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی