لایەنە سیاسییەكان: پەیجە ساختەكان هۆكارێكن بۆ قووڵبوونەوەی ناكۆكییەكان

:: PM:09:47:07/06/2020 ‌

لایەنە سیاسییەكانی هەرێم پێیان وایە پەیجە ساختەكانی سەر بە لاهور جەنگی، رۆڵێكی نەرێنیان گێڕاوە سەبارەت بە قووڵكردنەوەی ناكۆكییە سیاسییەكان و بە هەدەردانی سامانی وڵات.
بوونەتە هۆی تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگە
عەبدوڵا وەرتی، گوتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، ئەمڕۆ یەكشەم 7ی حوزەیران، بە "وشە"ی راگەیاند، لە هەرێمی كوردستان جۆرێك لە پشێوی هەیە لە بواری میدیا و سۆشیال میدیادا، بەجۆرێك رۆڵێكی زۆر نەرێنیان گێڕاوە لە قووڵكردنەوەی ناكۆكییە سیاسییەكان.

گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی روونی كردەوە، لە هەرێمی كوردستان هەركەس راست دەبێتەوە، پەیجێكی ساختە دروست دەكات و هێرشی پێدەكاتە سەر لایەن و كەسایەتییەكان، ئەوەیش بووەتە هۆی تێكدانی نێوانی لایەنەكان و تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگە.

لای خۆیەوە كەمال جەباری، بەرپرسی پێوەندییەكانی كەركووكی كۆمەڵی ئیسلامی بە "وشە"ی راگەیاند، خەڵكێكی زۆر بەهۆی ئەو پەیجانەوە تووشی كێشەی خێزانی بوونەتەوە، چونكە ئەو پەیجانە كەسایەتییەكانیان كردووەتە ئامانج و كێشەیان لەناو لایەنە سیاسییەكانیش دروست كردووە.

زیاتر گوتی، داوا دەكەم حكوومەت و وەزارەتی ناوخۆ، هەموو ئەو پەیجە ساختانەی تر كە هێرشیان پێ دەكرێتە سەر لایەنە سیاسی و كەسایەتییەكان و فەساد بڵاو دەكەنەوە، دابخرێن.

هەر لەوبارەوە كوێستان لەتیف، مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، داخستنی ئەو پەیجە ساختانەی كە بووبوونە هۆی قووڵكردنەوەی ململانێ سیاسییەكان و هەواڵی ناتەندروستیان بڵاو دەكردەوە، كارێكی باش بوو.

زیاتر گوتی، لە شارێكی وەك سلێمانی كە ملیۆنێك دانیشتوانی هەیە، سێ هەزار پەیجی تیایە، كە هەر سێ كەس و پەیجێكی بەردەكەوێت، بۆیە داخستنی ئەو پەیجانە كارێكی باش بوو.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل