تەندروستی سلێمانی لەبارەی بەكارهێنانی پلازما روونكردنەوە دەدات

:: PM:10:34:08/06/2020 ‌

تا ئێستە نەتوانراوە چارەسەری بنبڕ بۆ رووبەڕوویوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بدۆزرێتەوە، بەرپرسانی تەندروستی لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا باسیان لەوە كرد وەك دەسپێشخەرییەك پلازمای خوێنی چاكبووەكانی كۆرۆنا بەكاردەهێنن، تەندروستی سلێمانی روونكردنەوە لەوبارەوە دەدات.
مەرجە بەخشەر تووشبووبێت چاك بووبێتەوە
عەبدوڵا ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ دووشەم بە "وشە"ی راگەیاند، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تا ئێستە، تەندروستی سلێمانی پلازمای خوێن لەوانە وەردەگرێت كە تووشی كۆرۆنا بوون و دواتر چاكبوونەتەووە.

زیاتر گوتی، بەردەوامین لە بەكارهێنانی پلازما و یەكێكە لە هۆكارەكانی چاكبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام ماوەیەكی زۆری پێ دەچێت و دەبێت لەلایەن كەسی تایبەتمەندەوە سەرپەرشتی بكرێت، ئەوەیشی پلازمای لێ وەردەگیرێ، مەرجە دەبێت تووشبووبێت و دواتر چاك بووبێتەوە.

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی روونی كردەوە، ئەو پلازمایە بە پارە وەرناگرین و كەسێكیش كە لە نەخۆشییەكە چاك بووبێتەوە كە پلازمای لێ وەردەگرین داوای پارە ناكات، بەڵام خۆی دۆخەكە و بابەتەكە زۆری پێ دەچێت كە بەكاردەهێنرێت.

پارێزگای سلێمانی ئێستە زۆرترین تووشبووی كۆرۆنای تێدایە و رۆژانە سەروو 50 كەس تووش دەبن، هاوكات تا ئێستە سەروو 25 كەس بە نەخۆشییەكە گیانیان لەدەست داوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل