ئامادەسازی بۆ دەستكردن بە چاكسازی لە هەرێم دەست پێ دەكات

:: PM:10:01:10/06/2020 ‌

پرسی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان دەچێتە قۆناغێكی نوێوە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند لیژنەیەكی لەسەر ئەو پرسە پێكهێناوە، شارەزایەكی ئابووریش یاسای چاكسازی بۆ ئەمڕۆی هەرێم بە گرنگ دەزانێت.
پێویستە حكوومەت دەستكراوە بێت و دادپەروەری بەدی بێَت
شێخ عەزیز عەلی، بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگە لە سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەم 10ی حوزەیران بە "وشە"ی راگەیاند، بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی حكوومەتی هەرێم داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی لێ كردوون، ئەوانیش لیژنەكەیان پێكهێناوە و ئامادەیان كردووە.

زیاتر گوتی، هێشتا نازانین كاری لیژنەكەمان چییە، بەڵام هەركات كەوتە كار، ئامانجەكەیان روون دەبێتەوە.

رووپاك ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵ بە "وشە"ی راگەیاند، گرنگە یاسای چاكسازی پرسی دوو مووچە و سێ مووچە و بندیوارەكان چارەسەر بكات، هەروەك خانەنشینی نایاسایش نەهێڵێت.

دكتۆر خالید حەیدەر، مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئابووری بە "وشە"ی راگەیاند، گرنگە یاسای چاكسازی لەمڕۆی هەرێمی كوردستاندا جێبەجێ بكرێت، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە مووچەی پلە باڵاكان كەم بكرێتەوە.

زیاتر گوتی، پێویستە خانەنشینی پەرلەمانتارانی گەنج هەڵبگیرێت، واتە یان یاساكە هەموار بكرێتەوە، یان حكوومەت دەستكراوە بێت لەو بابەتەدا و دادپەروەری بەدی بێنێت.

بڕیارە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای مانگی تەمووزی داهاتوو، یاسای چاكسازی بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، چاودێران و شارەزایان چاوەڕوانن حكوومەت پرسی دوو مووچە و سێ مووچە چارەسەر بكات و بندیوارەكان نەهێڵێت.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل