گه‌نجێكی كورد چه‌ندان ساڵه وه‌ك ئه‌ندازیاری Mechatronic كاره‌كانی وه‌ك تاكه گه‌نجی له یوتیوب بڵاو ده‌كاته‌وه، ئه‌و به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "ئه‌م كاره ده‌كه‌م وه‌ك حه‌زێكی خۆم و ئه‌و پاڵنه‌رانه‌ی كه له‌ناخمدا هه‌ن بۆ ئه‌م بواره، سێ ساڵه به ئه‌كادیمی ده‌ستم پێ كردووه و به‌رده‌وامیش ده‌بم، له پاڵ ئه‌م كاره‌م یوتیوبه‌ریشم و كه‌ناڵه‌كه‌م به ناوی Maxwell Bary داناوه.
له منداڵییه‌وه حه‌زم له دیله‌مۆ و كاره‌با و ڕۆبۆت و میكانیكی ئه‌لیكترۆنی بووه
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 11ی حوزه‌یران، عه‌بدولباری عه‌بدولخالق به "وشه"ی راگه‌یاند، "من هه‌ر له منداڵییه‌وه فزووڵی بوومه بۆ ئه‌و شتانه‌ی ده‌وروبه‌رم كه سه‌رم لێیان سوڕ ده‌ما و له خۆمم ده‌پرسی ده‌بێ چی تێدا بێ؟، چونكه هه‌ر شتێك كه نه‌یزانی چۆن جووڵه ده‌كات یان كار ده‌كات، زۆرت لا سه‌یر ده‌بێت، به‌ڵام كه بۆت ڕوون بووه‌وه چۆنه و چییه، ئه‌وكات هیچ سه‌یرێك نامێنێت، ئیتر ئه‌گه‌ر شتی ماڵه‌وه‌ش بووایه ده‌مشكاند و ده‌بوو بمزانیایه چی تێدایه، له منداڵییه‌وه حه‌زم له دیله‌مۆ و كاره‌با و ڕۆبۆت و میكانیكی ئه‌لیكترۆنی به‌گشتی بووه".
زیاتر گوتی، "ئه‌م جۆره زانسته‌ی من كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌م، پێی ده‌ڵێن mechatronic كه ئاماژه‌یه به میكانیك و ئه‌لیكترۆنی و ڕۆبۆت، له كوردستان هه‌رگیز گرنگی به‌م بواره نه‌دراوه و هه‌ر كه‌سێكیش له‌م بواره زۆر شاره‌زا بێ و شتێكی نوێی دروست كردبێ، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌س پشتگیری ناكات، ئیتر ڕوو له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كات و ئێسته ده‌یان گه‌نجی به توانا‌مان هه‌ن له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن به‌هۆی ئه‌وه‌ی پشتگیری ناكرێن و ده‌ستیان ناگیرێ، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی ئاگادار بم، به‌شێك هه‌یه له زانكۆی تیشك هه‌ر به‌م ناوه‌وه كه له سه‌ره‌وه باسم كرد".
ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند، "تا ئێسته ده‌یان به‌رهه‌مم هه‌یه و هێشتا بڵاوم نه‌كردوونه‌ته‌وه، ئه‌م هاوینه به نیازم به جوانترین شێوازی ڤیدیۆ و گرافیك دایانبه‌زێنم و شییان بكه‌مه‌وه له كه‌ناڵه‌كه‌ی یوتیوبی خۆم كه ئاماژه‌م پێ كرد، ده‌مه‌وێ من سه‌ره‌تایه‌ك بم بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو گه‌نجه به توانایه‌ی خۆمان هان بده‌م بۆ زانست و داهێنان و ته‌كنه‌لۆجیا، سه‌یری هه‌رچی كۆمپانیا گه‌وره‌كانی دنیا ده‌كه‌ی كۆمپانیای ته‌كنه‌لۆجین، ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌موو عێراق ته‌نیا كۆمپانیایه‌كی وه‌ك كۆمپانیای ئه‌پڵی هه‌بووایه، دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه پێویستمان به فرۆشتنی نه‌وت نه‌ده‌بوو، بۆیه ده‌مه‌وێ گه‌نجانی وڵاته‌كه‌م بێنه ناو ته‌كنه‌لۆجیاوه".
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه ئایه ڕۆبۆتی دروست كردووه؟ عه‌بدولباری ڕوونی كرده‌وه، "تا ئێسته بیرم له دروستكردنی نه‌كردووه‌ته‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت ڕۆبۆتی شێوه مرۆڤ بێ به پێویستیشی نازانم، به‌ڵام ڕۆبۆتم دروست كردووه كه كاری ڕۆژانه‌مان ئاسان ده‌كات".
له پڕۆژه‌مدایه خۆشنووسی و ته‌كنه‌لۆجیا تێكه‌ڵاو بكه‌م
ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، "له هه‌نگاو و كاره‌كانم، به پله یه‌ك ماڵه‌وه هه‌میشه پاڵپشتم بوون، زۆرجاریش خۆم پشتگیریی خۆمم كردووه، هه‌ر ئه‌وه‌شه وای كردووه به‌رده‌وام بم، خه‌ڵك كاره‌كانی منیان زۆر به دڵه و زۆرجاریش له ژووری خوێندنی زانكۆكاندا وه‌ك نموونه هێنراومه‌ته‌وه، سوپاسیان ده‌كه‌م".
عه‌بدولباری جگه له‌م كاره كاری خۆشنووسی ده‌كات، پێوه‌ندی كاره‌كه‌ی به خۆشنووسی چۆن ده‌بینێت و چۆن تێكه‌ڵیان ده‌كات؟ ڕای گه‌یاند، "پێوه‌ندییه‌كه‌یان زۆر دووره، به‌ڵام خۆم تێكه‌ڵم كردووه‌ته‌وه، قه‌ڵه‌مێكم دروست كردووه و ڤیدیۆكه‌یشم داناوه كه له‌سه‌ر هه‌موو شتێك ده‌توانی بینووسی ته‌نیا ئاسن و شووشه نه‌بێ، جا ئه‌وه‌ی خۆشنووس بێ شتی جوانی پێ ده‌كات و بیرۆكه‌ی جوانی بۆ دێ بۆ نووسینی شته‌كان، له داهاتوو له پڕۆژه‌مدایه خۆشنووسی و ته‌كنه‌لۆجیا تێكه‌ڵاو بكه‌م و شتی ناوازه‌ش له خه‌یاڵمدایه".
"له ئاینده‌دا پلانم هه‌یه بۆ دامه‌زراندنی كۆمپانیایه‌ك له ژێر ناوی Maxwell Bary كه تایبه‌ت بێ به ته‌كنه‌لۆجیا و ئه‌لیكترۆنی و شتی تر، تا ئێسته كاره‌كه‌م نه‌بووه‌ته بژێوی ژیانم، به‌ڵام له داهاتوودا به دڵنیاییه‌وه ئه‌وه ده‌كه‌م، ئه‌وه‌ی زیاتر منی خسته‌سه‌ر ئه‌م كاره، حه‌ز بوو نه‌ك بژێوی ژیان" باری وای گوت.
عبدولباری عبدولخالق /23 ساڵ/ قوتابیی زانكۆیه و له زانكۆی زانسته ئیسلامییه‌كانی هه‌ولێر ده‌خوێنێت، زیاتر ئاره‌زووی ئه‌ندازیاری میكاترونیك ده‌كات، بڕیاریشه دوای ته‌واوبوونی به‌شه‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه و به‌شی ئه‌ندازیاری میكاترونیك بخوێنێت.