دوای ئه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا جارێكی تر له هه‌رێمی كوردستان ڕووی له گه‌شه‌سه‌ندن كرده‌وه، له گه‌رمیان، په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی كه‌لار ده‌ستی كردووه به به‌رهه‌مهێنانی ماده‌ی ڤی تی ئێم و زانكۆی گه‌رمیانیش پشكنینی تایبه‌ت به ڤایرۆسی كۆرۆنا ئه‌نجام ده‌دات، ئه‌مه‌یش به هه‌نگاوێكی دڵخۆشكه‌ر داده‌نرێ كه زانكۆ و په‌یمانگه‌كان بێنه ڕیزی كارمه‌ندانی ته‌ندروستی بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان.
د.چیا محه‌مه‌د ڕاگری په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی كه‌لار بۆ "وشه" گوتی، له دوو مانگی ڕابردوو كه حاڵه‌ته‌كانی سه‌ره‌تایی كۆرۆنا له هه‌رێمی كوردستان تۆماركران، ده‌ستمان به به‌رهه‌مهێنانی ماده‌ی ڤی تی ئێم كردووه، توانیمان بۆ ئه‌نجامدانی دوو هه‌زار پشكنینی هاووڵاتییان ئه‌و ماده‌یه به‌رهه‌م بهێنین و ڕاده‌ستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی گه‌رمیان و ده‌ربه‌ندیخانمان كرد.
زیاتر گوتی، پاش ده‌ركه‌وتنی شه‌پۆلی دووه‌می كۆرۆنا، هه‌ستمانكرد ئه‌و ماده‌یه له نه‌خۆشخانه‌كان كه‌م بووه‌ته‌وه، بۆیه له دوێنێوه به‌شی هه‌زار پشكنینی تر ئه‌و ماده‌یه‌مان به‌رهه‌م هێناوه، ڕاده‌ستی نه‌خۆشخانه‌ی گشتی كه‌لارمان كرد.
ئه‌م هه‌نگاوه یارمه‌تییه‌كی باش ده‌بێ بۆ پزیشك و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی
له‌لایه‌كی تره‌وه د.فه‌رهاد قادر سه‌رۆكی زانكۆی گه‌رمیان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ده‌ستمان كردووه به ئه‌نجامدانی پشكنینی كۆرۆنا له زانكۆی گه‌رمیان، هه‌ماهه‌نگین له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی گه‌رمیان و شه‌ش دكتۆری زانكۆكه‌مان ده‌بنه هاوكاری پزیشكانی تری سه‌ر به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ته‌ندروستی گه‌رمیان و پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ خه‌ڵك ده‌كه‌ن.
به گوێره‌ی ئاماره‌كان تا ئێسته له سنووری یه‌كه‌ی كارگێڕی گه‌رمیان 119 حاڵه‌تی ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوه و 18 كه‌سیان چاكبوونه‌ته‌وه و ئه‌وانی تریش له ژێر چاودێری پزیشك و له كه‌ره‌نتین ماونه‌ته‌وه و ته‌نیا یه‌ك حاڵه‌تی مردنیش به‌هۆی ئه‌و په‌تایه له ده‌ڤه‌ره‌كه تۆماركراوه.
گه‌رمیان/سه‌بری هۆرینی.