"یەكێتی لەوەتەی هەیە لە حكوومەتە و ناكرێت وەك ئۆپۆزسیۆن مامەڵە بكات"

:: PM:08:19:14/06/2020 ‌

دوای چەندان تەنگژەی تێكهەڵكێش كە رووبەڕووی دنیا بووەتەوە و میراتی كەلەكەبووی چەندان كابینەی دوای یەك، كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەنگاوی جێگیر و بوێرانە بەرەو جێبەجێكردنی چاكسازی دەچێت، ئەوەش وای كردووە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ بەربەستی بۆ دروست بكرێت، شارەزایان دەڵێن، یەكێتی لەوەتەی هەیە لە حكوومەتە و ناكرێت خۆی لە بەرپرسیارەتییەكە بدزێتەوە.  
یەكێتی بەدەست ناڕێكی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت
مامۆستایان و شارەزایانی یاسایی باس لەوە دەكەن، ئەوەی ئێستە یەكێتی دەیكات لە بارەی حكوومەت و خۆ بەدوورگرتن لە هەوڵی چارەسەركردنی تەنگژەكانی هەرێم و رێكخستنەوەی دۆخەكە و گەڕاندنەوەی هۆكاری تەنگژەكان بۆ حكوومەت و پارتی، خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیاریەتی، چونكە ئەوان هاوبەشن لە حكوومەت.

ئەمڕۆ یەكشەم، 14ی حوزەیران، نەزیرە جاف، پارێزەری راوێژكار بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، دوو حزبی هەڵقوڵاوی ناو خەڵكن، یەكێتی لەوەتەی هەیە بەشداری حكوومەتە، بەڵام ئێستە وەك ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەكات و خۆی لە بەرپرسیاریەتی دەدزێتەوە.

زیاتر گوتی، ئێستە هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی خراپ تێپەڕ دەبێت، بۆیە پێویست بوو یەكێتی باشترین هاوكاری حكوومەتی بكردایە، تا نەگاتە ئاستی شێوانی دۆخی كۆمەڵایەتی، چونكە هاووڵاتی سەیری دەمی حزبەكان دەكات، كەچی ئێستە یەكێتی بەمشێوەیە مامەڵە دەكات.

ئەو پارێزەرە روونی كردەوە، كاتێك یەكێتی بەمشێوەیە مامەڵە دەكات، هۆكارەكەی ئەوەیە كە ناڕێكی لە ناوخۆ و ریزەكانی ئەو حزبە هەیە، بەڵام چونكە خودی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتە لە پشكی یەكێتی، پێویستە یەكێتی واز لەو كارانە بێنێت.

لای خۆیەوە عومەر ئەحمەد، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانكۆی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، دەبێت هەمووان بەرپرسیاریەتی ئەو دۆخەی ئێستە هەڵبگرن، بەتایبەتی یەكێتی، كە لە جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵاتدایە، نەك خۆی دوورەپەرێز بگرێت، پارتی و یەكێتی بەرپرسیاری یەكەمن، بەڵام یەكێتی ئێستە خۆی بەدوور دەگرێت.

روونی كردەوە، ئەوەی ئێستە یەكێتی دەیكات، بۆی ناچێتە سەر، چونكە میلەت زۆر لەوە هۆشیارترە كە لەوە تێنەگات، یەكێتیش بەرپرسیارە لەو دۆخەی هاتووەتە ئاراوە و ئەو نەهامەتیانەی بۆ خەڵك ماوەتەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل