"هەوڵی بردنی مووچە بۆ سەر بەغدا سوودی نییە و تەنیا بۆ راگەیاندنە"

:: PM:10:38:14/06/2020 ‌

پەرلەمانتار و سیاسەتوانان باس لەوە دەكەن كە هەوڵی ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد بۆ گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا، هەوڵێكی شكستخواردووە و سەركەوتوو نابێت، چونكە تەواوی كار و بەرنامە و پرسەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، لە رێگەی حكوومەتی هەردوولاوە دەبێت.
حكوومەتی عێراق دەزانێت لەگەڵ كێ مامەڵە دەكات
مەحموود عوسمان، سیاسەتوانی دیاری كورد بە "وشە"ی راگەیاند، هەوڵی ئەو پەرلەمانتارە زۆر بێهوودەیە و تەنیا خۆیان ماندوو و سەغڵەت دەكەن، بگرە حكوومەتی عێراقیش گوێیان لێ ناگرێت، بۆیە هیچ سوودی نابێت و حكوومەتی عێراقیش خۆی دەزانێت لەگەڵ كێ مامەڵە دەكات و كێ پێوەندیدارە بەو بابەتە.

زیاتر گوتی، بۆ هەر پرس و بابەتێك، هەرێم و بەغدا لە رێگەی حكوومەتەوە قسە و گفتوگۆ دەكەن، ئەوانە هیچ گرنگییان نییە، ئەو پەرلەمانتارانە لە بنەڕەتدا دژی هەرێمی كوردستانن و چەندین ساڵە بەمشێوەیە هەوڵ دەدەن، بەڵام سوودی نابێت.

عوسمان دووپاتی كردەوە، لە هەموو جیهان ئاوایە كەسانێك دژی حكوومەت دەوەستنەوە، دوو یان سێ كەس ناتوانن كاریگەری و زاڵبوونی خۆیان بەسەر حكوومەتێك رابگەیەنن، بۆیە ئەو جۆرە هەوڵانە تەنیا لە چوارچێوەی راگەیاندن دەبێت.

بەختیار كەریم، گوتەبێژ و ئەندامی سەركردایەتی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، هەرێمی كوردستان خۆی خاوەنی حكوومەت و پەرلەمان و دەستووری خۆیەتی، هەر جۆرە مامەڵەیەك لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت لە لایەن بەغداوە، لە رێگەی ئەو دامەزراوە و سەرۆكایەتییانەی هەرێمەوە دەبێت.

زیاتر گوتی، ئەو جۆرە هەوڵانە هیچ سوودیان نابێت، وەستانەوەی ئەو پەرلەمانتارانە دژی هەرێمی كوردستان و حكوومەتێك كە چەندین ساڵە لە پێناویدا كار كراوە و خوێن دراوە، هیچ سوودی نابێت و جێگە ناگرێت.

روونی كردەوە، هەوڵی ئەو پەرلەمانتارانە و ئەوانەیشی كە لە رابردوو بەمشێوەیە كاریان كردووە، هەوڵیان داوە دژی حكوومەت و هەرێمی كوردستانیش كار بكەن.

لای خۆیەوە مەیادە محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو پەرلەمانتارانەی كە لە پەنجەی دەست زیاتر نین و كاریان بووەتە دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان و حكوومەتەكەی، ئەوانە بە دەنگی هاووڵاتییان هەرێمی كوردستان رۆیشتوون و بووین بە پەرلەمانتار، كەچی لەوێ دژایەتی دەكەن.

دووپاتی كردەوە، ئەوانە دەیانەوێ ئەو قەوارە دەستورییەی كە لە دەستوور ئاماژەی پێ دراوە، دەیانەوێ ئەو قەوارەیە لەناو ببەن و مافەكانی كەم بكەنەوە، بەڵام ئەوانە خەیاڵیان خاوە، چونكە ئەوە بەوان ناكرێت.

باسی لەوەیش كرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا گەیشتووەتە ئەمڕۆ، بە دەیان هەزار شەهیدی داواە و بە هەزاران گوند وێران بوون و خوێن لەپێناویدا رژاوە، ئەنفال و كیمیاباران بەرانبەرمان كراوە، بۆیە هەوڵی ئەو پەرلەمانتارانە ئیفلیجە و بە ئیفلیجیش دەمێنێتەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل