دوبز.. هەڵمەتێكی نوێی تەعریب دەست پێ دەكات

:: PM:09:49:16/06/2020 ‌

 گەڕانەوەی عەرەبە دەشتەكییەكانی باشوور بۆ ناوچەی پەلكانەی سنووری شارۆكەی دوبزی سەر بە پارێزگای كەركووك بەردەوامە و زەنگێكی تری مەترسیدارە، كە پاش سێ ساڵ لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر سەر هەڵدەداتەوە.
دەیان خێزانی عەرەب گەڕاونەتەوە سنووری پەلكانە
 جەواد محەمەد، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی دوبزی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، پاش سێ ساڵ لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، لە تازەترین هەوڵی تەعریبكردنەوەی ناوچەكانی سنووری شارۆكەی دوبز، دەیان خێزانی عەرەبی دەشتەكی گەڕاونەتەوە بۆ سنووری ناوچەی پەلكانەی نزیك بە دوبز.

زیاتر گوتی، پێشتر هەندێك عەرەبی هاوردە گەڕابوونەوە بۆ ناوچەكە و زەویوزاری جووتیارانی كوردیان داگیر كرد، بەڵام ئەم عەرەبانە لە باشووری عێراقەوە جارێكی تر هاتوونەتەوە، پاش ئەوەی لە 2003 ناوچەی پەلكانەیان جێهێشتبوو.

 ئەو بەرپرسەی پارتی رای گەیاند، ئەوان پێشتر سەردانی ناوچەكەیان كردووە و بەر لە چەند رۆژێك دڵنیابوونەوتەوە لە چۆڵكردنی گوندەكانی سنووری دوبز و پەلكانە، پاشتر گەڕاونەتەوە.

 لای خۆیەوە ریبَوار ئەحمەد، یەكێك لە جووتیارانی سنووری دوبز، بۆ "وشە" گوتی، عەرەبەكان بەناوی پاراستنی ناوچەكەیان لە داعش چەكدار كراون و دەیانەوێ هەموو ئامانجێكی خۆیان بێننە دی.

سەبارەت بەو بابەتە ئەحمەد خورشید، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی حەویجە، بۆ "وشە"پێداگری لەسەر ئەوە كرد، رۆژ بە رۆژ عەرەبی هاوردە لە ناوچەكانی سنووری كەركووك زیاتر پێگەی خۆیان بەهێز دەكەن، تاكە هۆكاریش لاوازبوونی دەسەڵاتی كورد و نەمانی پێشمەرگەیە لەو ناوچانە.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل