وه‌ڵامى عێراق بۆ هێرشه‌كانى توركیا شه‌رمنانه‌ و نادیپلۆماسى بوو

:: AM:11:52:18/06/2020 ‌
په‌رله‌مانتارێكى عێراقى ره‌خنه‌ له‌ هه‌ڵوێستى عێراق له‌ به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانى توركيا ده‌گرێت و ده‌ڵێ، وه‌ڵامى عێراق بۆ هێرشه‌كانى توركیا شه‌رمنانه‌ و نادیپلۆماسى بوو.

مه‌سنوور بعێجى په‌رله‌مانتارى عێراق له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ ده‌قه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 18ى حوزه‌یران له‌ ماڵپه‌ڕى سۆمه‌رییه‌ نیوز دابه‌زیوه‌، هێرشى كردووه‌ته‌ سه‌ر حكوومه‌تى عێراق له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى كه‌ له‌ به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانى ئه‌مدواییه‌ی توركیا نواندوویه‌تى.

له‌سه‌ر لاوازیى هه‌ڵوێسته‌كانى حكوومه‌تى عێراق رووبه‌ڕووى ره‌خنه‌ ده‌بێته‌وه‌

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ ده‌ڵێ، "وه‌ڵامى حكوومه‌ت له‌ به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانى توركیا زۆر شه‌رمن بووه‌، كه‌م دیپلۆماسى بووه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌و كاره‌ ناگونجێ كه‌ توركیا كردوویه‌تى".


په‌رله‌مانتاره‌كه‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، هێرشى به‌رده‌وامى توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بابه‌تێكى ترسناكه‌.

له‌م هه‌فته‌یه‌دا توركیا به‌ بیانووى هێرشكردنه‌ سه‌ر پێگه‌كانى په‌كه‌كه‌ دوو جار هێرشى كردووه‌ته‌ سه‌ر ناوچه‌ سنوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌مه‌یش یه‌كه‌م جار نییه‌ توركیا ئه‌م كاره‌ ده‌كات، به‌ڵكو چه‌ند ساڵێكه‌ توركیا و ئێران ده‌ستدرێژی ده‌كه‌نه‌ سه‌ر خاكی كوردستان و بۆرمانی ده‌كه‌ن، ده‌یان هاووڵاتیی سڤیل ده‌كوژن و له‌ناو وڵاته‌كانیشیان كورد ده‌چه‌وسێننه‌وه‌. پرسی سنوور و ئاسمانیش كه‌ له‌ عێراقدا ناوه‌ندییه‌، حكوومه‌ته‌كه‌ی بێده‌نگی هه‌ڵبژاردووه‌ یان هه‌ڵوێستی شه‌رمنانه‌ ده‌نوێنێ.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل