ریسایکلینەکەی سلێمانی کەوتەکار

:: PM:08:20:19/06/2020 ‌
بەرپرسی بەشی خزمەتگوزارییەکان لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، کاریگەی ڕیسایکلینی سلێمانی لەمڕۆوە دەستی بە ئیشکردن کردووە بەشێوەی تێست و ڕۆژانە 200 تۆن خاشاک لە ئێمە وەردەگرن.

ئەمڕۆ هەینی 19ی حوزەیران، نزار جەلال بەرپرسی خزمەتگوزارییەکان لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، کارگەی ڕیسایکلینەکە ئێسته‌ بەشێوەی تێست دەستی کردووە بە ئیشکردن و ڕۆژانە 200 تۆن خاشاک لە ئێمە وەردەگرن و کاری لەسەر دەکەن.

زیاتر گوتى، ئەم ماوەیە سەرەت بەشێوەی تاقیکردنەوە کار دەکات، ئەو بڕە خاشاکەی کە لە ئێمە وەردەگرن ئیشی لەسەر دەکەن و پشکنین بۆ ئەو ئیشە دەکەن لەو بڕە خاشاکەی کە کاری لەسەر دەکەن.

ڕوونى كرده‌وه‌، تێست بۆ ئەو پاشەڕۆیانە دەکەن کە کاری تێدا دەکەن، لە پاشەڕۆی وزە و کاغەز و پاشماوەکانی تر دوای ئەوە دەست بە ئیشکردنی و ڕۆژانە بڕی خۆڵ و خاشاکی کۆکراوە لە ئێمە وەردەگرن.

شاری سلێمانی ڕۆژانە هەزار و 200 تۆن خۆڵ و خاشاکی هەیە و لە ڕۆژی بۆنەکاندا دەگاتە هەزار و 500 تۆن و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو تا ئێسته‌ لە ناوچەی تانجەڕۆ فرێدراوە و ساڵانەیش شوێنەکە چەندان جار ئاگر دەگرێت و کێشە دروست دەکات، بڕی 18 دۆلار بۆ هەر تەنێک وەردەگیرێت لە بەرانبەر ڕیسایکلینی خۆڵ.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - محەمەد میران