نەخۆشخانەی ڕزگاری ئاگادارییەک بڵاو دەکاتەوە

:: AM:09:26:20/06/2020 ‌
نەخۆشخانەی ڕزگاریی هەولێر هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە، ئێستە دەتوانن بۆ تیشكی ڕەنین MRI سەردانی نەخۆشخانە بکەن.

ئێستە دەتوانن سەردانی نەخۆشخانە بۆ بەشی تیشكی ڕەنین (M R I) بکەن
نەخۆشخانەی ڕزگاریی حکوومیی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە، ئێستە دەتوانن سەردانی نەخۆشخانە بۆ بەشی تیشكی ڕەنین (M R I) بکەن كە جارێكی تر لە بەیانیان و ئێواران دەكرێتەوە.

ڕوون كراوەتەوە، ئەو نەخۆشانەی نۆرەیان هەیە، دەتوانن لەكاتی نۆرەی خۆیان سەردان بكەن، ئەوانەشی نۆرەیان ڕۆیشتووە دەتوانن نۆرەیەكی نوێ وەربگرنەوە.

باس لەوەش كراوە، ئەوانەی دەیانەوێت ئێواران ئەم تیشكە بگرن، لە دوای سەعات دووی دوای نیوەڕۆ دەتوانن بەبێ نۆرە سەردان بكەن، جگە لە ڕۆژانی  شەموو و هەینی.

تیشكی MRI لە نەخۆشخانە ناحكوومییەكان بە نرخێكی زۆر بۆ هاووڵاتییان دەگیرێت لە 70 هەزار دینار دەست پێ‌ دەكات تا نزیكەی 330 هەزار دینار و بەپێی جۆری تیشكەكە دەگۆڕێت، كەچی لە نەخۆشخانە حكوومییەكان بە پارەیەكی ڕەمزی ئەو تیشكە ئەنجام دەدرێت.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و گواستنەوەی چەندان نەخۆش بۆ ئەو نەخۆشخانەیە، بەشێكی زۆری كارەكان وەستابوون.



وشە - رامیار جەواد