لە هەرێمی کوردستان كڕین و فرۆشتن بە پلازمای خوێن دەکرێت

:: PM:01:15:20/06/2020 ‌
كڕین و فرۆشتن بە پلازمای خوێنی ئەو كەسانەی تووشی كۆرنا بوون و چاك بوونەتەوە دەستی پێ‌ كردووە، کارەکەیان بە تاوان هەژمار دەکرێت.

ماوەی چەند ڕۆژێكە "وشە" ئاگەدارە لە چەند شوێنێك لە هەرێمی كوردستان بەشێك لەو تووشبووانەی تووشی كۆرۆنا بوونە و چاك بوونەتەوە، كڕین و فرۆشتن بە پلازمای خوێن دەكەن بۆ تووشبووان و بەپێی ڕێككەوتن لەگەڵ كەسوكاری تووشبووی نوێ‌.

هەر بازرگانییەك بە خوێن و پلازمای خوێنەوە بكرێت، بە تاوان ئەژمار دەكرێت و قەدەغەیە
لە ڕاگەیەنراوێكی ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای سلێمانیشدا هاتووە، هەر بازرگانییەك بە خوێن و پلازمای خوێنەوە بكرێت، بە تاوان ئەژمار دەكرێت و قەدەغەیە، لە هەمان كاتدا داوا لەو كەسانە دەكەن کە لەم پەتایە چاك بوونەتەوە و توانای بەخشینی خوێنیان هەیە، وەك ئەركێكی مرۆیی و ویژدانییەكی نیشتمانییانە، خوێن ببەخشن.

باس لەوەش كراوە، ئەو خوێنە ببەخشنە ناوەندەكانی وەرگرتنی خوێن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستی سلێمانی، ڕۆڵی مەردانەی خۆیان لە ژیانەوەی هاونیشتمانییەكانیاندا ببینن.

ئەو ڕاگەیەنراوەی ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای سلێمانی لە كاتێكدایە، دەنگۆی فرۆشتنی پلازمای خوێن هەیە و لە چەند شوێنێكیش ئەو كارە كراوە.



وشە - رامیار جەواد