لە یەك ساڵدا نۆ ملیۆن كەس ئاوارە بوون

:: PM:02:18:20/06/2020 ‌
ئەمڕۆ شەموو 20ی حوزەیران بە رۆژی جیهانیی پەنابەران ناسراوە و دواین ئاماری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئەوە دەردەخات، ژمارەی ئاوارەكان و پەناخوازەكان بە خێرایی لە هەڵكشاندایە و تەنیا لە ساڵی 2019دا سەرووی نۆ ملیۆن كەس لە زێدی خۆیان ئاوارە بوون.

لە ڕاپۆرتێكی كۆمسیۆنی باڵای رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كە وێنەیەكی تایبەت بۆ "وشە" هاتووە، دابەزینێكی بەرچاو لە ژمارەی پەنابەرانە دەردەخات كە هیوایان بەوە هەیە هەرچی زووترە كۆتایی بە گیروگرفتەكانیان بێت. 

بەپێی دواین راپۆرتەكان دەركەوتووە، رووداوە نەخوازراوەكان كاریگەری خستووەتە سەر زیاتر لە یەك لە سەدی كۆی دانیشتووانی زەوی و زۆربەی ئەوانەی لە زێدی خۆیان ئاوارە دەبن ناتوانن بۆ زێدی خۆیان بگەڕێنەوە.

لە دەیەی 1990دا، هەر ساڵێك بە تێكڕا یەك ملیۆن و 500 هەزار كەس پەناخواز توانای ئەوەیان هەبوو بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان. بە درێژایی دەیەی ڕابردوو، ئەم ژمارەیە دابەزی بۆ دەوروبەری 390 هەزار، ئەمەیش بەو واتایە دێت كە ئەمڕۆكە پەرەسەندنی ئاوارەبوون زۆر زیاترە لە چارەسەرەكان.

79 ملیۆن و 500 هەزار كەس ئاوارە بوون.
هەر بەپێی نوێترین ئاماری رێكخراوەكە كە تا كۆتایی ساڵی 2019 كۆ كراوەتەوە، دەركەوتووە  بەگشتی 79 ملیۆن و 500 هەزار كەس ئاوارە بوون. كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران (UNHCR) بەرزتر لەم ژمارەیەی بەرچاو نەكەوتووە.

فلیپۆ گراندی ئەندامی كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران گوتی، "ئێمە شایەتحاڵی واقیعێكی گۆڕاوین كە تێیدا ئاوارەبوونی ناچاری لەم ڕۆژانەی ئێستەماندا نەك تەنیا زۆر بەربڵاوترە لە جاران، بەڵكو چیتر دیاردەیەكی كورتخایەن و كاتییش نییە." 

ئەو پێی وایە ناكرێ چاوەڕوانی ئەوە لە خەڵكی بكرێت كە چەندان ساڵ لە دۆخێكی نائارام و پەشێودا ژیان ببەنە سەر، بەبێ ئەوەی هیچ هەلێك هەبێت بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان، بەبێ هیچ هیوایەك بۆ بنیاتنانی ئایندەیەك لەو شوێنەی كە تێیدان. 

گراندی بە پێویستیشی دەزانێت  تێڕوانینێكی نوێ و قبووڵكراوی بنەڕەتییان هەبێت بۆ هەموو ئەو كەسانەی لە زێدی خۆیان هەڵدێن، لەگەڵ هەوڵێكی پتەوتر بۆ نەهێشتنی ئەو ناكۆكی و پێكدادانانەی كە چەندان ساڵە بەردەوامە و ڕەگوڕیشەی ئەم مەینەتییە لە بننەهاتووەیە.
چوار ملیۆن و 200 هەزار كەس لەو ئاوارانە ئەو كەسانەن كە چاوەڕوانی ئەنجامی داخوازینامەی پەنابەرێتین

هە بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕەوتی جیهانیی كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران، لەو نزیكەی 80 ملیۆن كەسەی كە لە كۆتایی ساڵی ڕابردوودا ئاوارە بوون، 45 ملیۆن و 700 هەزاریان ئەو كەسانە بوون كە هەڵاتبوون بۆ ناوچەیەكی تر لە ناوخۆی وڵاتەكەیان. ئەوانەیشی كە ماوەتەوە كەسانێك بوون كە لە وڵاتانی ترەوە ئاوارە بووبوون.

 چوار ملیۆن و 200 هەزار كەس لەو  ئاوارانە ئەو كەسانەن كە چاوەڕوانی ئەنجامی داخوازینامەی پەنابەرێتین، لە كاتێكدا 29 ملیۆن و 600 هەزار كەسیان پەنابەرن و ئەوانی تریش كەسانێكن كە بەناچاری لە دەرەوەی وڵاتی خۆیاندا ئاوارە بوون.

لە كۆتایی ساڵی 2018 كۆی ژمارەی پەنابەران و ئاوارەكان بریتی بوو لە 70 ملیۆن و 800 هەزار كەس، ئەمەش دەری دەخات ژمارەكە لە یەك ساڵدا سەرووی نۆ ملیۆن زیادی كردووە و ئاماژەی مەترسیدارە لە زیاتر ئاوارەبوونی خەڵك لە دنیادا.

وڵاتانی كۆماری دیموكراسیی كۆنگۆ، ساحل، یەمەن و سووریا لەو وڵاتانەن كە زۆرترین ئاوارەیان هەبووە.

سووریا لەم رووەوە لە پلەی یەكەم دێت كە لە نۆیەمین ساڵی ناكۆكی و پێكدادانی ناوخۆییدایە و بە تەنیا هۆكاری ئاوارەیی و پەنابەرێتی زیاتر لە 13 ملیۆن كەسە و بەگشتی كۆی شەش یەكی دنیا دەگرێتەوە.

 80%ی ئاوارەكانی دنیا لەو وڵاتانە یان ناوچانەن كە لە ژێر كاریگەریی بارودۆخی خۆراكی نەپارێزراو و بەخۆراكییەكی سەخت و دژواردان.

لە هەر خولەكێكدا 20 كەس لە زێدی خۆیان ئاوارەی وڵاتێكی تر دەبن
زیاتر لە سێ چارەكی پەنابەرانی دنیا كەوتوونەتە بارودۆخێكی دژواری ئاوارەبوونی درێژخایەن. لە هەر خولەكێكدا 20 كەس لە زێدی خۆیان ئاوارەی وڵاتێكی تر دەبن و هەوڵ دەدەن دوور لە ئازار و جەنگ و تیرۆر و هەڕەشە بژین.

بەگشتی ئەوانەی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان بە هەر هۆكارێك جێدەهێڵن بەسەر چەند گرووپێكدا دابەش دەبن.

پەنابەران ئەوا كەسانەن بە هۆكاری سیاسی، ئازار و ئەشكەنجە و هەڵاواردنی رەگەزی، نەژادی و ئاینی روو لە وڵاتێكی تر دەكەن.

جۆرێكی تری ئاوارەكان بە پەناخواز ناسراون و كەسانێكن كە وڵاتی خۆیان بەجێهێشتووە، بەڵام هێشتا هیچ بەڵگەیەكیان نییە تا بەهۆیەوە داوای مافی پەنابەرێتی بكەن و دۆخەكەیان یەكلا نەكراوەتەوە.

جۆرێكی تری ئاوارە ئەو كەسانەن كە سنوورە نێودەوڵەتییەكانیان نەبڕیوە و لە ناو وڵاتی خۆیان ئاوارە بوون. جۆرێكی تریش ئەو كەسانەن كە رەگەزنامەی هیچ وڵاتێكیان نییە و لە سەرجەم مافە یاساییەكانی  خزمەتگوزاری پەروەردەیی، تەندروستی و هتد بێبەشن. گرووپێكی تریش ئەوانەن كە دوای ماوەیەك پەنابەرێتی بۆ وڵاتی خۆیان گەڕێنراونەتەوە و لە ژێر چاودێری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندان تا ژیانیان ئاسایی دەبێتەوە.

هەرێمی كوردستان مەڵبەندی داڵدەدانی سەدان هەزار ئاوارەی ناوخۆیی عێراق و سووریا و وڵاتانی دراوسێ بووە.
پێویستە ئاماژە بەو راستییەش بكرێ لە دەیەی رابردوودا هەرێمی كوردستان مەڵبەندی داڵدەدانی سەدان هەزار ئاوارەی ناوخۆیی عێراق و سووریا و وڵاتانی دراوسێ بووە. سەردەمێك لە پارێزگایەكی وەك دهۆك ژمارەی ئاوارەكان لە دانیشتووانی پارێزگاكە زیاتر بوون. هەرچەندە تا ئاستێك ئاساییبوونەوەی دۆخی عێراق كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی ئاوارەكان هەبووە، بەڵام هێشتا بە سەدان هەزار ئاوارە لە كوردستان دەژین كە بەشی زۆریان هیی ناوخۆی عێراق و بەشێكیان هی سووریا و پارچەكانی تری كوردستانن.




وشە - سلێمان تاشان