سەروەریی عێراق لەنێوان تۆپخانەكانی ئێران و توركیا و مووشكبارانی میلیشیاكاندا

:: PM:05:36:20/06/2020 ‌

حكوومەتی مستەفا كازمی دوای زیاتر لە پێنج مانگ لە ململانێی هێزە سیاسییەكانی عێراق، لە 7ی ئایاری رابردوو هاتە دامەزراندن، ئەو چەندان بەڵێنی داوە لە ساڵێك یان زیاتری تەمەنی حكوومەتە كاتییەكەی جێبەجێیان بكات، لە ماوەی رابردوو كازمی رووبەڕووی دوو گەورەترین تاقیكردنەوە هات كە تامی پەیامەكەی بۆ سعوودیە و گفتوگۆی ستراتیجیان لەگەڵ ئەمەریكا نەهێشت.
سەروەریی عێراق لە مەترسیدایە
لە ماوەی هەفتەی رابردوو چەند ئامانجێكی ئەمەریكا دووچاری مووشەكبارانی گرووپە نەناسراوەكان بوونەوە، جیا لەوەیش هەر لە هەفتەی رابردوو ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، پێنج جار لەلایەن هێزەكانی ئێران و توركیا بۆردمان كران، هەموو ئەوانە هەڵوێستی فەرمی حكوومەتی عێراق وەك هەرجارێك سەركۆنەكردنی پێشێلكردنی سەروەرییەكەیەتی، بێ ئەوەی كار بۆ بنبڕكردنی ئەو بۆردمانانە یان نەهێشتنی پاساوەكانیان بكات.

بەر لە چەند رۆژێك گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رای گەیاند كە توانوویانە ژمارەیەك لەوكەسانە بگرن كە مووشەكیان ئاراستەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا یان بنكەی سەربازییەكانی ئەمەریكی لە عێراق كردووە، بەڵام راگەیاندنەكە هیچ وردەكاری تیادا نەبوو، كازمی لە تویتێك ئاماژەی كرد، ئەو مووشكانە ئامانجیان هەڕەشەكردنە لە سەقامگیری و دواڕۆژی ئێمە و چاوپۆشیان لێ ناكەین، رێگە بە كەسانی یاسالادەر نادەین بە رفاندنی عێراق و نانەوەی پشێوی و دۆزینەوەی پاساو بۆ بەردەوامبوونیان لەو كارانە، بۆیە وەك بەڵێنمان بە گەل داوە، لە پاراستنی سەروەریی عێراق و بەرزراگرتنی شكۆی وڵات و هاووڵاتییان بەردەوام دەبین.  

ئەو قسانەی كازمی هاوكاتە لەگەڵ دووجۆر بۆردمان، تۆپخانەكانی ئێران و توركیا لە دەرەوەی سنوور بە پاساوی كردنەئامانجی ئۆپۆزسیۆنیان لە كورد لەسەر خاكی عێراق، مووشەكباران بە كاتیۆشا بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا، بە مەبەستی وەدەرنانی لەسەر خاكی عێراق، لەوكاتە ئێران و توركیا لە دەرەوە و میلیشیاكان لە ناوخۆی عێراق خەریكی رفاندنی سەروەری و بڕیاری عێراقن، كەچی عێراق تەنیا سەركۆنەی رووداوەكەی كرد لە رێگەی یاداشتی ناڕەزایی، لەناو ناڕەزایی هێزە سیاسییەكانی عێراق لەبارەی هەڵوێست وەرگرتن بەرانبەر ئەو دوو وڵاتە، كە ساڵانە زیاتر لە 22 ملیار دۆلاریان لە بازرگانی لەگەڵ عێراق دەست دەكەوێت.

ئەگەر ئەو شێوازەی هەڵوێست وەرگرتنەی عێراق لەلایەن ئێران و توركیاوە دانی پێدا نانرێت و حسێبی بۆ ناكرێت، ئەوەی لەبارەی میلیشیاكانەوە ئاسانتر نییە كە لایەك بە یاسالادەر لەقەڵەم دەدرێن و وا بڕیاری دەوڵەت دەڕفێنن، وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ دەكات، حەیدەر مولا، سیاسەتوانی عێراق لەوبارەوە دەڵێت، پێویستە سەرۆك وەزیران بە پەلە ئەوانە بگرێت كە مووشەكباران دەكەن، بۆ ئەوەی ببن بە پەند بۆ ئەوانیتر، كە كار بۆ لاوازكردنی دەسەڵات و دەوڵەت دەكەن.

زیاتر گوتی، عێراقییەكان لە ساڵانی جەنگ لە دژی تیرۆر بە هەموو ناونیشانەكانەوە خوێنیان رژا، هەر لە دامەزراوەكانی سوپا و پۆلیس و حەشد و دژەتیرۆر و پۆلیسی فیدراڵ، بۆیە ناكرێت رێگە بەوانە بدرێت ئەو دەستكەوتانە لە رێگەی چەتەكانەوە بۆ بەرژەوەندی تەسك بۆخۆیان برفێنن.

لای خۆیەوە د ئیحسان شمەری، سەرۆكی ناوەندی هزری سیاسی لە عێراق گوتی، ئەو تویتەی كە تیایدا كازمی دووپاتی لە رێگەنەدان بە رفاندنی دەوڵەت كردەوە، دەكرێت بە پەیامێكی دابنێین بۆ ئەوانەی دەستدرێژی دەكەنە سەر دەوڵەت و دۆخی تەناهی دەشێوێنن، روونی كردەوە، ئەو تویتە لە چوارچێوەی هەنگاوەكانی كە لە بەرنامەی حكوومەت و بەڵێنەكانی بە هێشتنەوەی چەك تەنیا بە دەستی دەوڵەت وەك كارێكی لەپێشینە دێت.

شمەری روونی كردەوە، كازمی هەستی بەوە كردووە كە ئەو هێز و چەكە هاوتایە بۆ دەوڵەت خەریكە دەبێتە مەترسییەك، نەوەك تەنیا لەسەر ئاستی گفتوگۆی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریكا، بەڵكو بۆ داهاتوویش، چونكە دەكرێت ئەو چەكە بۆ مەبەستی زیاتر بەكاربهێنرێت، بۆیە بەردەوامی ئەو مووشەكبارانە و هاوكاتی لەگەڵ بۆردمانەكانی ئێران و توركیا، هاوكات دۆخەكە بەگشتی كەمكردنەوەی شكۆی دەوڵەتە، بەشێوەیەك پرسی سەروەریی عێراق لە مەترسیدایە.

لای خۆیەوە نەجم قەساب، توێژەری سیاسی و تەناهی روونی كردەوە، ئەو گرووپانەی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا دەكەنە ئامانج، هەوڵی شەرمەزاركردنی كازمی لەبەردەم رای گشتی ناوخۆیی و دەرەكی دەدەن، ئەوەیش دوای ئەوەی توانی چەند فەرماندەیەكی سەربازی و تەناهی نزیك لەوان بگۆڕێت، بۆیە ئەوان ترسێكی راستەقینەیان هەیە بەوەی كازمی بە ئاراستەی هێشتنەوەی چەك بەدەستی دەوڵەت بچێت، هەروەها كار بۆ داخستنی سەربازگە و كۆگەی چەكیان لەناو شارەكان بكات و دەست بە هەڵمەتی گرتنی چەند كەسێكیان بكات بە تۆمەتی گەندەڵی.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل