بەغدا.. سەرۆكی هەرێم و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان كۆ بوونەوە

:: PM:09:16:20/06/2020 ‌

دوای گەیشتنی بۆ بەغدا بەمەبەستی تاوتوێكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی هەولێر و بەغدا، ئێوارەی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ خاتوو جینین پلاسخارت، نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و پێش ئەویش لەگەڵ محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە.
كوردستان ئامادەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەپێی دەستوور
لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ بلاسخارت، هەردوولا تیشكیان خستە سەر دۆخی سیاسی و ئابووریی عێراق و لێكەوتەكانی پەتای كۆرۆنا و دووپاتیان لە گرنگی هاوكاری و هاوئاهەنگی هەموو لایەنە عێراقییەكان بۆ تێپەڕاندنی تەنگژەكان كردەوە.

كێشەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ و هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنیان لەسەر بنەمای دەستوور، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو، نێچیرڤان بارزانی، دووپاتی لە ئامادەیی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ لە چوارچێوەی دەستووردا كردەوە و ئاماژەی بە گرنگیی رۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و چارەسەركردنی كێشەكان كرد.

ئەمە و پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، پێشوازی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد و كێشەكانی نێوان حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كران و تیشك خرایە سەر تەنگژەی دارایی و لێكەوتەكانی پەتای كۆرۆنا و چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی.

هەر لە دیدارەكە دووپات لە گرنگی هاوئاهەنگی هەمووان بۆ تێپەڕاندنی سەختییە هەنووكەییەكان و كاركردن بۆ تێپەڕاندنی دۆخەكە و چارەسەركردنی كێشەكان بەپێی دەستوور كرایەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل