پەرلەمانی كوردستان دەست بەكارەكانی دەكاتەوە

:: AM:08:16:21/06/2020 ‌
بڕیارە پەرلەمانی كوردستان دوای داخستنی چەندین ڕۆژ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و تووشبوونی چەند فەرمانبەرێك و پەرلەمانتارێك جارێكی تر دەست بەكارەكانی بكاتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ـی حوزەیران، سامان ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كردووە، دوای تۆماركردنی چەند حاڵەتێكی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا  لەناو پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكایەتی پەرلەمان بە پێویستی زانی بۆ سەلامەتی گشت پەرلەمانتار و فەرمانبەرانی پەرلەمان بۆ ماوەی  دوو هەفتە كارەكانی خۆی راگرێت.

ئەو كەسانەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دوای وەرگرتنی چارەسەر گەرانەوە ماڵی خۆیان و تەندروستیان زۆرباشە
بەرپرسی ڕاگەیاندی پەرلەمان دەڵێت، خۆشبەختانە  ئەو كەسانەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دوای وەرگرتنی چارەسەر گەرانەوە ماڵی خۆیان و تەندروستیان زۆرباشە.

باسی لەوەشكردووە، دوای دەست پێ‌ كردنەوەی كارەكان كاری لە پێشینەی پەرلەمان بریتی دەبێت لە باسكردنی دۆخی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان و دۆخی دارایی هەرێم و زۆری جموجۆلی داعش لە ناوچە كێشە لەسەرەكان و بابەتە هەنووكەییەكانی ناو هەرێمی كوردستان.

هەفتەی ڕابردوو بەهۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و تووشبوونی پەرلەمانتارێك و چەند فەرمانبەرێك كۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك فڕاكسیۆنەكان هەڵوەشایەوە و پشكنینی گشتییان بۆ كرا.



وشە - رامیار جەواد