ترەمپ: ئەگەر ئێران چاوەڕوانی دۆڕاندنم بكات باجێكی گەورە دەدات

:: PM:04:39:21/06/2020 ‌

گوشارەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران كاریگەریی پەتای كۆرۆنای پێوە دیارە، ئەو دەیویست بەر لە وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران ناچاری رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی بكات، بەڵام نەیتوانی، بۆیە ئێران وریا دەكاتەوە لەوەی ئەگەر چاوەڕوانی دوای هەڵبژاردنەكان بكات، باجێكی گەورەتر دەدات.
داوا لە ئێران كراوە چاوەڕوانی دۆڕاندنی ترەمپ بكات
ترەمپ لەبەردەم لایەنگرانی لە گردبوونەوەیەكی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی لە شاری تۆلسا لە ئۆكلاهۆما گوتی، ئەمەریكا دەتوانێت چاوەڕوان بێت، بەڵام ئەوكاتەی دەبمەوە سەرۆك، باجەكەی زۆر زیاتر دەدەن، لەوەی ئێستە رێككەوتنەكە ساز بكەن.  

ترەمپ باسی توانای خۆی بۆ سازكردنی رێككەوتن لەگەڵ وڵاتانی تر كرد و رەخنەی توندی لە باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشوو گرت بەوەی 150 ملیۆن دۆلاری بێ بەرانبەر بە ئێران بەخشیوە، وەك ئاماژەیەك بۆ رێككەوتنی 2015 كە بەهۆیەوە سزاكانی سەر ئێران هاتە سووككردن، ترەمپ رەخنەی لە ئۆباما گرت بەوەی لە 2016 پارەی بۆ ئێران رەوانە كردووە بەرانبەر ئازادكردنی چوار بارمتە، گوتی، ئەو 1.8 ملیار دۆلاری بە ئێران داوە.

ترەمپ هۆكاری ئەو دۆخە خراپەی ئێستەی ئێرانی بۆ خۆی گەڕاندەوە و گوتی، ئێستە ئەوان دۆخیان باش نییە و رۆژێك لە رۆژان هۆكارەكەی بۆ ئێمە دەگەڕێننەوە، ئاشكرای كرد، ئێران بەتوندی خوازیاری رێككەوتنە، بەڵام جۆن كیری و كەسانی تر رێنوێنیان كردووە بۆ دوای هەڵبژاردنی ئەمەریكا چاوەڕوان بكات.

ترەمپ دووپاتی كردەوە، ئەوان بە ئێرانیان گوتووە، چاوەڕوان بكەن، ئەگەر ترەمپ بیدۆڕێنێت، دەبنە خاوەنی ئەمەریكا، بۆیە سەرۆكی ئەمەریكا پەیامێكی ئاراستەی ئێران كرد بەوەی ئەمەریكا دەتوانێت چاوەڕوانی بكات، بەڵام كە لە هەڵبژاردن بردمەوە، باجێكی زۆر خراپتر دەدەن لەوەی ئێستە رێككەوتن بكەین. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل