ئەمەریكا چەكێكی نوێ لە عێراق و سووریا بەكاردێنێت

:: PM:09:34:21/06/2020 ‌

مووشەكی نینجا یان مووشەكی نهێنی، راپۆرتەكان وا وەسفی چەكێكی ئەمەریكیان كرد كە دەتوانێت بە وردییەكی زۆر ئامانجەكانی بپێكێت، بێ ئەوەی زیانی زیاتر بە دەوروبەری بدات، كە بەمدواییە لە كوشتنی دوو كەس لەسەر ماتۆرسكیل لە شاری باب لە پارێزگای حەلەبی سووریا بەكار هات.  
یەكێكە لە نوێترین چەكە نهێنییەكانی ئەمەریكا
یەكێك لەو دوو كوژراوە ناوی فایز عەكال ناسراو بە "ئەبو سەعد شمالی"یە كە والی داعش بووە لە رەقە، ئەوەیتر برایەكی بووە، ئەوان ناسنامەی ساختەیان هەڵگرتبوو، وەك راپۆرتێكی رۆژنامەی "جۆرزالیم پۆست"ی ئیسرایلی بڵاوی كردەوە.

ئەو كردە زۆر ورد بووە، بەشێوەیەك هیچ كەسێكی تر لە ناوچەكە بەر نەكەوتووە، كە بەهۆی مووشەكێكی جۆری " R9x"، ئەنجام دراوە، كە یەكێكە لە نوێترین چەكە نهێنییەكانی ئەمەریكا، بریتییە لە نموونەیەكی پەرەپێدراوی مووشەكی هێلفایەر و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان توانای هەڵگرتنی هەیە.

چوارەم جارە ئەو چەكە لە سووریا دێتە بەكارهێنان بۆ كردنەئامانجی كەسانی دیاریكراو و لە ماوەی ئەم مانگەیشەوە ئۆتۆمبیڵێك كرایە ئامانج، سەرەڕای ئەوەی ئەمەریكا بە فەرمی باسی ئەو بۆردمانانەی نەكرد، بەڵام چەند دیمەنێكی بۆردمانەكە لە تویتەر بڵاو كرایەوە، بەپێی رۆژنامەكە ئەمەریكا ئەو چەكە لە سووریا و عێراق بەكاردێنێت.

رۆژنامەكە دەڵێت، ئەو چەكە بریتییە لە مووشەكێك لەلایەن فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان هەڵگیراوە و لە بری كڵاوەی جەنگی، شەش شەفرەی شێوە چەقۆی (جینسۆ)ی گەورەی هەڵگرتووە، سەرەڕای بەكارهێنانی، بەڵام حكوومەتی ئەمەریكا لە سەردەمی باراك ئۆباماوە هەوڵی هێشتنەوەی بەنهێنی داوە، ئەو چەكە لە عێراق و سووریا و لیبیا و یەمەن و سۆماڵ بەكارهاتووە و بەوە ناسراوە نایەڵێت قوربانی لە ریزی هاووڵاتییان رووبدات، لەكاتی كردنەئامانجی كەسانێك خۆیان لەناو قەرەباڵغی حەشاردابێت.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل