ئیسماعیل ته‌ها
زمان به‌هێزترین فاكته‌ری نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌كانه، یان به واتایه‌كی تر ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی له‌ژێر ده‌ستی نه‌ته‌وه‌ی ترن، تا ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه زمانه‌كه‌ی مابێت به‌هێزی ماوه‌ته‌وه، هه‌ركات زمان و كولتووری كه‌وته مه‌ترسی، بوونی وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، ته‌نیا ده‌بێته ناو.
كوردی باشوور له زۆربه‌ی ناوچه‌كانی تر زیاتر دۆخی به‌هێزكردنی زمان و فه‌رهه‌نگی خۆی بۆ هه‌ڵكه‌وتووه، به‌تایبه‌ت له دوای راپه‌ڕین به‌ته‌واوه‌تی له‌رووی گه‌شه‌پێدانی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ستكراوه بوو، چونكه جۆرێك له سه‌ربه‌خۆیی بڕیاری هه‌بووه، هه‌روه‌ها خاوه‌نی چه‌ندین زانكۆ بووه، ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تێكی زۆر به‌هێز بوو بۆ خزمه‌تكردنی زمان و ئه‌ده‌بی خۆی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت وه‌ك پێویست كاری له‌سه‌ر نه‌كراوه، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه خه‌ریكه ورده ورده پشت له زمان و ئه‌ده‌ب و كولتووری كوردی ده‌كرێت، كولتووری ده‌ره‌كی زیاتر بره‌وی پێ ده‌درێت.
له سه‌ده‌ی رابردوو كورد كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی رۆشنبیری ده‌ركه‌وتن، خزمه‌تێكی زۆر به‌رچاوی زمان و ئه‌ده‌بی كوردیان كرد، به‌تایبه‌ت له‌ڕێی كۆڕی زانیاری كورد له به‌غدا خزمه‌تێكی به‌رچاوی زمانی كوردی كرا، كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی ئه‌كادیمی و رۆشنبیر، بوون به كۆڵه‌گه‌ی زمانی كوردی، به‌شێك له‌وانه له زانكۆكانی ده‌ره‌وه خوێندیان ته‌واوكردبوو، تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر خزمه‌تی زمان و ئه‌ده‌بی كوردیان كرد، دواتریش چه‌ند كه‌سایه‌تی تر دروست بوون، بۆ به‌رده‌وامیدان به‌خزمه‌تكردنی زمان و ئه‌ده‌بی كوردی، چه‌ندان دیوانی شاعیران و ده‌قی كۆنی ئه‌ده‌بی كوردی ساغ كرانه‌وه خرانه به‌رده‌ستی خوێنده‌وارانی كورد، به‌مه‌ش رۆژبه‌رۆژ خه‌رمانی زمانی كوردی له‌گه‌شه‌سه‌ندندا بوو، جگه له‌وانه‌ی باشوور به‌شێك له شاره‌زایه دیاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان و كورده‌كانی رووسیا له "كۆڕی زانیاری كورد" شانبه‌شانی كوردی باشوور خزمه‌تی زمانی كوردیان ده‌كرد و به‌رهه‌مه‌كانیان به شێوه زاری سۆرانی و بادینی له "كوڕی زانیاری كورد" بڵاو ده‌كرده‌وه.
ئه‌و نووسه‌رانه‌ی ساڵانی په‌نجا و شه‌سته‌كان و دواتریش ساڵی 1970 كه كۆڕی زانیاری دامه‌زرا، كه‌سانێكن خاوه‌نی ده‌یان به‌رهه‌می به‌پێزن له بواری زمان‌ناسی و بواره‌كانی تری ئه‌ده‌ب و فۆكلۆری كوردی.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسوڕمانه تا ئێسته زانكۆكانی كوردستان نه‌یانتوانیوه به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و نووسه‌رانه بخه‌نه چوارچێوه‌ی كوڕسهكانی خوێندن، نه‌ك هه‌ر نه‌كراوه، به‌ڵكو زۆرجار قوتابی به‌شی كوردی به‌سه‌رسوڕمانه‌وه له ناوی نووسه‌رێكی وه‌ك مه‌سعوود محه‌مه‌د ده‌پرسێت، كه ئایه ئه‌و نووسه‌ره كورده؟ كه‌سێك چوار ساڵ له به‌شی كوردی بخوێنێت نه‌زانێ مه‌سعوود محه‌مه‌د كورده ده‌بێ چیی خوێندبێت؟ ده‌یان جار ناوی جۆرج هانس گادامیر و چۆمسكی و شاره‌زایانی تری بواری زمانی خوێندووه، به‌ڵام زۆر به‌كه‌می ئاوڕ دراوه‌ته‌وه له ئه‌وره‌حمانی حاجی مارف و مه‌سعوود محه‌مه‌د و شێخ محه‌مه‌دی خاڵ و تۆفیق وه‌هبی و د.مارف خه‌زنه‌دار و ره‌فیق حیلمی و شكور مسته‌فا و شاره‌زاكانی تری بواری زمانی كوردی.
كاره‌كانی ئه‌و نووسه‌رانه له بواری زمانی كوردی هه‌ركامیان ئه‌وه ده‌هێنێت كه چه‌ندان كۆرس له بواری زمان و ئه‌ده‌ب و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له‌سه‌ر بخوێنرێت، ئه‌گه‌ر ئێمه كاری به‌شێك له‌وانه به‌نموونه وه‌ربگرین، كه‌سێكی وه‌ك د.مارف خه‌زنه‌دار خاوه‌نی كتێبی "مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی"یه، د.مارف ئه‌و كه‌لێنه‌ی به‌ته‌واوی بۆ كتێبخانه‌ی كوردی پڕكردووه‌ته‌وه.
ئه‌گه‌ر "مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی" د.مارف خه‌زنه‌دار نه‌بووایه كتێبخانه‌ی كوردی به‌ته‌واوی چۆڵ ده‌بوو له‌و بواره، چونكه كتێبه‌كه‌ی ئه‌و به گه‌وره‌ترین كتێب داده‌نرێت له‌و بواره، وه‌ك كتێبی "گبقات الشعرا‌و"یه له‌زمانی عه‌ره‌بی، هه‌رچه‌نده كتێبی "مێژووی وێژه‌ی كوردی" سه‌دیق بۆره‌كه‌یی هه‌یه، به‌ڵام له رووی رێك و پێكی و فراوانی زۆر له‌خوار كتێبه‌كه‌ی د.مارفه.
له‌بواری رێزمانی كوردی كاره‌كانی د. ئه‌وره‌حمانی حاجی مارف، به سه‌رمه‌شقی كاری رێزمانی كوردی داده‌نرێت، له هه‌موو بواره‌كانی رێزمانی كوردی.
له بواری زاراوه‌سازی مه‌سعوود محه‌مه‌د خاوه‌نی كتێبی" زاراوه‌سازی پێوانه" یه‌كێكه له كتێبه به‌هێزه‌كان.
له بواری شرۆڤه‌ی ده‌ق شه‌رحی نالی و مه‌حوی و مه‌وله‌وی مامۆستا عه‌بدولكه‌ریمی بیاره به سه‌رمه‌شقی ئه‌و بواره داده‌نرێت، ده‌كرێ قوتابیان له كۆرسه‌كانی خوێندن ئه‌و جۆره كتێبانه بخه‌نه چوارچێوه‌ی كۆرسه‌كانیان، ده‌بێته خزمه‌تێكی به‌رچاوی زمانی كوردی و خزمه‌تێكی زیاتر به‌زمانی كوردی ده‌كات.
له بواری فه‌رهه‌نگی زمانی كوردی كورد خاوه‌نی چه‌ند فه‌رهه‌نگێكی ناوداری زمانی كوردییه، "فه‌رهه‌نگی كوردستان" نووسینی گیو موكریانی، فه‌رهه‌نگی "خاڵ" نووسینی شێخ محه‌مه‌دی خاڵ، فه‌رهه‌نگی"هه‌مبانه بۆرینه" مام هه‌ژاری موكریانی كه سێ فه‌رهه‌نگی ناوداری كوردین.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ پێشتر هه‌ندێك فه‌رهه‌نگی كوردی عه‌ره‌بی سه‌ره‌تاییمان هه‌یه جێی خوێیهتی له ناوه‌نده‌كانی به‌شی كوردی گرنگی تایبه‌تیان پێ بدرێت، له‌وانه "نهوبههاربچیكا"ی ئه‌حمه‌دی خانی، دوای ئه‌و فه‌هه‌نگی عه‌ره‌بی كوردی "ئه‌حمه‌دی" شێخ مارفی نۆدێ. كه هه‌موو ئه‌وانه به‌شێكی گرنگی كولتووری كوردین.
هه‌ر له بواری فه‌رهه‌نگی زمانی كوردی زانایه‌كی فه‌ڵه‌ستینی له سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانی هه‌ڵساوه به دانانی كتێبێك به‌ناوی (الهدیه الحمیدیه فی اللغه الكردیه) رۆڵی قامووسى كوردی عه‌ره‌بی، ئه‌و كتێبه رۆڵی فه‌هه‌نگی بینیوه، ئه‌و كتێبه له ساڵی 1893 له ئه‌ستانه چاپ كراوه، ئه‌م كتێبه بووه به‌سه‌رچاوه‌یه‌كى زیندوو ، جارى دووه‌م له 1903 له قودس چاپ كراوه، جارى سێ یه‌م له ساڵی 1975 چاپێكى تازه‌ى بۆ كراوه، د.محه‌مه‌د موكرى پێشه‌كییه‌كى جوانی بۆ نووسیوه، له‌باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "د.یوسف چاو ا‌لدین پاشا الخالدى المقدسی" له بنه‌ماڵه‌یه‌كى ئاینی ناوداری فهڵستینى بووه، والى ناوچه‌ى (الموتكی) بووه له ویلایه‌تى به‌دلیسی كوردى، له‌وماوه‌یه هه‌ڵساوه به نووسینى ئه‌م قامووسه، ئه‌م قامووسه هه‌زاران وشه‌ى كوردى ره‌سه‌نى له‌خۆ گرتووه، ئه‌م كتێبه دواى چاپكردنى پێشوازییه‌كى گه‌وره‌ى به‌خۆیه‌وه دیوه.
كه‌سێكی تری وه‌ك د.محه‌مه‌د موكری كه یه‌كێك بووه له زانا به‌ناوبانگه‌كانی كورد خزمه‌تێكی زۆری زمانی كوردی كردووه به‌زمانی فڕه‌نسی، زۆربه‌ی كاره‌كانی به‌زمانی فڕه‌نسی نووسیوه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و ئه‌وكاره به‌رچاوانه‌ی پێشوو، ئێسته زمانی كوردی له‌بری به‌ره‌و ده‌وڵه‌مه‌ندی بچێت رۆژ له‌دوای رۆژ به‌ره‌و هه‌ژاری ده‌ڕوات، به‌شێك له‌وانه‌ی كه ئێسته زمانی كوردی ده‌ڵێنه‌وه له زانكۆكان خۆیان هه‌ژارن له هه‌موونی زانیاری ورد له‌باره‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه، ئیتر كه‌سێك خۆی شاره‌زایی نه‌بێت له كه‌سایه‌تییه‌ك چۆن ده‌توانێ خزمه‌تی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه بكات.
ئیتر لێره‌وه زمان به‌ره‌و لاوازبوون ده‌چێت، كاتێكیش زمان نه‌ما نه‌ته‌وه به‌ته‌واوی ده‌كه‌وێته خانه‌ی نه‌مانه‌وه، ئه‌وه‌شی ده‌مێنیته‌وه ته‌نیا وه‌ك ئه‌و كوردانه‌ی لێ دێت كه له وڵاتانی وه‌ك سوودان و ئوردن و مه‌غریب و توركیا و ئێران ده‌نووسرێت فلان كوردی، به‌بێ ئه‌وه‌ی وشه‌یه‌ك له زمانه‌كه‌ی خۆی بزانێت.