بۆچی ناڕەزاییەكان ئەنجامیان نابێت

PM:03:51:18/09/2019 ‌

لە زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتووی دنیا، كاتێك خەڵك ناڕەزایی دەردەبڕێت دژی تاوانێك، یان بۆ وەرگرتنەوەی مافێك، ئەو خەڵكە بە كردەیی دژی زەوتكردنی ماف و تاوانەكان دەوەستنەوە، ئامادەن باجی دارایی و مەعنەوی لەپێناوی بدەن، تا ئەو كاتەی مافەكە وەردەگیرێتەوە، یان تاوانبار سزا دەدرێت‌، یاخۆ رێگری رژد دەكرێت لە دووبارەبوونەوەی ئەو شتەی كە رووی داوە، بۆیە دەبینین ناڕەزاییەكان لە وڵاتان زۆر بەرژدی وەردەگیرێن. 

هیچ شتێك وەك ناڕەزایی لە كوردستان بێ بایەخ نییە، زۆربەی ناڕەزاییە گەورە و بەرفراوانەكان، كەمترین ئەنجامی ئەرێنیی هەبووە. 
ئەگەر سەرژمێرییەكی گرنگترین ناڕەزاییەكانی رابردوو بكەین، دەبینین كەمترین شوێنەواری جێبەجێكردنی دوای خۆی بەجێهێشتووە، ئەوەش چەند هۆكارێكی هەیە. 

هەوڵ دەدەین چەند رووداوێكی گرنگ ئاماژە پێ بكەین، ساڵی 2006 لە یادی كارەساتی هەڵەبجە، هاووڵاتییان دەستیان بە خۆپێشاندان كرد و هێرشیان كردە سەر مینۆمێنتی هەڵەبجە، سەرئەنجام مینۆمێنتەكەیان سووتاند، چەندان هاووڵاتی بریندار بوون و ئەو رۆژە یادی كارەساتی هەڵەبجە نەكرایەوە، ئەوكات حكوومەتی هەرێم دوو ئیدارە بوو، دوای دامركانەوەی ناڕەزاییەكان، هیچ شوێنەوارێكی جێبەجێكردنی داواكاری خۆپێشاندەران نەبینرا، لە بەرانبەریشدا چەندان كەس هاتنە گرتن لەوانەی لە ناو خۆپێشاندەراندا بوون، بەتایبەت گەنجەكان، دواتر وردە وردە خۆپێشاندەران ئازاد كران، سەرئەنجام ئەو خۆپێشاندانە هیچ بەرهەمێكی دیاری نەبوو.

دوای خۆپێشاندانەكانی ساڵی 2006 بەردەوام وردە خۆپێشاندان هەبووە، بەڵام هەموو جارێك گۆڕانكارییان بەدوای خۆیان نەهێناوە و دامركاونەتەوە. 

لەگەڵ دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان، بازنەی ناڕەزایی رێڕەوێكی تری وەرگرت، بەتایبەت دوای 17ی شوبات كە بزووتنەوەی گۆڕان بەتەواوی پاڵپشتی خۆپێشاندەران بوو، هەندێك جاریش وەك ئاراستەكەری خۆپێشاندەران دەركەوت. 

خۆپێشاندانی 17ی شوبات بە گەورەترین خۆپێشاندان دادەنرێت لەسەر ئاستی كوردستان، كە خۆپێشاندەران بە رێژەیەكی زۆر لەسەر شەقام بوون، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو خۆپێشاندانە جیا لەوەی بووە هۆی كوژرانی 10 كەس و برینداربوونی دەیان كەسی تر، سەرەڕای هەموو ئەوانە تیمێكی دیاری رۆشنبیر و رۆژنامەنووسان ئاراستەی خۆپێشاندانەكەیان دەكرد، رۆژانە وتاری حەماسییان بۆ دەدان دژی حكوومەت و داواكاری جۆراوجۆریان بەرز دەكردەوە، بەڵام ئەگەر سەیری ئەنجامی ئەو خۆپێشاندانە بكەین، هیچ گۆڕانكارییەكی گەورەی دروست نەكردووە، بەشی زۆری بەشدارانی ئەو خۆپێشاندانە ئەندامانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئەوكات، ئەوانە بوون داوای لاچوونی پارتی و یەكێتییان دەكرد بەهۆی گەندەڵییەوە، دوای دوو ساڵ هاتن حكوومەتیان لەگەڵ پێكهێنان.

ئەو جۆرە هەڵوێستە لە خۆپێشاندان و ئۆپۆزسیۆن بوون، وایان كرد بەرانبەر هیچ حیسابێكیان بۆ نەكات، چونكە دەیزانی ئەو ناڕەزاییانە زۆر كاتین، دوای ماوەیەك كۆتا بە هەموو شتێك هات. 

زۆرجار لە هەندێك پرسی تر ناڕەزایی زۆر گەورە و بەرفراوان دروست دەبێت، بەڵام سەیر دەكەی ناڕەزاییەكە هەر ماوەی چەند رۆژێكە دواتر وردە وردە بەكۆتا دێت و هیچ كاریگەرییەكی نابێت. یان كەسانێك لە بنەوە سوودی ناڕەزاییەكە دەكەن بە دەسكەوتی كەسیی و دۆزە گرنگەكەی خەڵك دادەمركێننەوە.

یەكێك لەو بابەتانەی كە لە كوردستان بەردەوام دووبارە دەبێتەوە كوشتنە، بەتایبەتیش كوشتنی ژنان، خەریكە رۆژ لە دوای رۆژ پەرە دەستێنێت، لە كاتی كوشتنی هەر ژنێك دەست دەكەن بە ناڕەزایی دەربڕین، بەڵام سەیر دەكەی دوای ماوەیەك، ئەو پرسە كەس هەر لە بیریشی نامێنێت، وردە وردە ئەو خەڵكەی حەماسەت گرتوونی سار دەبنەوە.

لێرە چەند نموونەیەك لە كوشتنی ئەو ژنانەی رابردوو وەردەگرم، بزانین ناڕەزاییەكان تا چەند بوون. 

كۆتایی ساڵی 2014 لە قەڵادزێ هەواڵی ڕفاندن و كوشتنی قوتابی "كوێستان مەحموود" بڵاو كرایەوە، ئەو رووداوە لەسەر ئاستێكی زۆر بەرفراوان ناڕەزایی لێ كەوتەوە، بەتایبەت بكوژ زۆر دڕندانە ئەو ژنەی كوشتبوو، دواتریش كە ئاشكرابوو هاتە گرتن و ددانی بە تاوانەكەیدا نا. لەو ماوەی رابردوو هیچ بە دواداچوونێك نەكراوە، بۆ ئەنجامی گرتنی ئەو بكوژە. 

ساڵی 2016 لە شارۆكەی سۆران ژنێك بەناوی "سەروین نۆبەتدار" بە كارەساتێكی دڵتەزێن كۆچی دوایی كرد، سەرەتا ناڕەزایەتیی زۆر بەرفراوانی لێ كەوتەوە، بەڵام دواجار وردە وردە ناڕەزاییەكان دامركانەوە و سەرئەنجام كۆتایان هات، دوای ئەوە ئەوەندەی ئاگاداری رۆژنامە و ماڵپەڕە كوردییەكان بم، هیچ كەسێك بەدواچوونی بۆ كەیسەكە نەكردووە. 

مانگی چواری ئەمساڵ لە "چەمچەماڵ" ژنێك بەناوی "سێوان قادر" بەخۆی و دوو منداڵی گیانیان لە دەست دا بەهۆی سووتانەوە، دواتر بڵاو كرایەوە گوایە مێردەكەی دەرگەی لەسەر داخستوون و ئاگری تێبەر داون، سەرەتا وەك هەموو رووداوێكی تر ناڕەزاییەكی زۆر بەرفراوانی لێ كەوتەوە، بەڵام دواتر وردە وردە ناڕەزاییەكان كەمتر بوونەوە، تا ئێستە چەند جارێك لێرەولەوێ هەندێك وردە هەواڵی بچووك لەسەر بەڕێوچوونی دادگاییكردنە بڵاو دەكرێتەوە.

دوایین دۆسیە لە هەفتەی رابردوو ژنێك لە بەردەم دادگای هەولێرە درایە بەر فیشەك لەلایەن هاوسەرەكەیەوە، هەفتەی رابردوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناڕەزایی گەورەی لێ كەوتەوە، بەڵام دواتر وردە وردە ناڕەزاییەكان دامركانەوە، كەسیش بەدواداچوونی رژدی بۆ ناكات. 
بەشێكی سەرەكی هۆی دووبارەبوونەوەی ئەو هەموو رووداوە دڵتەزێنە، لێنەپرسینەوەی رژدە، بۆیە رۆژانە دووبارە دەبنەوە.

 ئاشكرا نەكردنی سزادانی تاوانبارانی ئەو دۆسیانە، بووەتە رێخۆشكەری ئەو جۆرە تاوانە، چونكە ئەو كەسانەی ئەو جۆرە نیازەیان هەیە، لە كاتی بوونی شتێكی لەو جۆرە، دەزانن دادگاكانی هەرێمی كوردستان تا ئێستە لە دۆسیەكانی لەو جۆرەدا، سووكترین سزای تاوانبارانیان داوە. ئەگەر سزاكە لە سێدارەدانیش بێت، جێبەجێ نەكراوە. 

رێكخراوەكانی تایبەت بە كاروباری ژنان كەمترین رۆڵیان هەیە لە بەدواداچوون بۆ ئەو كەیسانە، ئەگەر هەیانە كوا؟ ئەگەر بەدواداچوون بۆ دۆسیەیەكی لەو جۆرە دەكەن و بۆ رای ناگەیەنن، هەر رێگرییەك دروست بكرێت با ئازایانە بۆ رای گشتی بڵاوی بكەنەوە، بڵێن لە فڵان دۆسیە فڵان لایەن، یان بەرپرسێك رێگرە لە سزادان.

تا بێدەنگی دوای ناڕەزایی بەردەوام بێت، ئەو جۆرە تاوانانە بەردەوام دووبارە دەبنەوە، پێویستە كاتێك ناڕەزایی لەسەر مافێك، یان تاوانێك دەردەبڕێت، دەستبەرداری نەبن تا تاوانبار سزا دەدرێت، یان ماف بۆ خاوەن ماف دەگەڕێتەوە.