لێگەڕێن با ئەو چوار ساڵە تەواو بكەن

AM:10:26:22/10/2019 ‌

كاتێك دوو كەس، دوو حزب، دوو دەوڵەت، دەست دەكەن بە كارێكی هاوبەش، كۆڵەگەی سەركەوتنی ئەو كارەیان متمانەیەكی بەهێزە لە نێوانیان، ئەگەر ئەو متمانەیە‌ نەبوو، ئەوا ئەو كارەی پێكەوە دەیانەوێ ئەنجامی بدەن، ئەوەندەی روو لە شكستە، رووی لە سەركەوتن نییە. خۆ ئەگەر ئەزموونی سەرنەكەوتووی رابردوویان هەبێت، ئەوا دەبێ پەندی لێ وەربگرن و نەهێڵن دووبارە بێتەوە، ئەوەش هەر بە لایەك ناكرێت، بەڵكو پێویستی بە هەردوولایە.

كابینی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان براوەی سەرەكی هەڵبژاردن بوون، ئەوكات نەوشیروان مستەفا خۆی لە ژیاندا مابوو، كاریگەری زیاتری هەبوو بەسەر بزووتنەوەكە و بڕیارەكانی، توانی لەگەڵ پارتی بگاتە ڕێككەوتن، ئەگەرچی پێشتریش لەگەڵ پارتی ناكۆكی زۆری هەبوو، بەڵام هەرزوو بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی كەوتنە ناكۆكی لەسەر كۆمەڵێك پرسی جۆراوجۆر، سەرئەنجام دوای كەمتر لە دوو ساڵ بە ئاڵۆزی دروستكردن بۆ یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم و دواتر رێگریكردنی سەرۆكی پەرلەمان لە هەولێر و ناردنەوەی وەزیرەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، پێوەندییەكەیان بە كۆتا هات، بەمەش دۆخێكی زۆر خراپ رووی لە كوردستان كرد كە دواتر كۆمەڵێك ڕووداوی زۆر ناخۆشی بەدواوە هات. 

ئەو دۆخەی كابینەی هەشتەمی هەرێم چارەسەر نەكرا، مایەوە تا هەڵبژاردنی ساڵی 2018، ئەو جارە بزووتنەوەی گۆڕان قەبارەی كورسییەكانی نیوەی هەڵبژاردنی رابردوو بوو، بەڵام لە بەرانبەردا توانی لەگەڵ پارتی بگاتە رێككەوتن، بەتایبەت وەك لە راگەیاندنەكان باس دەكرا، گۆڕان سەرنجی لەسەر پرسی چاكسازی بوو، پارتیش بەهەمانشێوە سوور بوو لەسەر ئەو پرسە، ئەوەبوو جارێكی تر رێككەوتنێكی تازەیان واژوو كرد كە ئەو رێككەوتنەیش لەسەر بنەمایەكی تازە بوو.

هەرزوو لە ناو بزووتنەوەی گۆڕان دەنگی ناڕازی پەیدا بوو، بەڵام عومەری سەید عەلی وەك رێكخەری گشتی توانی دەسەڵاتەكانی خۆی بەكار بێنێت، رێككەوتنەكەیشی لەگەڵ پارتی كرد، ئەو رێككەوتنە بە ڕەزامەندی هەردوولا كراوە، تازە هەردوولا چوونەتە ناو جێبەجێكردنی‌ رێككەوتنەكە، ئینجا تا چەند دەتوانن وەك خۆی جێبەجێی بكەن؟ ئەوە دەگەڕێتەوە سەر نیازی پارتی، چونكە پارتی هێزی خاوەن دەسەڵاتی یەكەمە لە كوردستان، دەسەڵاتی باڵا لە بەردەستی پارتییە، چ لە پەرلەمان كە جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی پارتییە، چ لە حكوومەت كە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەردەستی پارتییە، هەر چاكسازییەك بكرێت لە حكوومەت، پشكی شێری دەستكەوت بۆ پارتییە، لەگەڵ ئەوەشدا بزووتنەوەی گۆڕانیش پشكی دەبێت لەو دەستكەوتە. 

ئەوەی گرنگە ئەو دوو حزبە ئەگەر بیانەوێ متمانە لە نێوانیان دروست بێت، دەبێ ئەندامە دیارەكانیان لە راگەیاندن خۆیان لە پلاردان لە یەكتر بپارێزن، تا ئەو چوار ساڵە تەواو دەكەن، ناكرێ ئەوان لە حكوومەت هاوپەیمان و پێكەوە بن، بەڵام لەلایەكی ترەوە ئەندامەكانیان سەرقاڵی تانە و تەشەر لە یەكتردان بن، هەر تانەدانێكی ئەندامانی گۆڕان لە پارتی، بەشێكی بەر خۆی دەكەوێتەوە، بە پێچەوانەوە هەر تانەدانێكی ئەندامانی پارتی لە بزووتنەوەی گۆڕان، بەشێكی بەر پارتی دەكەوێتەوە. چونكە هەردوو حزب بە جۆرێك لە متمانە بە یەكتر دەستیان داوەتە كاری هاوبەش، بەرانبەر بە شایستە دەزانن كاری لەگەڵ بكەن، ئەگەر ئەو متمانەیە نەبوو، وەك جاران سەنگەر لە یەكتر بگرن و دەست بكەنەوە بە هێرشكردنە سەر یەكتر، ئەوا باشتر بوو هەر لە سەرەتاوە پێكەوە نەچنەوە ناو یەك حكوومەت، چونكە ئەوەندەی تر ئەو دوو حزبە دەكاتەوە دژ بە یەك، وای لێ دێت ئەو دوو حزبە، بەهیچ شتێكی یەكتر ڕازی نەبن.

جگە لەوەش، ئەگەر ئەندامانی خوارەوەیان پابەند نابن و بەردەوام دەبن لە لێدوان لە دژی یەك، دەبێ ئەو دوو حزبە لەسەر ئاستی باڵا ئەو پرسە بە رژدی وەربگرن، ئەو متمانەیەی بە یەكتریان كردووە، نابێ بەو جۆرە لێدوانانە ساردی بكەوێتە نێوانیان، تەواوكردنی ئەو چوار ساڵە هەم بۆ بزووتنەوەی گۆڕان گرنگە، هەم بۆ پارتی گرنگە، جگە لەوەش بۆ یەكێتیش گرنگە، وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە دواجار دەبێتە خاڵی دەستپێك لە دروستبوونی متمانە لە نێوان هێزە سیاسییەكان. 
هیچ كات وەك ئێستە كورد پێویستی بەو پێكەوەبوون و متمانە نەبووە،

هیچ كات وەك ئێستە كورد پێویستی بەو پێكەوەبوون و متمانە نەبووە، چونكە دۆخی ناوچەكە بەتەواوی ئاڵۆزە، ئەگەر هێزە سیاسییەكان بكەونە سەنگەر گرتن لەیەك و شەڕی راگەیاندن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بگوازنەوە بۆ سەر كەناڵەكانی راگەیاندن، لەوێشەوە بۆ ناو مەكتەب سیاسی، جارێكی تر لێكترازانی یەكگوتاری روو لە كورد دەكات، هەر كەسە و بۆ خۆی لە ئاوازێك دەخوێنێت، بەتایبەت لەو دۆخەی ئێستەی عێراق هیچ داهاتوویەكی روونی حكوومەتی بەغدا دیار نییە، هێرشەكان بۆ سەر حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی چڕ بوونەتەوە، بەشێكی زۆری سیاسییەكانی بەغدا دەیانەوێت ئەو هەلە بقۆزنەوە و عادل عەبدولمەهدی لاواز بكەن و لەسەر كاری لادەن. ئەوكات ئەگەر كورد یەك گوتار نەبێت، دیسان هەندێك بەهۆی ناكۆكی ئێرە كاریگەری خراپ دەكاتە سەر یەكگوتاری كورد لە بەغدا.
لە رابردوو بینیمان كاتێك كورد لێرە ناكۆك بوو، چۆن لە بەغدا خاوەن گوتارێكی پەرتەوازە بوو، ئەگەرچی لە هەندێك پرس هاوڕاش بوون، بەڵام كەمترین هاوئاهەنگی لە نێوان فراكسیۆنە كوردییەكان هەبوو، هەموو ئەو دڕدۆنگییەش هۆكارەكەی بۆ پەرتەوازەیی سیاسەتی حزبەكان لە كوردستان دەگەڕایەوە. 

ئێستە هێزە سیاسییەكانی كوردستان تا ئەندازەیەكی زۆر ئەو ناكۆكییانەیان نەماوە، بەتایبەت هێزە ناكۆكەكانی رابردوو، تا ئەندازەیەكیش لێكنزیكی و دۆستایەتییەكی تازەیان هەیە، نابێ حزبە سەرەكییەكان رێ بدەن بەهۆی لێدوانی هەندێك ئەندامیان، جارێكی تر پەرتەوازەیی دروست ببێتەوە.