لە ڕۆژی جیهانی كتێبدا كوا مافی نووسەران و خاوەنی بەرهەمەكان؟

PM:02:08:23/04/2020 ‌
23/4/1995 بە ڕۆژی جیهانی كتێب و پاراستنی مافی نووسەر لە ئاستی دنیا دیاری كراوه و ساڵانە یادی دەكرێتەوە، ئەویش‌ پاش ئەوەی لەلایەن یۆنسكۆوه ئاوا بڕیاڕیك درا. بۆیە هەموو ساڵێك لە وڵاتان ئەم ڕۆژە دەكرێ بە ئاهەنگ و ڕێزلێنان و گرنگیدان بۆ كتێب.

ئەم رۆژە وەك رۆژێكی هێما بۆ كتێب و نووسەرانی كتێب دیاری كراوە، هاوكاتە لەگەڵ ساڵوەگەڕی مردنی كۆمەڵێك  ئەدیبی جیهانی وەك شكسپیر، غارسیلاسو دی لا فیگاو، میگڵ دی سیرڤانتس. هەر لە چوارچێوەی ئەو ئاهەنگانەی ساڵانە یۆنسكۆ لەو ڕۆژەدا ئەنجامیان دەدات، ئەم ڕێكخراوە بە هاوكاری لەگەڵ ڕێكخراوە تایبەتمەندە نێودەوڵەتییەكاندا هەڵدەستن بە دەستنیشانكردنی شارێك وەك پایتەختی جیهانی كتێبەوە.

ئەوەی دەبینین لەم رۆژەدا كەمترین ڕێزگرتن و رێوڕەسمەكان لە ئاستی هەرێمی كوردستاندا بۆ ئاوا بۆنەیەكی جیهانی ساز دەدرێت. وڵاتانی پێشكەوتووی دنیا هەگبەی ژیان و كولتوور و پێشكەوتنیان لە ڕێی كتێب و داهێنان و كتێبەوە بە نەوەكانی خۆیان دەگەیەنن، وابزانم لەم كوردستانە و ناوەندە مۆدێرنە بەناو رۆشنبیرییەكان كە لەژێر هەژموونی وەزارەتی ڕۆشنبیریدان، ڕێی تریان بۆ چەمكی ژیان و كولتوور و پێشكەوتن دۆزیوەتەوە. چونكە دەبینین نووسەران و رۆشنبیران و كتێبەكانیان بێنازن و بێ ڕێزگرتن بەم شێوەیە دەژین، بازرگانان و نەزانانی بواری كتێب، بەرهەم و  نووسینەكانیان وەك كاڵایەك لێ دەكڕنەوە. ئیتر چ جۆرە كڕینێكیش كە هەزاران پەڕە كتێب كە بچووكترین مافی ئەوانە، هەندێك جار بەبێ نرخ و نەزانین، لێیان دەكڕنەوە.

 ئیتر ئەوەش بوەستێت كە بیانووی نەدانی پارەی ماندوویەتی بەرهەمی نووسەر كە ئاوا بەرهەمێك شتێكی بەهاداری باڵا لای ئەوە، لە دنیای ڕێزگرتنی ئاوا خاوەن قەڵەمانێك، لەهەمان كاتدا گیرفان بەتاڵن، ئەوان مایەپووچی دنیای جوانی كتێبەكان و هەوڵدان بۆ نووسینی بەپێزتریان دەكەن، هەندێ جار نووسەر لە ئاست ئەم بێمنەتییەدا، هەڵبژاردنی ئاوا كارێك لە ژیانیدا چی بۆ دەمێنێتەوە؟

 ئاواتی نووسەران لەم ڕۆژانەدا بەڕای ئێوە دەبێ چی بێت؟ تكایە ماف بۆ خاوەن بەرهەمەكان بگەڕێنرێتەوە!. یاسا و پارە و سامانی زۆرمان بۆ فێستیڤاڵ و بۆنەكان و كۆنسێرتی هونەرمەندانمان تەرخان كرد، كەچی یاسایەك نییە مافی نووسەران و خاوەن بەرهەمەكان بگەڕێنێتەوە.

 بەڕاست یاسایەكی ئاوا زۆر ئەستەمە، یان ناوەندە ڕۆشنبیرییەكانمان ئاگاداری ئەم شێوازی كاركردنە نین، ڕۆژانە دەبینین هەر بەرهەمە و چاپ دەكرێت و ژمارە سپاردن و ناوی نووسەری پێوەیە، بەڵام مافە تایبەتەكانی نووسەران نەدراوە. هیچ نەبێ كاتی ڕێپێدان بۆ بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكان، گرێبەستێك بكەنە مەرجی ڕێپێدانەكان و لە ئەگەری پابەندنەبوون، پێژماردنی شكاندنی گرێبەستەكانیان بەمەرجی بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكان بكەن. ئەمڕۆ چ ڕۆژگارێكە وا ئەم توێژە شەرمنە داهێنەرە شوێنیان نابێتەوە و هیچ نەبێ بەرهەمەكانیان بێ نرخ لە ئاستی كۆمەڵگە چیتر تەماشا نەكرێت.

 كورد و مەینەتییەكانی جوانترین نووسەرەكانی لە مێژووی خۆیدا شاردووەتەوە، ئایا لە سەردەمی نوێدا بەگەڕانەوەی ماف بۆ ئەوان، تۆ بڵێی بەرەوپێشڤەچوونی ئەمان ببینینەوە؟. یانیش نا هەر ئاوا ئەوانیش بێناز خۆیان و بەرهەمەكانیان بمێننەوە و ئیتر ڕۆژی جیهانی كتێب بۆ هەر كێ بێت، بۆ خاوەن بەرهەمی داهێنەر و نووسەری كورد نییە، دەبێ بەدوای دنیای تر لە ژیانیدا كە دوورە لە حەز و خولیای خۆی بگەڕێت.

ئۆمێد وایە كە نووسەران و وەرگێڕان و خاوەن بەرهەم و قەڵەم بەدەستەكان چیتر لەبیر نەكرێن و ئاوا ڕۆژێكیش بۆ ئەم توێژە جوانەی كوردستانیش بێت و بەرهەمی ئەوان بەرەو ڕووگە جیهانییەكان هەنگاو بنێت، بتوانین ئێمەش بزوێنەری گەیەنەری دنیای بەرهەمی جوانی كوردی بە دنیا لەڕێی دانانی یاسایەكی بەهێز بە گەڕانەوە بە مافەكانیان بین.