ڕوونه كه پڕۆسه‌ی ھاوسه‌رگیری به یه‌كبه‌ستنه‌وه‌ی دوو توخم یاخۆ دوو ڕه‌گه‌زه بۆ به یه‌كگه‌شتن و دروستكردنی ژیانێكی نوێ. بۆیه به‌رده‌وام به ڕێژه‌یه‌كی زۆر پرۆسه‌ی ھاوسه‌ریی ئه‌نجام ده‌درێت له نێوان ھه‌ردوو ڕه‌گه‌ز.
ئه‌وه‌ی ڕوون و ئاشكرایه له عێراق و به‌شی زۆری ھه‌رێمی كوردستانیش له‌م رێژه زۆریه هاوسه‌رگیریدا، شتێك كه شایه‌نی ئه‌فسووس و تێڕامان بێت, ئه‌وه‌یه زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌چنه ژیانی ھاوسه‌رییه‌وه، له‌گه‌ڵ خۆیاندا ھیچ شتێك نییه گرێیان بدات، ته‌نیا و ته‌نیا ئه‌و چێژه‌یه كه ھه‌ردوو ڕه‌گه‌ز ده‌یبه‌خشن به یه‌كتر و له دوای گه‌یشتن به ئۆرگازم, به‌تاڵ ده‌بنه‌وه.
مرۆڤ له سه‌ره‌تای هاتنه بوونیه‌وه به بێ هه‌ستی له دایك ده‌بێت، پاشان له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنی ته‌مه‌ندا هه‌ستی دێته بوون. دیاره ئه‌م هه‌سته نه خۆڕسكه و نه هه‌ڕه‌مه‌كییه، هه‌ستێكه زۆرجار مرۆڤ له كاریگه‌ری ده‌وروبه‌ر و ژینگه پێی ده‌به‌خشرێت. دواتر له‌گه‌ڵ پێگه‌یشتنی له نه‌ستیدا دوو بۆشایی تێیدا په‌یدا ده‌بێت.
یه‌كه‌م: بۆشایی جه‌سته‌یی.
دووه‌م: بۆشایی ڕۆحی.
ئه‌گه‌ر بێت‌و بیر له چۆنیه‌تی پڕكردنه‌وه‌ی جۆری یه‌كه‌م بكه‌ینه‌وه، كه جه‌سته‌یه و تینوو ده‌بێت به سێكس، ئه‌وا ئه‌وه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌بێت كه به چه‌ندان ڕێگا ده‌توانین ئه‌م چێژه كورتخایه‌ن و فریوده‌ره به‌ده‌ست بێنین. ده‌بێ ئه‌وه له یاد نه‌كه‌ین له سه‌ده‌ی ٢١داین و مامه‌ڵه‌كردن و به كاڵاكردنی مرۆڤ، بووه به جۆرێك له پێویستییه‌كانی ژیان. بۆیه رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له هه‌رزه‌كار په‌نا ده‌به‌ن بۆ مه‌ساجخانه‌كان تا له‌وێ پێوه‌ندیه‌كی جه‌سته‌یی نا تۆكمه و كورتخایه‌ن له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ر /مێ/ ببه‌ستن و سێكس ئه‌نجام بده‌ن.
ئه‌وه‌ی لای من جێی سه‌رسامیه و نیشانه‌ی سه‌رسورمانی ده‌خه‌مه پاڵ, ئه‌وه‌یه كه له وڵاتانی رۆژهه‌ڵات ژماره‌ی ئه‌و (نێر)انه‌ی له رووی ته‌مه‌نه‌وه كامڵن و خاوه‌ن هاوسه‌رن، ده‌چن ئه‌م جۆره سێكسه ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌مه‌ش به‌ره به‌ره پێوه‌ندییه‌كی ناسروشتی له‌گه‌ڵ هاوژینیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن.
جۆری دووه‌م, وه‌ك وتمان پێوه‌ندی ڕۆحی. ئاشكرایه ئه‌و پێوه‌ندیه دژه (سێنتراڵ)ـه‌یه كه ده‌بێت به ماھیه‌ت و ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ پڕۆسه‌ی پێكه‌وه‌بوون یا هاوسه‌رگیری. ئایا ئه‌م پێوه‌ندیه ڕۆحیه چۆن دێته بوون؟ ئه‌مه پرسیارێكه به‌داخه‌وه هه‌میشه فه‌رامۆش كراوه له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی بڕیاری پێكه‌وه‌بوونیان داوه.
وشه‌ی خۆشه‌ویستی ئه‌و وشه خۆفریوده‌ر و ناڕاسته‌یه كه مرۆڤی ئێمه به‌رده‌وام وه‌ك ئارگۆمێنت به‌كاری دێنێت، بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری. به‌ڵام پێوه‌ندی ڕۆحی له ڕێگای ئه‌و تێگه‌شتنه ڕه‌هایه‌وه ده‌خوڵقێت كه دوو ره‌گه‌زی به‌رانبه‌ر ده‌توانن له ڕێگای دانانی لۆجیك بۆ هه‌موو پرسه نه‌شازه‌كان و هه‌موو ئه‌و بارته‌نگیه‌ی دێته ناو پرۆسه‌كه‌وه له رێی گوێگرتن و قبووڵكردنی ئه‌و دوو ئایدۆلۆجیا جیاوازه‌ی له‌سه‌ر یه‌ك جێگا و نوێن ده‌خه‌ون.
به داخه‌وه ساڵه‌های ساڵه و ده‌توانم بڵێم چه‌ندان ده‌یه‌یه، له كۆمه‌ڵگه‌كانی رۆژهه‌ڵاتیدا ئه‌م جۆره تۆكمه‌یه‌ی به خۆیه‌وه نه‌بینیه‌وه، ته‌نانه‌ت به ڕێژه‌یه‌كی كه‌متر له كه‌میش. لێره‌دا ئه‌وه‌مان دێته به‌رچاو كه هه‌موو ئه‌و پڕۆسه هاوسه‌رییانه‌ی چ به ڕاسته‌وخۆ یا ناڕاسته‌وخۆ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆشاییه شه‌هوه‌تئامێزه ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌وا له كه‌مترین ماوه‌دا ڕووبه‌ڕووی نوشوستی ده‌بێته‌وه، له‌م نێوه‌نده‌دا خۆشه‌ویستی له هاوسه‌رگیریدا به هه‌موو شێوه‌یه‌ك نامۆ ده‌بێت.