نزار تۆفیق قه‌بانی یه‌كێكه له‌و شاعیرانه‌ی به پێشه‌نگی شیعری نوێ داده‌نرێت له دنیای عه‌ره‌بیدا، نزار قه‌بانی له ماڵباتێكی به ره‌گه‌ز تورك بووه، به ناوی (ئاق بیق). واته سمێڵ سپی، باوكی نزار كاری حه‌ڵواچێتی و شیرینی دروستكردن بووه، یه‌كێكیش بووه له‌و كه‌سانه‌ی پاڵپشتی به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی له دژی فڕه‌نسایییه‌كان كردووه و له سه‌رده‌می ئینتدابی فڕه‌نسیدا له سووریا، مامیشی كه ناوی خه‌لیل قه‌بانی بووه، یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی به‌شدارییه‌كی به‌رچاوی هه‌بووه له هونه‌ری شانۆدا.
رووداوێكی زۆر ناخۆش له ژیانی ئه‌و شاعیره گه‌وره‌یه‌دا هه‌بووه، ئه‌ویش خۆكوشتنی خوشكێكیه‌تی پاش ئه‌وه‌ی ویستوویانه به زۆر بیده‌ن به كه‌سێك كه خۆشینه‌ویستووه، ئه‌و رووداوه كاریگه‌رییه‌كی زۆری هه‌بووه له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی و شیعره‌كانی ئه‌و شاعیره ناوداره‌ی عه‌ره‌ب و له زۆربه‌ی شیعره‌كانیدا به ئاشكرا پرسی ژن و به‌گژاچوونه‌وه‌ی شۆڤێنییه‌ت و پیاوی پێوه دیاره، كاره‌ساتی ساڵی 1967 هۆكارێكی گه‌وره بووه بۆ گۆڕانی شیعره‌كانی له خۆشه‌ویستییه‌وه بۆ شیعری سیاسی و به‌رهه‌ڵستكاریی و به‌به‌رپه‌رچدانه‌وه.
هه‌ڵبه‌سته‌كانی نزار قه‌بانی
له هه‌ڵبه‌سته‌كانی نزار قه‌بانی زمانپاراوی و ئاسان تێگه‌شتن سیمای شیعره‌كانیه‌تی، له بواری هه‌ڵبه‌ستی ئازاد‌دا نزار توانیویه‌تی داهێنانێكی ته‌واویش له بواری هۆزانی نیشتمانی و غه‌زه‌لدا بكات، گه‌لێك له گۆرانیبێژه‌كانی وه‌ك عه‌بدولحه‌لیم حافز و نه‌جات سه‌غیره و فه‌یرووز و كازم ساهیر و محه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هاب، هۆنراوه‌كانی ئه‌ویان به گۆرانی گوتووه‌ته‌وه و خوێنه‌رێكی زۆریشی هه‌بووه له‌ناو رۆشنبیرانی عه‌ره‌بدا و زۆر خۆشه‌ویست بووه له‌ناو كۆمه‌ڵدا، نزار قه‌بانی زمانی ئینگلیزی زۆر به باشی زانیوه ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌وه كه له نێوان ساڵه‌كانی 1952 تا 1955 باڵوێزی سووریا بووه له شاری له‌نده‌ن.
سه‌ره‌تای ده‌ست پێكردنی نزار قه‌بانی له‌گه‌ڵ شیعردا:
قه‌بانی كاتێك ته‌مه‌نی 16 ساڵان بووه ده‌ستی كردووه به شیعر نووسین، یه‌كه‌مین دیوانی شیعریشی له 1944دا به‌چاپ گه‌یاندووه كه یه‌كێكه له‌و 35 دیوانه شیعرییانه‌ی بڵاوی كردوونه‌ته‌وه له ماوه‌ی نیو سه‌ده‌دا، گرنگترین دیوانه شیعریه‌كانیشی ئه‌مانه‌ن (تفوله نهد، الرسم بالكلمات، قصائد، سامبا، انت لی) نزار قه‌بانی چه‌ند كتبێكی په‌خشانیشی هه‌یه، له‌وانه: به‌سه‌رهاتی من له‌گه‌ڵ شیعردا و هه‌ڵبه‌ست چییه و 100 نامه‌ی خۆشه‌ویستی).
نزار قه‌بانی زۆر له دژی ئه‌وه بووه به‌سه‌رهاتی ژیانی خۆی جیا له خۆی هیچ كه‌سێكی تر بینووسێته‌وه، له‌به‌رئه‌وه كتێبی (به‌سه‌رهاتم)ی كه بریتییه له ژیانی خۆی به ده‌ستخه‌تی خۆی نووسیوه‌ته‌وه.
كار و خوێندنی نزار قه‌بانی
قه‌بانی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی له كۆلێژی یاسای زانكۆی دیمه‌شق له ساڵی 1945دا له سووریا به ده‌ست هێناوه، پاش ده‌رچوونی وه‌ك دیپلۆماتكار له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سووریادا و وه‌ك باڵوێزی ئه‌و وڵاته له چه‌ند شارێكی وه‌ك به‌یرووت و قاهیره و مه‌درید و له‌نده‌ن كاری كردووه، له 1959شدا پاش ئه‌وه‌ی سووریا و میسر یه‌كیان گرته‌وه وه‌ك سكرتێری دووه‌می كۆماری یه‌كگرتوو له باڵوێزخانه‌ی ئه‌و وڵاته له چین ماوه‌ته‌وه تا ئه‌وكاته‌ی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی پێشكه‌ش كردووه، له ساڵی 1966دا پاش ئه‌وه‌یش له به‌یرووت ده‌زگه‌یه‌كی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌ناوی خۆیه‌وه دامه‌زراندووه.
قه‌بانی له ژیانیدا دووجار ژنی هێناوه. ژنی یه‌كه‌می كچێكی مامی بووه به ناوی (زه‌هرا). له‌و ژنه كچێك و كوڕێكی هه‌بووه به ناوی (هه‌دبا و تۆفیق)، به‌ڵام تۆفیق له ته‌مه‌نی 17 ساڵیدا به‌هۆی نه‌خۆشیی دڵه‌وه گیانی له ده‌ست داوه، كاتێك خوێندكاری كۆلێژی پزیشكی بووه له قاهیره، له ژنی دووه‌میشی به ناوی (به‌لقیس) كه به‌ڕه‌گه‌ز عێراقی بووه، ئه‌ویش له ته‌قینه‌وه‌كه‌ی باڵوێزخانه‌ی عێراق له به‌یرووت له ساڵی 1982 كۆچی دوای كردووه، له‌و ژنه‌یش دوو منداڵی هه‌بووه به‌ناوه‌كانی (عه‌مه‌ر و زه‌ینه‌ب)، مردنی به‌لقیس كاریگه‌رییه‌كی زۆری كردووه‌ته سه‌ر ده‌روونی ئه‌و شاعیره گه‌وره‌یه و له پاش مردنی چیتر بیری له ژنهێنان نه‌كردووه‌ته‌وه و پاشان چووه بۆ له‌نده‌ن و له‌وێ ماوه‌ته‌وه و به ته‌نیا ژیانی به‌سه‌ر بردووه، تا رۆژی 30/4/1998 و له ته‌مه‌نی 75 ساڵیدا له له‌نده‌ن به‌هۆی نه‌خۆشیی دڵه‌وه كۆچی دوایی كردووه، ماڵئاوایی له شیعره ناسك و جوانه‌كانی كردووه كه ره‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی خۆی و خه‌ڵكانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی خۆین.