با ڕاستیەكان ئاشكرابن!

ئیحسان شێخ عەلی عەبدولعەزیز

خوشكان و برایانی بەرێزم، موسڵمانانی حەق دۆست.
زۆرمان لێدوان و روونكردنەوەدا و زۆریش بەڵگەمان باس كرد لەسەر هەبوونی ئەو خیانەتە گەورەیەی كە عەلی باپیر بەرانبەر رابوونی ئیسلامی و مسوڵمانانی كوردستان ئەنجامی داوە و داواشمان كرد لە هەر كەناڵ و مزگەوت و شوێنێك كە خۆی دەیەوێت رووبەڕوو ببینەوە و ئەو خیانەتانەی كردوویەتی باسی بكەین و ئەویش لە دادگایەكی شەرعیدا و هەر وەڵامێكی هەبوو, بیداتەوە .

لێرەولەوێ‌ داوای ئەوەمان لێ كرا ئیتر سەردەمی خستنەڕووی بەڵگە و دۆكیۆمێنت و دەستنووس و وێنە و تۆماری دەنگیە و ئێمەش پشت بە الله بە زنجیرە و بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر, بەڵگەكان بڵاو دەكەینەوە.

بەرێزان، حزبی بەعس تەنيا لایەنێك نەبوو كە عەلی باپیر هەوڵی دابێـت بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی لەناو برزووتنەوەدا بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و پۆستی ئەمیرایەتی و كورسی و وەشاندنی خەنجەری ژەهراوی لە هەناوی رابوونی ئیسلامی كوردستان و شكاندنی بەیعەت و هەیبەتی ئیسلامی لە كوردستان و خیانەت كردن لە رابەرو سەردایەتی و ئەندامانی بزووتنەوەی ئیسلامی.!

لای هەمووان ئاشكرایە یەكەم كێشەی نێوان بزووتنەوەی ئیسلامی و یەكێـتی نیشتیمانی كوردستان ناوبراو /عه‌لی باپیر/ دروستی كرد و هەمووان دەزانن كە عەلی باپیر نامەی نووسی بۆ مام جەلال و دەستەواژەی (السلام علی من التبع الهدی!) بۆ نووسی و دواتر بوو بەهۆی گرژی و ئاڵۆزی و دوای ئەوەش شەڕی نەخوازراوی نێوان ئێمە و یەكێـتی رووی داو لە دوای 1993 و لە كاتی وەستانی ئاگربەستی نێوان بزووتنەوە و یەكێتی، عه‌لی باپیر هەوڵی خۆنزیكردنەوەی لە یەكێتی دا, بۆ ئەوەی خۆی لێیان نزیك بكاتەوە بە جیا لە بزووتنەوە.

گەیشتە ئەوەی رێكەوتنامەیەكی نهێنی لەگەڵیان ببەستێت و یەكێتـی هاوكاری (ماددی) بكات بۆ ئەوەی پێگەی لەناو بزووتنەوە بؤ دروست بكات و دژایەتی مامۆستا مێزەرسپيیەكان بكات و ئەویش ئەو ئامادەیە بە هەموو شێوەیەك هاوكاری ئەوان /ێه‌كێتی/ بێت لە داهاتوودا, دوای لاوازبوونی بزووتنەوە و رابەر و سەركردایەتیيەكەی و ئەم نامەیەش كە دەستنووسی كاك عەلی باپیر خۆیەتی, ئەو راستيیەی ئێمە دەسەلمێنێت كە چۆن هەمیشە بۆ مەرامی كورسی خیانەتی لە بەیعەت و رابەر و هاوەڵەكانی خۆی كردووە!

ئەمە نامەیەكی عەلی باپیرە كە لە بەرواری 27-8-1995 ناردوویەتی بە (محمد رەزا)دا كە ئەوكات بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی بزووتنەوەی ئیسلامی بوو و كەسێكی نزیكی عەلی باپیر بوو، بە ناوبراودا نامە نهێنیەكەی ناردووە بۆ یەكێـتی و ئەوەی كە گرنگە خاڵی سێیەمە كە تێیدا گلەییان لێ دەكات گوایە بیستوویەتی یەكێـتی پارەی داوە بە شێخ (محمد بەرزنجی) و مەبلەغەكەش (10 یا 30) هەزار دۆلارە و بەشێوەی "كاش" پارەكە دراوە.

لە نامەكەدا عەلی باپیر دڵگران بووە و نوسیویەتی "ئەمە لە دەرەوەی ئەو رێكەوتنامە (اتفاق)ـەیە كە هەیەتی لەگەڵ یەكێـتی, ئەویش كە دەبێت هەموو یارمەتیەكی ماددی بەو /عه‌لی باپیر/ بدرێت و لەرێگەی ئەوەوە بێت بۆ بەهێزكردن و گەیشتنی بە ئامانجەكەی".!

ئەزیزان، ئیتر خۆتان حوكم بدەن بڕوا بە كێ‌ دەكەن و پێم وایە كاتێك بەڵگە خرایە روو، هیچ شتێك ناتوانێ‌ بەرەنگاری ببێتەوە مەگەر ئەوانە نەبێت كە دڵیان رەش بووە و هەرگیز نایانەوێ‌ راستيیەكان ببینن وەك الله دەفەرمووێت [إِنَّ الَّذِينَ كَفَرُواْ سَوَاءٌ عَلَيْهِمْ أَأَنذَرْتَهُمْ أَمْ لَمْ تُنذِرْهُمْ لاَ يُؤْمِنُونَ (6) خَتَمَ اللّهُ عَلَى قُلُوبِهمْ وَعَلَى سَمْعِهِمْ وَعَلَى أَبْصَارِهِمْ غِشَاوَةٌ وَلَهُمْ عَذَابٌ عظِيمٌ]

ئەوەش كاری دەزگاكانی راگەیاندن و زانایانی شەرع و مسوڵمانانە كە لەو خیانەتە بكۆڵنەوە و ناوبراو بناسن بە ڕووە ئەسڵیەكەیەوە.!

اللهم فاشهد انی بلغت....

تێبێنی: 

یەكەم: ئەگەر عەلی باپیر نكوڵی لەو نامەیە دەكات كە خەتی خۆیەتی، من خۆشحاڵم بەوەی شكاتم لیب َكات لە هەر دادگایەك كە خۆی دەیەوێت, من ئامادەم نوسخە ئەسڵیەكەی ئەو نامەیەی بخەمە ڕوو.!

دووەم: زۆرم پێ سەیرە هەندێ‌ مسوڵمان ئێسته‌یش باس لە (ستر)ی مسوڵمان دەكەن كە نازانم بۆ بیر ناكەنەوە له‌وه‌ی خۆی عەلی باپیر گوناهێكی نەكردووە لە بواری (عبادات) یا هەڵەیەكی نەكردووە كە تەنيا خۆی لێی زەرەرمەند بێت و من بیشارمەوە و (ستر)ی بكەم وەك مسوڵمان و واجبێك، بەڵكو ئەمە خیانەتێكە لە بە یعەت و وەحدەتی سەف و هەموو مسوڵمانان.

ئەوەشتان بیرە كاتێك مسوڵمانان یەك بوون و خاوەن چ پێگە و هەیبەت بوون و ناوبراو شەقی خستە ناو موسڵمان و هەمووانی پەرتەوازە كرد.!