ئیدریس حاجی ئه‌حمه‌د
ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه له‌م دواییانه‌دا ڕوویان دا، به تایبه‌ت ئه‌و كاره قێزه‌ونه‌ی كه چه‌ند كه‌سێك له سه‌رانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له 16/10/2017 ئه‌نجامیان دا، په‌لكێشی ئه‌وه‌مان ده‌كات كه هه‌ڵوێسته‌یه‌ك بكه‌ین له‌مه‌ڕ دۆخی حزبی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان. وه‌ك كه بۆ هه‌موو لایه‌ك ڕوونه كه بوونی هه‌ر حزبێكی سیاسی له‌هه‌ر كوێیه‌كی دنیا به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست مه‌به‌ست لێی ڕێكخستن و كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌یه كه هه‌مان تێڕوانینیان هه‌یه له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات له وڵات یان كۆمه‌ڵگه‌دا. به‌ڵام له كوردستان، هه‌ر له سه‌ره‌تای دروستبوونی فره‌حزبی سیاسی، ئه‌م حزبه كوردییانه به ده‌گمه‌ن به ئاقارێكی ڕاستگۆیانه له‌گه‌ڵ ئه‌و دروشمانه‌ی هه‌ڵیانگرتووه ڕۆیشتوون. ئه‌م دووفاقییه له پێڕه‌وی حزبی سیاسی كوردی، نه‌ك هه‌ر بوونه‌ته نموونه‌یه‌كی خراپی له‌به‌ر گیراوه بۆ لایه‌نه سیاسییه تازه له دایكبووه‌كان، به‌ڵكو كۆمه‌ڵیك شووم و كاولكارییان پێشكه‌ش به كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كرد.
دوای ڕاپه‌ڕینه مه‌زنه‌كه‌ی به‌هاری 1991، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به ئاقارێكی نه‌خوازراوی شه‌ڕی ناوخۆدا ڕۆیشت. جگه له‌وه‌ی كه ئه‌م شه‌ڕه بووه هۆی كاولكاری و پشێوی كوردستان، كۆمه‌ڵێك ده‌رهاویشته‌ی نه‌رێنیی به‌دوای خۆیدا هێنا به‌شێوه‌یه‌ك كه تا ئێسته‌ش شوێنه‌واری به‌سه‌ر یه‌كه به یه‌كه‌ی تاكی كورددا ماوه‌ته‌وه؛ ئه‌م شه‌ڕه نه‌گریسه، ڕكابه‌ریی و ململانێیه سیاسییه‌كانی به ئاقارێكدا برد كه جگه له ڕق و كینه، چاویان هیچ شتێكی تر بڕ نه‌كات. له ده‌رئه‌نجامی ئه‌مه‌دا، هه‌ستی حزبی به‌شێوه‌یه‌ك له‌ناو ناخی تاكی كورددا تۆخ كرا، حزب شوێنی هه‌موو پیرۆزی و به‌ها گه‌وره‌كانی وڵاتی گرته‌وه. هه‌روه‌ك ده‌بینین، خیانه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بۆ له‌ناوبردن و توانه‌وه‌ی لایه‌نێكی تر له نێو ئه‌و حزبانه‌دا، كارێكی ئاسان بووه. ئه‌م ڕووداوه‌ی له‌م دواییانه‌دا له لایه‌ن هه‌ندێك له سه‌رانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه بووه هۆی له ده‌ستدانی چه‌ند شار و ناوچه‌ی گرنگی كوردستان له‌گه‌ڵ شه‌هیدبوونی چه‌ندان ڕۆڵه‌ی خێر له‌خۆنه‌دیوی كورد، ده‌رهه‌قی ئه‌م ڕاستییه‌ن كه تا ئێسته‌ش كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی گیرۆده‌ی ئه‌و نه‌ریته باوه ناله‌باره‌یه كه بۆ حزب هه‌یبووه و هه‌یه‌تی .
به‌هۆی ئه‌م ههڵوهدابوونهی تاكی كورد بۆ حزب، هه‌ر ڕۆژه و شاهیدی بینینی له دایكبوونی حزبێك یان قه‌واره‌یه‌كی سیاسی نوێین. ئه‌و زۆری و بۆرییه‌ی حزبی سیاسی كه له هیچ وڵاتێكی پێشكه‌وتوو، بگره چڕی دانیشتوانه‌كه‌شی زیاتر بێت له سه‌تان ملیۆن، ناتوانێت خۆی بێنێته هاوتای زۆری ژماره‌ی حزبی سیاسی له كوردستان، دووپاتی ئه‌و ڕاستییه ده‌كه‌نه‌وه كه هێشتا گه‌لی كورد له باشووری كوردستان له پهرستشكردن و به پیرۆزكردنی حزب تێر نه‌بووه. سه‌رئه‌نجام، ئه‌م زۆربوون و قووڵبوونهی ململانێی سیاسی له نێوان حزبه سیاسییه‌كان به جۆرێك كاری له تاكی كورد كردووه كه شوناسی خۆی جگه له قه‌واره‌یه‌كی سیاسی لا په‌سند له هیچی تردا نه‌بینێت. كارێكی نامۆ نییه كه ژماره‌یه‌كی كه‌م له لایه‌نگرانی یه‌كێتی بینین به‌هۆی ئه‌و خیانه‌ته‌ی كه حزبه‌كه‌یان له گه‌لی كوردیان كرد، هه‌ڵوێسته‌یه‌ك بگرن و دژی بوه‌ستنه‌وه، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه، وه‌ك ده‌بینین سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی یه‌كه‌می حزبه‌كه‌یان دانیان به‌م خیانه‌ته‌دا ناوه، كه‌چی ئه‌مان به‌رده‌وام خه‌ریكی لێدوانی بێ بنه‌ما و پاساوی ناڕه‌وان. ئه‌مانه و سه‌دان نمونه‌ی تر، ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن كه حزب له هه‌رێمی كوردستانی عێراق، له بری ئه‌وه‌ی ببێته ئامرازێك بۆ گه‌یشتن به ئامانج، بووه‌ته ئامانجی زۆرینه‌ی لایه‌نگرانی حزبه سیاسییه‌كان كه زۆرینه‌ی دانیشتوانی كوردستان پێك دێنن.
چاره‌ڕه‌شی گه‌لی كورد هه‌ر ئه‌و حزبانه ناگرێته‌وه كه مێژوویه‌كیان هه‌یه، بگره حزبه تازه لهدایكبووهكانیش نه‌یانتوانیوه خۆیان له‌و په‌تایه به دوور بگرن و مۆدێلێكی نوێی گونجاو پێشكه‌ش به كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بكه‌ن. هه‌روه‌ك ده‌بینین، به‌هه‌مانشێوه‌ی ئه‌م حزبانه، سیمبۆل و مانه‌وه‌ی حزب لای لایه‌نگرانیان له سه‌رووی هه‌موو به‌هایه‌كی نهتهوهیییه. له بری ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هاتنه بوونی ئه‌م لایه‌نه تازه له دایكبووانهدا، ململانێ سیاسییه‌كانی كوردستان به ئاقارێكدا بگۆڕن كه كه‌مێك ببنه ساڕ‌ێژ بۆ برینی له مێژینه‌ی خه‌ونی كورد، خه‌می كوردیان زیاتر قووڵ كرد به جۆرێك لایه‌نگرانیان نه‌ك هه‌ر نه‌وه‌ستان به ناوزڕاندن و گوته‌ی ناشیرین دژی به‌های نه‌ته‌وه‌یی و لایه‌نه‌كانی تر و كه‌سانی نه‌یار به‌خۆیان، به‌ڵكو ئاماده‌ن بكه‌ونه ناوزڕاندنی ئه‌وانه‌ش كه له‌ناو حزبه‌كه‌ی خۆیاندا ڕایه‌كی یان هه‌ڵوێسته‌یه‌كی جیاواز ده‌گرێته‌به‌ر.
تاكه جیاوازی نێوان ئه‌م لایه‌نه سیاسییه تازانه له‌گه‌ڵ ئه‌و حزبانه‌ی كه مێژوویه‌كیان هه‌یه، ئه‌وه‌یه كه به پێچه‌وانه‌ی حزبه كۆنه‌كان، له بری ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ئاراسته بكه‌ن و ڕك له‌ناو ناخیاندا نه‌چێنن، كینه و بوغزی لایه‌نگرانیان به‌سه‌ر حزبدا زاڵه و به‌شێوه‌یه‌ك كه ئه‌م حزبانه هه‌رگیز ناتوانن خۆیان له‌ژێر ئه‌م هه‌یمه‌نه‌یه ڕزگار بكه‌ن، بۆیه ناچارن به ئاراسته‌ی لایه‌نگرانیان هه‌نگاو بنێن. ئه‌مه چنینه‌وه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه‌یه كه چۆن تاكی كورد له پێشوودا، به تایبه‌ت لایه‌نگرانی حزبه سیاسییه‌كان، تا ئێسته‌یش وابه‌سته‌ی حزب بوون و ڕاییكردنی ژیانیان به‌بێ ئه‌م گیرۆده‌بوونه به حزبێك یان قه‌واره‌یه‌كی سیاسی به ئه‌سته‌م ده‌بینن. بۆیه له‌گه‌ڵ له دایكبوونی هه‌ر قه‌واره‌یه‌ك یاخۆ لایه‌نێكی سیاسی، گوڵێك له باخی خه‌ون و خه‌یاڵی كورد وشك بووه و ده‌بێت.
ئه‌م جۆره وابهستهبوونهی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به حزبی سیاسی، نه‌ك هه‌ر زیانی به هه‌موو پێگه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه گه‌یاندووه، به‌ڵكو هه‌موو چركه‌ساتێك ده‌بێت شاهیدی بینینی له‌ده‌ستدانی ده‌ستكه‌وتێك بین كه پێشتر هه‌زاران قوربانی بۆ دراوه. هه‌موو ئه‌م ڕووداوانه‌ی له‌م دواییانه ڕووی دا، جگه‌له‌وه‌ی ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن كه تا ئێسته تاكی كورد له مانا و مه‌به‌ستی ڕاسته‌قینه‌ی حزبی سیاسی نه‌گه‌یشتووه، شتێكی نامۆ نییه به كولتووری كورد. بۆیه له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌و هه‌موو پشێوی و ناتهبایییهی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان، ڕووداوێكی له شێوه‌ی 16/10، كارێكی پێشبینیكراو بووه و ده‌بوو ڕوو بدا.
بۆ ڕێگرتن له دووباره نه‌بوونه‌وه‌ی ڕووداوێكی له‌م شێوه‌ی كه له‌م دواییانه ڕووی دا، پێویسته له‌سه‌ر هه‌ر تاكێكی كورد هه‌ڵوێسته‌یه‌ك بكرێت و له‌مه‌ودوا جگه له به‌كارهێنانی حزب وه‌ك ئامرازێك، هیچی تر به‌هیچ حزبێكی سیاسی ڕه‌وا نه‌بینێت.
له هیچ وڵاتێكی پێشكه‌وتوو، بگره چڕی دانیشتوانه‌كه‌شی زیاتر بێت له سه‌تان ملیۆن، ناتوانێت خۆی بێنێته هاوتای زۆری ژماره‌ی حزبی سیاسی له كوردستان.