دادێك بۆ دەرگەی خوێندنی باڵا

AM:10:41:07/07/2019 ‌

گومانی تێدا نییە خوێندنی باڵا ئەگەر وەك خۆی ئەو ئەركەی پێی هاتووەتە سپاردن جێبەجێی بكات، دەبێتە یەكێك لە خاڵ و بنەماكانی پێشكەوتن و بووژاندنەوەی وڵات و پێگەیەنەری كادری باش و بەتوانا. ئەوەی جێی سەرنجی منە و دەمەوێ شی بكەمەوە، ناوی وەزارەتەكە و كورتكردنەوەی هەموو كاروباری وەزارەتەكەیە لە چوارچێوەی ناوەكەیدا.

دیارە ئەم وەزارەتە خۆی لە خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا دەبینێتەوە، ئەگەر وەك ئەوەی ناو نراوە خوێندن بەئاستێكی باڵا بگەیەنێ و بەردەوام لە خزمەت توێژینەوەی زانستی و داهێنان و كاری نوێدا بێت، ڕەوش و ژیانی خەڵك و وڵات بەرەوپێشچوونێكی خێرا و فراوان بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام ئایا ئەم وەزارەتە بەو شێوەیەی بە ناوەكەیەوە دیارە ناوەڕۆكەكەشی هەمان شتە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستە چاو لە كارەكان و پێشینە و جێدەستی ئەم وەزارەتە و داودەزگاكانی سەر بەم وەزارەتە بكەین و بڕیاری گونجانی ناو و ناوەڕۆكەكەی بدەین.

ئاشكرایە ئەگەر كاری خوێندنی باڵا لەوەدا كورت بكرێتەوە كە هۆكار و ئامرازێكە بۆ تەواوكردنی پرۆسە و ساڵانی خوێندنی خوێنكار و كاركردنیەتی بۆ بەكێڵگەكردنی زانكۆ و پەیمانگەكان بۆ بەرهەمهێنانی دەرچووی بەشە جیاجیاكان بەبێ پسپۆڕی وەك ئەوەی ئێستە هەیە، بەڕاستی نەبوونی باشترە! چونكە بارسووكییەكی زیاترە و تووشی ئەو ڕەخنانەش نابێت كە ئێستە لێی دەگیرێت.

ئەگەر بڕوانینە ئەم سێكتەرە گرنگەی پێشكەوتن، لە هەموو وڵاتانی دنیادا زانكۆ و پەیمانگەكان سەرچاوەی پێگەیاندنن بەهەموو ماناكانی بەرهەمهێنان، پیشەسازی، پێشكەوتن، ئابووری، داهێنان و دۆزینەوە تا دەگاتە پەروەردەی تاكەتاكی كۆمەڵ بۆ دەستەبەركردنی ژیانێكی سەقامگیر و دوور لە ئاژاوە.

زانكۆ و پەیمانگەكان لە وڵاتانی پێشكەوتوودا تا ئاستی گۆڕینی دەسەڵات و سیستمی حوكمڕانی كاریگەرییان هەیە، بەند نین بە هاتوهاوار و ژاوەژاوی حزب حزبێنە و بەڕێوەبردنیان لەلایەن دەسەڵات و پارتە ناوچییەكانەوە.

جێی خۆیەتی ددان بەوەدا بنێین ئەوەی ئێستە لە كوردستاندا زانكۆ و پەیمانگەكان بەڕێوە دەبات، حكومەت و خوێندنی باڵا نییە بەسەربەخۆیی، بەڵكو پارت و لایەنەكانن هەریەك و بەپێی دەسەڵاتی ناوچەكەی خۆی!

دەگەڕێمەوە سەر مەبەستی سەرەكیم لە بابەتەكەدا كە خۆی لە بەشی دووەمی ناوی وەزارەتەكەدا دەبینێتەوە ئەویش (توێژینەوەی زانستی)یە. ئایا هەر بەڕاستی ئەم وەزارەتە شتێكی سەلمێنراوی هەیە بەناوی توێژینەوەی زانستی؟

ڕەنگە وەك ناو بوونێكی نابەرجەستەی هەبێت، بەڵام بەداخەوە وەك ناوەڕۆك جگەلە ناوێكی واتایی هیچ بوونێكی دڵخۆشكەر بەدی ناكرێت كە ئەمە پێچەوانە و بكوژی هەموو حەزێكی زانستی و پێشكەوتنە.

ئەگەر كەسێك بڵێت ئەمەی كە نوسراوە تۆمەتێكە و دەدرێتە پاڵ ئەو وەزارەتە، ئەوە نییە ساڵانە بەهەزاران بەناو توێژینەوەی زانستی و بەدواداچوون لە زانكۆ و پەیمانگەكاندا پێشكەش دەكرێت؟

دەتوانم بڵێم نەبوونی ئەو كارانە لە هەبوونیان باشترە، چونكە نە هۆكارێكن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و نە هۆكارێكیشن بۆ دروستبوون و گەڵاڵەبوونی بیرۆكەی پڕۆژەیەكی سوودبەخش، ئەمە جگەلە زیانە مادی و مەعنەوییەكانی بۆ خوێندكار، كە تا ئامادەكردنیان ماندووبوونێكی زۆر دەچێژێن، بەڵام دوا مەنزڵی هەموو ئەو توێژینەوانە ئاگردان و زبڵدانەكانە!

لەمانە خراپتر سوود نەبینینی خوێندكار و چینی خوێنەر و ڕۆشنبیرانە لەو هەموو توێژینەوە و نامە زانستییانەی كە ساڵانە پێشكەش بەم وەزارەتە دەكرێت لە ئاستی باڵا و لەلایەن مامۆستایانی زانكۆ و پەیمانگەكانەوە، چونكە ئەمانە هیچ نەبێت پێویستە ساڵانە پڕۆژە و توێژینەوەی پێویستیان هەبێت بۆ پلەبەرزكردنەوەی خۆیان، بەڵام سەرسوڕمان ئەوەیە توێژینەوەكانی ئەمانیش زۆر زیاتر لە هی خوێندكارەكان ڕێزیان لێ ناگیرێت و دەخرێنە تاقی ڕەفەی پەرتووكخانەی زانكۆ و پەیمانگەكان و دەبنە لانەی خۆركە و تەپوتۆز!
جێی خۆیەتی وەزارەت وەك خەمخۆرێك دادێكی ئەم بێ دادییە بپرسێت و ساڵانە ژمارەیەك لە هەڵبژاردە و بڕوا پێكراوترینی ئەو توێژینەوە و نامە زانستییانە بەچاپ بگەیەنێت و بڵاویان بكاتەوە، هیچ نەبێ بۆ ئەوەی هۆكارێك بن بۆ بووژاندنەوە و فرە لقبوونی پەرتووكخانەی كوردی و زۆربوونی سەرچاوەی پێویست لە بوارە جیاجیاكاندا.

كەسێك كاری توێژینەوە و بەدواداچوون نەكات، نازانێ پەرتووكخانەی كوردی لەڕووی هەبوونی سەرچاوەی هەمە چەشنەی زانستی بڕوا پێكراوەوە چەند هەژارە!

وەزارەت پێش هەموو كەس و لە هەموو كەس باشتر دەزانێ ئەوانەی كاری توێژینەوەیان پێ دێتە سپاردن، چۆن عەوداڵ و هەڵوەدای سایت و پەرتووكخانە جیهانییەكان دەبن بۆ دەستكەوتنی چەند دێڕە زانیارییەك، ئەمە جگەلەو هەموو دەردەسەرییەی لەو ڕێیەشەوە تووشی توێژەر دەبێت، جا جێی خۆیەتی و بگرە گەلێ درەنگیشە بۆ ئەوەی وەزارەت لە ژێر ئەو ناوە گەورە و ناوەڕۆكە وێرانەدا دەربكرێت و كارەكانی وەك خۆی جێبەجێ بكات، تا هیچ نەبێ هۆكارێك بێت بۆ بووژاندنەوەی بازاڕی پەرتووكە ناوخۆییە زانستییە باوەڕ پێكراوەكان و پێگەیاندنی كادر و كەسی وا بتوانن لە داهاتوودا هۆكاربن بۆ داهێنان و پێشكەوتن لە بوارە جیاجیاكاندا.

بۆ ئەم مەبەستەش باشترین بژاردە بەگەڕخستنەوەی هەردوو چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە و ڕۆشنبیرییە كە ساڵانێكە بەهۆكارێكی بێ مانا لەكار خراون، زۆر لە توێژەر و نووسەرانی كورد بۆ كاری چاپكردن ڕوو لە دەرەوە دەكەن وەك زۆر لەلایەنەكانی تر، ئەم لایەنەش ئێستە هۆكارێكە بۆ بردنەدەرەوەی سامانی نیشتمانی و ساغكردنەوەی كاڵای دەرەكییە لە ناوخۆدا.