سه‌ربه‌خۆیی_به‌شی پێنجه‌م
بازرگانی شاده‌ماری ئابووری و بازاڕ شوێنی ساغكردنه‌وه‌ی هه‌موو كاڵایه‌كی ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه. پێشكه‌وتنه‌كان هه‌میشه مرۆڤ ڕێنوێنی ده‌كه‌ن زیاتر پێوه‌ست بێت به بازاڕه‌وه و خووی پێوه بگرێت. تا مرۆڤیش خووگرتووتر بێت به بازاڕه‌وه، بازرگانی له گه‌شه‌سه‌ندندا ده‌بێت.
پێشكه‌وتنی به‌رده‌وام داوای بازرگانی نوێ له‌ڕووی چه‌ندێتی و چۆنێتییه‌وه ده‌كات. له هه‌مان كاتدا داوای بازاڕێكی نوێ و خێراش ده‌كات تا مرۆڤه‌كان زووتر حه‌زه له‌بن نه‌هاتووه‌كانیانی تێدا تێر بكه‌ن. هه‌رچه‌ند ئێمه‌ی مرۆڤ بڕوانینه ڕه‌وتی ژیان له هه‌ر قوژبنێكی زه‌ویدا بێت، ده‌بینین مرۆڤ هه‌میشه هه‌ڵپه‌ی شتی زیاتر و باشتر و نوێترێتی. ڕاسته ئه‌مه پێوه‌ندیداره به ئاستی بژێوی و توانای دارایی تاكه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌كانه‌وه، به‌ڵام پێش هه‌موو شتێك ئه‌مه پێوه‌سته به حه‌ز و ئاره‌زووی تاكه‌كانه‌وه بۆ زیاتر ده‌ركه‌وتن و خۆنواندن.
وڵاتانی تازه‌پێگه‌یشتوو ئێسته بریتین له گه‌وره‌ترین بازاڕه‌كانی دنیا. له‌و بازاڕانه‌ی كه كه‌س دڵنیا نییه له‌وه‌ی ده‌یكڕێت یان بازرگانی پێوه ده‌كات و ده‌یفرۆشێت. ئه‌م وڵاتانه له‌هه‌ر ڕوویه‌كه‌وه تێ‌یان بڕوانی، چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی، كاڵای بیناسازی، خوارده‌مه‌نی، جلوبه‌رگ و كاڵا گران به‌هاكان و.. تد. ده‌بینیت بازاڕێكن ته‌نیا ده‌ردراوه‌كانی وڵاتانی پێشكه‌وتوو و خاوه‌ن هێز و پاره‌یان تێدا ساغ ده‌كرێته‌وه. ئیتر ئه‌وه‌ی گرنگ نییه مرۆڤایه‌تی و هه‌ستی مرۆڤپارێزییه، چونكه ئه‌م وڵاتانه ته‌نیا مه‌به‌سته بازرگانییه‌كه‌یان لاگرنگه و ساغكردنه‌وه‌ی كاڵاكانیان.
هه‌روه‌ها وڵاتانی لایه‌نی دووه‌میش ته‌نیا سكتێری و خۆڕازاندنه‌وه و ده‌ركه‌وتنن، بێ ئه‌وه‌ی هیچ كامیان چاو له ماك و كاریگه‌ری و شوێنه‌واره‌كانی ئه‌م بازرگانی و بازاڕه بكه‌ن به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر وڵاتانی خاوه‌ن پاره‌ی تازه‌پێگه‌یشتوو. ئه‌گه‌ر به وردبینییه‌وه له دنیای پێشكه‌وتوو بڕوانیت، له‌وه تێده‌گه‌یت كه پێشكه‌وتن و دنیای نوێ بووه‌ته گۆڕستانی كۆمه‌ڵگه و وڵاته تازه پێگه‌یشتووه‌كان.
جگه‌له هه‌بوونی شه‌ڕوشۆڕی به‌رده‌وام و نه‌خۆشیی جۆراوجۆر، وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان توانیویانه له‌ڕێی پلان و نه‌خشه‌ی ژیرانه‌وه وڵاتانی دنیای نوێ بكه‌نه بازاڕگه‌یه‌كی هاوچه‌رخی پڕ له هه‌موو جۆره‌كانی كاڵا و شتومه‌كێكی كۆنی بێ كه‌ڵك و به‌ناوی گه‌وره گه‌وره‌ی بازرگانییه‌وه، هه‌م سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م وڵاتانه ده‌به‌ن و هه‌م تووشی ده‌یان شه‌ڕ و ده‌ردی كوشنده‌یان ده‌كه‌ن. بێ ئه‌وه‌ی كه‌س بتوانێ ده‌ستی تۆمه‌تیشیان بۆ درێژ بكات.
ئێمه كه ده‌كرێ به یه‌كێك له وڵاتانی دنیای نوێ دابنرێین، نه‌ك بازاڕه‌كانمان، بگره هه‌موو وڵاته‌كه‌مان، هه‌موو كووچه و كۆڵان و ته‌نانه‌ت ماڵه‌كانیشمان بووه‌ته بازاڕێكی پڕ جووڵه‌ی بازرگانی و شوێنی ساغكردنه‌وه‌ی سه‌دان جۆری كاڵا و شتومه‌ك و خۆراك و ده‌واوده‌رمانی بێ كوالێتی و ماوه‌به‌سه‌رچوو. كه‌سیش نازانێ چ بوێری و چاونه‌ترسییه‌كه هه‌م وڵاتانی ده‌ره‌وه و به‌تایبه‌ت دراوسێكان، هه‌م بازرگانه ناوخۆییه‌كان وا لێ ده‌كات هێنده نابه‌رپرسانه مامه‌ڵه بكه‌ن. ئه‌م هه‌موو كاڵا ناته‌ندروسته بهێننه ناو خه‌ڵك و خاكی ئه‌م وڵاته‌وه.
ئاماره‌كانی بواری ته‌ندروستی و بازرگانی پێمان ده‌ڵێن، ئێمه چ بازاڕێكی به‌سوودین بۆ وڵاتانی دراوسێ و چ وێرانه‌یه‌كی بێ خاوه‌نیشین بۆ خۆمان. له هیچ كوێی دنیادا ڕووی نه‌داوه پاره‌ی خۆت و خه‌ڵكی خۆت بده‌ی به نه‌خۆشی و ده‌رد و په‌تا و بیهێنیته‌وه، به‌شانازییه‌وه پێشكه‌شی هاووڵاتییانی خۆی بكه‌یت و ناوی بنێی بازرگانی!
ده‌مه‌وێ نموونه‌یه‌ك هاوپێچی ئه‌م قسانه بكه‌م، ئه‌م بابه‌ته هه‌رچه‌ندی له‌سه‌ر بگوترێ و بنووسرێ هێشتا ناگا به چه‌ند یه‌كی ئه‌و پۆخڵه‌وات و پیسفرۆشییه‌ی ڕۆژانه له بازاڕه‌كانی كوردستاندا به‌رچاو ده‌كه‌وێت. له‌م ماوه‌یه‌ی پێشوودا كه توركیا هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر ڕۆژئاوا ده‌ست پێ كرد و زیانێكی زۆری مادی و گیانی له ناوچه كوردنشینه‌كاندا به‌تایبه‌تی دا. وه‌ك هه‌ڵوێستێك به‌شێك له كوردانی ناوچه جیاجیاكانی دنیا و به‌تایبه‌ت باشووری كوردستان بڕیاری بایكۆتكردنی كاڵای توركییان دا. له ئه‌نجامی كاریگه‌ری ئه‌م بڕیاره و كه‌مبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی هاورده‌كردن له‌و وڵاته‌وه، به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م چه‌ندان جۆری كاڵای ئه‌و وڵاته خرانه بازاڕه‌كانی هه‌رێمه‌وه به ناوی وڵاتانی تره‌وه، به‌تایبه‌ت له‌ناویاندا به‌ناوی ئێرانه‌وه! ئه‌مه له‌كاتێكدا ناوی ئه‌و كۆمپانیایانه بۆ خه‌ڵكی كوردستان زۆر ئاشنا و ناسراون، كه‌چی له‌وپه‌ڕی بێشه‌رمیدا بازرگانه ناوخۆییه‌كان و خاوه‌ن كۆمپانیاكان بێ گوێدانه كوالێتی كۆنترۆڵی ئه‌م وڵاته و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ته‌ندروستی، هه‌ستاون به گۆڕینی ناوی وڵاتی دروستكه‌ر!
ئه‌وجا ئه‌مه ڕوون نییه ئه‌م كه‌س و كۆمپانیایانه ئه‌م كارانه‌یان له ناوخۆدا كردووه یان هه‌ر له ده‌ره‌وه كراون، به‌بێ منه‌تیش ئه‌م كاڵایانه له خاڵه سنوورییه‌كانه‌وه هێنراونه‌ته ناوخۆی كوردستان. هیچ جێی سه‌رسوڕمان نییه ئه‌و وڵاتانه بۆ ساغكردنه‌وه‌ی كاڵا بێكه‌ڵكه‌كانی خۆیان، هه‌ر چ ڕێیه‌ك بگرنه‌به‌ر.
هیچ پێوه‌رێكی ژیریی ڕێ به‌مرۆڤ نادات خۆی بكاته قوربانی له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكانی تر، كه‌چی حكوومه‌تی هه‌رێم به‌وپه‌ڕی بێباكییه‌وه هاووڵاتییه‌كانی ده‌كاته قوربانی له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی دراوسێدا. كه‌سیش نازانێ نهێنی و حیكمه‌تی ئه‌م كۆمه‌ڵكوژییه چییه؟
جێی گومان نییه هه‌رێمی كوردستان ساڵانێكه بووه‌ته بنكه‌ی بازرگانی به‌سه‌ره‌وه‌كردنی وڵاتانی توركیا و ئێران، له به‌رانبه‌ریشدا بازرگانه كورده‌كان و لایه‌نی پێوه‌ندیدار به‌م باسه‌وه هێنده ده‌ستیان خستووه‌ته بینه‌قاقای ئابووری ئه‌م وڵاته، ئێسته‌شی له‌گه‌ڵدا بێت ئه‌م هه‌رێمه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌مه‌ندیی له چه‌ندان بواری جۆراوجۆردا، نه‌یتوانیوه له زۆربه‌ی بواره‌كاندا خۆی بگه‌یه‌نێته خودبژێوی كه ئه‌مه جێی تێڕامان و بیركردنه‌وه‌یه!
گه‌لێك به هه‌بوونی ده‌یان هه‌زار ده‌ستی كار و هه‌بوونی ده‌یان جۆر ماده‌ی خاو و به‌كارنه‌هاتوو، كه‌چی نه‌یتوانیوه سوود له هیچیان وه‌ربگرێت و تا ئێسته‌ش هه‌ر خه‌ریكی هاورده‌كردنی ئه‌و كاڵانه‌یه، كه هیچیان له ژه‌هر و ماده هۆشبه‌ره‌كان كه‌متر نییه. بۆ پشتڕاسكردنه‌وه‌ی ئه‌م قسه‌یه‌ش، ئاماره‌كانی تووشبوون به نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و شێرپه‌نجه و خوێن.. تد به‌سن.
له كۆتادا ده‌ڵێم خوا بكات هیچ په‌تا و ناڕه‌حه‌تییه‌ك ڕوو له‌م هه‌رێمه نه‌كات، چونكه نه هیچ خه‌مخۆرێكی وای هه‌یه زووبه‌زوو بتوانێ چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزێته‌وه، نه خه‌ڵكه ئاساییه‌كه‌ش له ده‌ستی بازرگانه چاوبرسییه‌كان قوتاریان ده‌بێت. ئه‌گه‌ر به چاوێكی ژیرانه‌وه ته‌ماشای بارودۆخی ئه‌م وڵاته بكه‌ین، ده‌بینین له‌گه‌ڵ دروستبوونی هه‌ر ناڕه‌حه‌تی و هاتنی هه‌ر نه‌هامه‌تییه‌كدا، خه‌ڵكی هه‌ژار باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن و كۆمه‌ڵێك شاره‌زا و ویژدان مردووش ده‌بنه ملیۆنێر و به‌سه‌ر خوێن و گۆشتی ئه‌و خه‌ڵكه‌وه هێنده‌ی تر ده‌وڵه‌مه‌ند و باڵاده‌ست ده‌بن.
لێره‌وه‌یه كه پێویسته بڵێین ئێمه تا خاوه‌نی ئه‌م عه‌قڵه له بازرگانی و بازاڕكردندا بین، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن بازرگانی بازاڕی سه‌ربه‌خۆ، خه‌ونێكه و هێنانه‌دیی مه‌حاڵه. چونكه كه‌من ئه‌و كوردانه‌ی ئاماده‌ن پاره‌كانیان بده‌ن به به‌رهه‌می ناوخۆیی بۆ پشتگیریكردن و بووژاندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه خۆماڵییه‌كان و پشتكردنه به‌رهه‌می بیانی. له‌كاتێكدا به‌ئاشكرا ده‌زانن هۆكاری زۆربه‌ی ماڵوێرانییه‌كانی ئه‌م وڵاته، كاڵا و شتومه‌كی وڵاتانی دراوسێن.