نامەیەكی كراوە بۆ سەرۆكی حكوومەتی هەرێم

PM:02:02:02/07/2020 ‌
بەڕێزتان ئێستە خاوەن گەورەترین دەسەڵاتی جێبەجێكارن لەم وڵاتەدا و هەموو بڕیار و ڕاسپاردەكان دەگەڕێنەوە ژێردەست و چاودێریی ئێوە. خۆشبەختانە یەكەمین كار و پڕۆژە لەلایەن بەڕێزتانەوە بانگەشەی بۆ كرا، چاكسازی بوو. چاكسازی هیوای لەمێژینە و خەونی زۆرینەی خەڵكی كوردستانە، ئەو خەڵكەی تەنیا مەینەتی و ناڕەحەتی بەشی بووە لە ڕابردوودا، بەو هیوایەی هەوڵەكانتان دەروویەك بن هێز و هەست بە بەری خەڵكدا بكەنەوە.

كێشەی گەورەی ئێمەی كورد ئێستە كەڵەكەبوونی چەندان تەنگژەیە لە بوارەكانی ئابووری، تەندروستی، مرۆیی، كارگێڕی، بەداخەوە كاریگەریی گەورە و بەرچاوی هەموو ئەم تەنگژانەیش بەزۆری چینی هەژار و نەدار دەگرێتەوە. 
بەشی زۆر و كاریگەریی ئەم تەنگژانە، ئێمەی مرۆڤ و هاووڵاتیی ئەم هەرێمە دروستمان كردوون

هەرچەندە تەنگژەكان زۆرن و گەورەن، بەڵام ئەمە وای نەكردووە ژیان بوەستێت. دەبێ ددان بەو ڕاستییەشدا بنێین بەشی زۆر و كاریگەریی ئەم تەنگژانە، ئێمەی مرۆڤ و هاووڵاتیی ئەم هەرێمە دروستمان كردوون لە كابینەكانی ڕابردوودا. بەهۆی ئەو هەموو پۆخڵەوات و بەهەدەردان و لێنەپرسینەوەی لە بوارە جیاجیاكاندا كراون. 

ئەوەی دەمەوێت بیڵێم و قسەی لەسەر بكەم، بابەتی بەهەمیشەییكردنی (فەرمانبەرانی گرێبەست)ـە.

بەڕێزتان ئاگادارن ئەم چینە لە كۆمەڵگە و فەرمانبەراندا بەشخوراوترین هاووڵاتیی هەرێمن، ئێمە لە كاریگەریی تەنگژەكان تێدەگەین، بەڵام نەدەبوو لەو هەموو ناخۆشییەدا پشكی شێر و باجی گەورە ئەم كۆمەڵە بیدەن.

هەر بەڕاستی جێی داخ بوو كە لەگەڵ نالەباری دۆخەكان، بەردەوامی كاركردنمان لە هەموو كاتە جیاوازەكاندا و كەمی ماف بۆ ئەم توێژەی فەرمانبەران، لە رابردوو وەك مووچەخۆرێكی پلەباڵا مامەڵەیان لەگەڵدا كرا و 50%ی مووچەكانیان پاشەكەوت كرا، بەبێ ڕەچاوكردنی كەمكردنەوەی دەوام و هیچ سوودمەندبوونێكی تر لە مۆڵەتی خوێندن، دایكایەتی، مۆڵەتی بێ مووچە و تەنانەت بەشێكی زۆریان بەپێی دەوامی هەندێك لە وەزارەتەكان، پشووەكانی هەینی و شەموو نەیدەگرتنەوە و نایانگرێتەوە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، جیاكاری و بەجیاواز سەیركردنێكی ئاشكرا بەدی دەكرێت لە تەواوی فەرمانگەكان لە نێوان فەرمانبەری هەمیشەیی و گرێبەستدا. ئەمە بۆ خۆی دۆخێكی دەروونی خراپی خوڵقاندووە بۆمان، بەڵام نامەوێ دەردەدڵی زیاتر بكەم. 

بەو هیوایەی پەیامەكەم لەم ڕێیەوە وەك خۆی بگاتە بەڕێزتان و بتوانن بەپێی ئەو دەسەڵاتەی هەتانە، كە بەپێی دوایین زانیارییەكانی وەزارەتی دارایی، سەرجەم ڕێكارەكانی بەهەمیشەییبوون و داتاكان تەواو كراون و گەڕاونەتەوە ئەنجوومەنی وەزیران، ماندووبوونی چەندان ساڵەی زیاتر لە ۲٥ هەزار فەرمانبەری گرێبەست، بەدەركردنی بڕیاری بەهەمیشەییبوونیان بڕەوێننەوە.

لە چەند مانگی ڕابردوو پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنێكیدا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بەهەمیشەییكردنی گرێبەستەكان كرد و دوو هەفتە مۆڵەتی بە حكوومەت دا تا هەموو ڕێكارە یاساییەكان بگرێتەبەر، بە پێچەوانەوە پەرلەمان خۆی خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەكات و بڕیارەكە یەكلا دەكاتەوە. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، پاش تێپەڕبوونی چەند مانگێكیش، بابەتەكە تا ئێستە لە پەرلەمان تاكە وشەیەكیشی لەبارەوە نەگوتراوە. 

لەلایەكی ترەوە، مامۆستایانی گرێبەست كە ژمارەیان زیاتر بوو لە شەش هەزار مامۆستا، بڕیاری بەهەمیشەییكردنیان بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ دەركرا، وێڕای پیرۆزباییمان، داواكارین ئەو مافە بە ئێمەیش بدەن. 

بەشی زۆری فەرمانبەرانی گرێبەست بەگوێرەی ساڵەكانی خزمەت كە بە مەرجی سەرەكی كردنە هەمیشەیی دانراوە، زۆر لە پێش مامۆستایانن، بە جۆرێك مامۆستا هەیە زیاتر لە ساڵێك خزمەتی نییە، كەچی فەرمانبەر هەیە زیاتر لە 15 ساڵ خزمەتی هەیە و هێشتا هەر گرێبەستە.

وەك كۆتا خاڵ دەگەڕێمەوە سەر لایەنی چاكسازی، بەپێی گوتەی وەزارەتی دارایی، بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست نەك هەر بارگرانی دروست ناكات بۆ حكوومەت، بگرە ساڵانە بڕی سێ ملیار دیناریش دەگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی حكوومەت.

بۆیە داواكارین لە بەڕێزتان فەرمان بكەن بە دامەزراندنمان بە هەمیشەیی و ۲٥ هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە دڵەڕاوكێ و نالەباری دۆخی دەروونی دەرباز بكەن، لە رووی داراییشەوە بەگوتەی دارایی، پارە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنە، كەواتە بۆ حكوومەتیش هەوڵێكی تری چاكسازییە.

سەربەست قادر
فەرمانبەری گرێبەست





ئه‌م بابه‌ته 921 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌