سه‌ربه‌ست قادر
هه‌موومان (نا)یه‌كمان پێویسته، چونكه (نا)یه‌ك به‌سه بۆ گۆڕینی ژیان و گوزه‌ران و كه‌سایه‌تی و مێژوو.
مێژوو ده‌گێڕێته‌وه هه‌موو خاوه‌ن هه‌ڵوێسته‌كان به‌رده‌وام له به‌رده‌م تیروتانه‌ی ده‌وروبه‌ردا بوون، به‌ڵام هه‌میشه (نا)كانیان ده‌بوو به پڕیشكی ئاگر و خه‌رمانی جه‌وروسته‌میان ده‌سووتاند.
(نا)یه‌ك به‌سه بۆ به فه‌تاره‌تدانی سه‌رێك. بۆ هه‌ڵپڕووكانی ڕۆحێك، له یه‌ككردنی گیانه‌كان. (نا)یه‌كیش به‌سه بۆ هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشێكی بڵێسه‌داری ڕووخێنه‌ر. ڕووخێنه‌رێك ئاگری نه‌كوژاوه‌ی سه‌دان ساڵه‌ی كام ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌هێزه به زه‌ویدا به‌رێت.
ئێمه مرۆڤین، مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی خاوه‌ن هه‌ست و ویژدان. هه‌ر كه‌ی ویژدان و هه‌سته‌كان خه‌فه كران، ئیتر مرۆڤ سه‌ركز و لاواز ده‌بێت. ته‌نانه‌ت وتنی (نا)یه‌كیشی لێ ده‌بێت به بار، ئاین، شۆڕش، پیاوانی گۆشه‌گیر و خاوه‌ن دڵ و ده‌روونه زیندووه‌كان له‌پێناو (نا)یه‌كدا هاتوون.
به‌ڵام هه‌میشه (نا)كردن پێویست نییه بۆ مرۆڤ، به‌ڵكو پێویسته بزانێت كه‌ی و چۆن (نا) ده‌كات، ئه‌گیرنا (نا) ده‌بێته ئاكارێكی ڕۆژانه و هیچ به‌ها و سه‌نگێكی نامێنێت.
عه‌ره‌ب ساڵانێك به‌ده‌ست نه‌زانی و به‌دڕه‌وشتی و جه‌وروسته‌مه‌وه ده‌یانناڵاند، خودا په‌یامبه‌رێكی بۆ ناردن تا پێیان بڵێ ئیتر ڕاوه‌ستن، فێربن گه‌وره و داراكانتان له بچووك و نه‌داره‌كانتان به‌هێزتر و به‌ڕێزتر نین. فێر بن بڵێن (نا). فێر بن سه‌ر بۆ هه‌موو كه‌س و هه‌موو شت دامه‌نوێنن.
ته‌نیا ئه‌و (نا)یه به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی له كه‌مترین ماوه‌دا گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵاتی ئاینی و سیاسی و به‌ڕێوه‌بردن دابمه‌زرێنێت. به جۆرێك توانی ململانێی مه‌زنترین ده‌سه‌ڵاته‌كانی ناوچه‌كه و دنیا بكات و چۆكیان پێدا بدات، مرۆڤایه‌تی فێر كرد تا له هه‌موو شوێن و كاتێكدا (نا)یان بیر نه‌چێت و به‌ده‌ر له ڕێز له‌كاتی گونجاو‌دا، له به‌رده‌م هه‌موو ده‌سه‌ڵاتدار و خاوه‌ن زۆرێكدا بڵێن (نا). چاونه‌ترس بن هه‌رچه‌نده ئه‌و (نا)یه خۆره‌ی سه‌ریشیان بێت.
دێڕه‌كانی مێژوو پڕن له ناوی ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر وتنی (نا) له‌دار دراون.
مه‌حوی ده‌فه‌رموێ:
به‌حه‌ق هه‌ر حه‌ق به‌ناحه‌ق ناحه‌قم وتووه له ڕۆژێ كه بووم
وه‌كو مه‌نسوور ئه‌گه‌ر بشمكوژن ناكه‌م له حه‌ق لاده‌م…
ئه‌م هه‌ڵوێسته زاده‌ی یه‌كه‌مین (نا)یه كه په‌یامبه‌ر مرۆڤایه‌تی بۆ ڕێنوێنی كرد. ده‌بینین تا ئه‌مڕۆیشی له‌گه‌ڵدا بێت و تا دنیا درێژه به كاروانی پێشوه‌چوونی بدات، كاریگه‌ری ئه‌و (نا)یه ده‌مێنێت.
نزیك ده‌بمه‌وه له ئه‌مڕۆ گوزه‌رێك به مێژووی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپادا ده‌كه‌م. ئه‌و ئه‌وروپایه‌ی ئێسته چاوی هه‌موو دنیای له‌سه‌ره. له لووتكه‌ی په‌روه‌رده، بازرگانی، كشتوكاڵ، سه‌ربازی و پیشه‌سازیدان، سه‌رده‌مانێك گیرۆده‌ی ده‌سه‌ڵاتی پاوانخوازی كڵێسا و پیاوانی ئاینی و پاشاكاندا بوون. هه‌رچه‌نده ده‌سه‌ڵاتی دڕندانه‌ی تێهه‌ڵكێشكراوی پاشا و ئاین، زاخی به قوڕگی خه‌ڵكدا كردبوو، به‌ڵام نه‌یتوانی (نا) له فه‌رهه‌نگ و هزری خه‌ڵكیدا بسڕێته‌وه. نه‌یانتوانی و له تاكی خاوه‌ن هه‌ستی وڵات بكه‌ن ئیتر (نا)یان بیر نه‌یه‌ته‌وه. بگره په‌نگخواردنه‌وه‌ی هه‌موو ناڕه‌زاییه‌كانی خه‌ڵكی (نا)یه‌كی به‌دوادا هات زۆر و سته‌می سه‌دان ساڵه‌ی پاشا و سه‌رمایه‌دار و پیاوانی ئاینی به یه‌كجاری له بن هێنا، (نا)یه‌ك ئه‌وروپای به ئه‌مڕۆ گه‌یاند، (نا)یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌كانیشی فێر كرد ئه‌وه‌ی به گه‌له‌وه ده‌یانبه‌ستێته‌وه ته‌نیا دادپه‌روه‌ری، یه‌كسانی و خزمه‌تكردنه.
كورد به‌درێژایی مێژوو گه‌لێك جار گوتوویه‌تی (نا). چه‌ندان جار له‌سه‌ر (نا)كردن ماڵ‌وێران و ده‌ربه‌ده‌ر و قڕ كراون، هه‌موو جۆرێكی سته‌م، سزا، گه‌مارۆ و برسیكردنی به‌سه‌ره‌وه تاقی كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام وه‌ك گه‌لێكی زیندوو (نا)ی بیر نه‌چووه‌ته‌وه. سه‌رباری هه‌موو ناهامه‌تییه‌كانی به‌رهه‌می (نا) گوتنی كورد ئه‌وه‌یه ئه‌مڕۆ له به‌رده‌ست و له‌به‌رچاودایه. به‌ڵام ده‌بێ بپرسین میله‌ت و ده‌سه‌ڵات چۆن ده‌توانن به (نا) گوتن به‌رگری له‌و ده‌سكه‌وتانه بكه‌ن كه به لێشاوێك خوێن و زه‌وینێك جه‌سته به‌ده‌ست هاتوون؟
كورد بۆ هه‌میشه (نا)ی پێویسته. (نا)یه‌ك بۆ ناخی تاك به تاكی ئه‌م نیشتمانه تا فێر ببێ هه‌میشه بریندار و كوشته‌ی (نا) گوتنه‌كانی ڕابردووه. تا بزانێت هه‌میشه (ئا) گوتن ته‌نانه‌ت بۆ هه‌ست و سۆز و حه‌زه‌كانیش پێویست نییه. (نا)یه‌ك گه‌ل فێری ده‌ستگیرۆیی، ڕۆشنبیری، پێشكه‌وتن و یه‌كگرتن بكات. (نا)یه‌ك سنوورێك له نێوان میله‌ت و ده‌سه‌ڵاتدا بهێڵێته‌وه تا چیتر میله‌ت ئه‌وه‌نده زه‌لیل و ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌نده بێ هه‌یبه‌ت نه‌بینرێت. (نا)یه‌ك ده‌سه‌ڵات بترسێنێت له‌و كاره‌ساته‌ی له زیاتر په‌راوێزخستنی گه‌له‌وه سه‌ر هه‌ڵده‌دات.
كاره‌ساتی مرۆیی، ڕه‌وشتی، ئاینی، ده‌روونی كه ئێسته ماك و شوێنه‌واری زۆرینه‌یان به به‌رچاوی هه‌مووانه‌وه له سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌كردندان. پێویسته ده‌سه‌ڵاتیش (نا)یه‌ك فێر ببێ كه كه‌س نه‌توانێ سنووره‌كانی ببه‌زێنێت چ ناوخۆیی چ ده‌ره‌كی.
مانه‌وه به كوردی له‌م ڕۆژگاره‌دا و له‌م جه‌نگه‌ڵی (ئا) ویسته‌دا (نا)یه‌كی گه‌وره‌ی ده‌وێ كه سه‌نگی كورد بپارێزێت و ببێته پارێزه‌ری هه‌موو ئه‌و خوێنانه‌ی له‌پێناو (نا)یه‌كانی ڕابردوودا ڕژاون.
نه‌زانانه (ئا)كردنی كورد وای كردووه وه‌ك به‌ش خوراوترین گه‌لی ناوچه‌كه بمێنێته‌وه، بۆیه جێی خۆیه‌تی بزانین (نا)یه‌ك له كاتی پێویست و گونجاو‌دا سه‌نگ و قورسایی هه‌زاران (ئا)ی نه‌زانانه‌ی هه‌یه.