حەقیقەت و خەیاڵ

AM:08:46:30/09/2019 ‌

منداڵ لە حەقیقەتدا لە دایك دەبێت، لە خەیاڵدا دەژی و لە حەقیقەتدا دەگەڕێتەوە. هەموو شتێك لە گەردووندا حەقیقەتن و پێویستیان بەتێگەیشتنی حەقیقییانەیە. مرۆڤ دروستكەری خەیاڵ و بكوژی حەقیقەتە.

شیكردنەوەی چەمكی حەقیقەت مرۆڤ گرفتاری دەیان لێكدانەوەی جیاواز و پێناسەی جۆراوجۆر دەكات، بۆیە باشترە لە پوختترین پێناسەدا لە واتای (وەرگرتنی ئەوەی هەیە لە دەوروبەردا وەك خۆی) كورتی بكەینەوە. مرۆڤ هەركە چاو دەكاتەوە لە گەردوونێكی حەقیقی لێوانلێو لە خەیاڵدا ئاوێتەی بوون دەبێت. بوونێك كە مەبەست لێی زانینی حەقیقەت و درككردنە بە دەوروبەر و ژیان بەو جۆرەی مرۆڤ پێویستە ئاگاداریان بێت.

كۆمەڵگە دەرهێنەر و كاراكتەری دروستكردنی گومان و خەیاڵە. مرۆڤی خەیاڵی لە چیكڵدانەی كۆمەڵگەوە دەست بە ژیان دەكات. لەوێوە قۆناغەكانی خەیاڵ و ناسكبوونەوە دەبڕێت و هەر لەوێشەوە بەدوا قۆناغەكانی بێ هەڵوێستی، سستی، خەم و پەژارە و دەیان نەخۆشیی دەروونی دەگات.

پەروەردە لە گەورەترین ئەو داودەزگایانەیە كە پێویستە لە هەموو وڵاتێكدا پشتی پێ ببەسترێت بۆ دوورخستنەوەی تاك لە خەیاڵ و گەیاندنی بە حەقیقەت، نەك پەروەردە خۆی هۆكارێك بێت بۆ خەیاڵاویكردنی تاكەكان. كاتێك دەڵێم پەروەردە، مەبەستم پەروەردەیە بە هەموو قۆناغەكانیەوە، بەتایبەت قۆناغی 12 ساڵی منداڵی و سەرەتایی، كە ئەم قۆناغە دروستكەر و بڕیاردەری تەمەنی مرۆڤە كە چۆن بژی.
كاتێك تاك لە یەكەمین ساڵەكانی تەمەنیەوە فەرهەنگی مێشك و هزری بە قسەی پڕوپووچ، ترس، چیرۆكی بێبنەما، فیلم كارتۆن و درامای ناپەروەردەیی دەتەنرێت، پێویستە هەمیشە چاوەڕێی سەرهەڵدانی كارەسات و ڕووداوی ئازاربەخش بین.

خەیاڵ پێویستە هەمیشە سنووردار و كەوی بكرێت، مرۆڤ بتوانێ بەسەریدا زاڵ بێت، نەك ببێتە بار و نەخۆشی و داهاتووی و مرۆڤەكە نابووت بكات. بۆیە پێویستە تاك هەمیشە لەسەر خەیاڵی گونجاو و داهێنەرانە پەروەردە بكرێت. خەیاڵێك وا لە مرۆڤ بكات هەمیشە بیری لای ئازادی و ئاسۆیەكی ڕوون بێت. خەیاڵێكی ڕاستەقینە دەرگەی گومانێكی گونجاو دەكاتەوە، لە گومانیشەوە مرۆڤ دەست بە تاقیكردنەوە و دۆزینەوە و داهێنان دەكات.

لەم دەروازەیەوە دەپرسین ئایا پەروەردەی تاكی كورد پەروەردەیەكی خەیاڵییە یان پەروەردەیەكی ڕاستەقینە؟ 

گەنج هەم سووتەمەنی و هەم داینەمۆی هەڵسووڕانی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە، كاتێك دەبینین ڕێژەی خۆكوژی و خەڵككوژی، دزی، شەڕ و ئاژاوە، كێشەی خێزانی، دەسدرێژی،… تد لە كۆمەڵگەدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبوون و گەشەسەندندایە، ئەوە نیشانەی ئەوەیە تاكەكانی ئەو كۆمەڵگەیە لەسەر بنەماكانی پەروەردەی ڕاستەقینە پەروەردە نەكراون، بەڵكو دراونەتە دەست هەموو شەپۆل و ڕەشەبایەكی بێ ئەمانی ناو كۆمەڵگە، تا خۆیان پەروەردەبن. وەك دەڵێن: (ئەوەی دایك و باوك پەروەردەی نەكات ڕۆژگار پەروەردەی دەكات، بەڵام دەبێ بزانین ڕۆژگار لەسەر كام ڕەوت پەروەردەی دەكات؟. دوای چەند پەروەردەی دەكات؟.

وەڵامی ئەمانە مەرج نییە هەمیشە دڵخۆشكەر بن، چونكە بە زۆری وا دەبێت ڕۆژگار و كۆمەڵگە تاكی تێكشكاو پەروەردە دەكەن، تاكێك دوای بە هۆشهاتنەوەیشی دەكەوێتە ناو دنیایەكی خەیاڵاوی گرێدراو لە ئاسۆیەكی ناڕوونی نێوان ڕابردوو و داهاتوو. تاكی كورد بەتایبەت گەنج، بە زۆری لەم حاڵەتەدا دەژین، خاوەنی زۆرترین بۆشایی دەروونین، كەمترین كاتیان هەیە، هەمیشە سەرقاڵ و مشەوەش دیارن، لە هەمانكاتدا لە بەتاڵییەكی ماوەدرێژدا دەژین.

هەموو ئەمانە خشت و بەردی بنیاتنانی بناغەی دنیایەكی خەیاڵی بە تاكەكانی ئەم كۆمەڵگەیە دەدەن تا هەمیشە بە سەركزی و ناجێگیری بمێنێتەوە. تا وای لێ دێت مرۆڤی بەرهەمهاتوو ڕەزامەندە بەهەموو دۆخێك، كەمترین هەوڵی گوڕانكاری و خۆنوێكردنەوە دەدات. هەمیشە بە شوێن كووچەیەكی بێدەنگ و كۆڵانێكی لاتەریكدا دەگەڕێت.
گۆشەگیری و نابەرپرسیارێتی بەردەوام ئەو چەمكانەن بەسەر سەری ئەم تاكانەوە دەخولێنەوە. تا دەگاتە ئەوەی بڵێ: (لە خەیاڵدا بەهەموو شتێك گەیشتووم. پێویست ناكات لە حەقیقەتدا بە شوێنیاندا بگەڕێم.

بڕوانە بارودۆخی دەروونی و ژیانی تاكی كورد بێ جیاوازی تەمەن و ڕەگەز، دەبینی سەركەوتووترین و گونجاوترین ئامانجەكانی، ئەوانەن لە خەیاڵیدا پێی گەیشتووە و بەدی هاتوون، جێی سەرسوڕمان نییە لە كاتێكدا تۆ دەزانی هێشتا لەم كۆمەڵگەیەدا نە لەناو خێزان و نە لە ناوەندەكانی خوێندندا وانەیەك بەناوی پەروەردەوە بوونی نییە. لە كاتێكدا وەزارەتێك بەناوی پەروەردەوە چەندان ساڵە لە گەورەترین وەزارەتە بەكاربەرەكانی ئەم وڵاتەیە. لە بەرانبەر نەبوونی پەروەردەیەكی خێزانی و دەروونی گونجاو.

ئەم كۆمەڵگەیە خاوەنی بێڕەحمترین ڕاگەیاندنە كە بەهەموو ناوەندەكانی ڕاگەیاندنی كوردی و خاوەن بەرنامەگەلێك نین بتوانن لە ساڵێكدا چەند كەسێك بخەنە سەر ڕاستەڕێی پەروەردەیەكی ڕاستەقینە.

لە كاتێكدا خاوەنی گەورەترین بەرنامە و بنەماكانی بەلاڕێدابردن و خەیاڵپڵاوكردنی تاك بەتاكی ئەم كۆمەڵگەیە بە پیرەكانیشیەوە. لە كاتێكدا كۆمەڵگە خۆی هۆكار و بنیاتنەری ئەو دەروونە هەڵەشە ناڕێكە نەگونجاوەی تاك بێت، هیچ ڕەوا نییە گلەیی لە سەرهەڵدان و ڕوودانی دەیان كارەساتی لەو جۆرەی بە بەرچاوەوە ڕۆژانە ڕوو دەدەن، بكات. چونكە گوتراوە: (چی بچێنیت ئەوە دەدووریتەوە.

ئێمە هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو ئاستەی ئەوەی هەیە یان ڕوو دەدات وەك خۆی وەریبگرین، بەڵكو بە پێچەوانەوە هەمیشە لە هەوڵی گەورەكردنی كێشە بچووكەكان و بچووككردنەوەی كێشە گەورەكانداین.

بەرژەوەندی تاك، خێزان، كۆمەڵگە و دەسەڵات لەوەدایە پەروەردە بە جۆرێك دابڕێژنەوە، پێش فێركردن و برەودان بە بوارە جیاجیاكانی خوێندن و زانست، تاك دروست بكرێت، تا ئەوەی بەرهەم دەهێنرێت، مرۆڤ دەرچێت.