ململانێكان ڕۆژ دوای ڕۆژ له قووڵبوونه‌وه و فراوانبووندان. گه‌لانی دنیا تا بێ ڕق ئه‌ستوورتر ده‌بن، ئاڵۆزی و گرژییه‌كان زیاتر و سۆز و به‌زه‌یی كه‌متر ده‌بنه‌وه. مرۆڤ هه‌رچه‌نده دروستكراوێكه له نێوان ڕق و سۆزدا، به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان وایان لێ كردووه به‌رده‌وام بێت له‌ژێر پێ‌خستنی سۆز و زاڵكردن و شلكردنی جڵه‌وی ڕق و كینه.
نه‌وه دوای نه‌وه وه‌ك میراتییه‌كی به‌جێماو له باوانه‌وه بۆ نه‌وه‌كان، ئه‌م پێوه‌ستی و هه‌سته ترسناكه وه‌رده‌گرن و ده‌یگوێزنه‌وه بۆ داهاتوو. داهاتوویه‌ك ته‌واو له ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌ردوونی وێرانكه‌ر نزیكه و دنیا وه‌ك مه‌نجه‌ڵی سه‌ر ئاگر به‌رده‌وام ده‌كوڵێت. زلهێزه‌كان به‌سه‌ر سه‌ری مه‌نجه‌ڵی پڕ له ئێسكوپروسكی ژێردهستهكانهوه كه‌وچكی ئاژاوه و دووبه‌ره‌كی تێڕادهدهن و تام و بۆنی زیاتر ده‌كه‌نه ناو خوێنی گه‌له خوێنههرزانهكانهوه.
تاكی گه‌لانی دواكه‌وتوو هه‌رچه‌نده بچنه ناوچه پێشكه‌وتووه‌كانیش مه‌حاڵه بتوانن به‌رگی نه‌گبه‌تی و دواكه‌وتوویی و عه‌قڵیی گوشه‌گیری و په‌راوێزخراوی فڕێ بده‌ن و به دید و دنیابینییه‌كی نوێ و كراوه‌وه بڕواننه ئازادی، ماف، گه‌شه‌كردن، پێشكه‌وتن و.. تد. هه‌میشه به‌شێوه‌یه‌كی نامۆ و ده‌سته‌مۆ دهلكێنه مۆرك و كولتووری پڕ پۆخڵه‌وات و چه‌قبه‌ستووی خۆیانه‌وه.
لای هه‌مووان ئاشكرایه گه‌لێك به‌ناوی (كورد) كه هه‌میشه یه‌كه سه‌ربازی فرهئازای شه‌ڕه‌كانه، له دواكهوتووترینی ئه‌و گه‌لانه‌یه كه تا ئێسته‌یش نه‌یتوانیوه بۆ ساتێكیش بای ئازادی بخاته كه‌له‌یه‌وه و هه‌ندێك ئازادانه له دنیای فره‌وانی سه‌ربه‌ستیدا باڵ لێ بدات.
له‌م سه‌روبه‌نده‌ی شه‌ڕی یه‌ك له دوای یه‌ك و داسه‌پاوه‌ی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستاندا به‌رده‌وام دیمه‌نی ناخهه‌ژێن و گورچكبڕ ده‌كه‌ونه به‌رچاو و دیده‌ی كوێری دنیا. هاوسۆز و هاوههڵوێستییهكی ناكردارییانه له كوردستانی گه‌وره سه‌باره‌ت به‌م ڕووداوانه به‌دی ده‌كرێت، به‌ڵام تا ئێسته نه‌یتوانیوه وا له تاكی كورد بكات سۆز و شوێنكه‌وته‌یی ماڵباتی، عه‌شیره‌تی، مه‌زه‌وی، ئاینی و حزبایه‌تی، له ناخی خۆیدا وه‌لا بنێت و هاوسۆزییه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای نیشتمانی گه‌وره بێنێته كایه‌وه.
له‌لایه‌كی تره‌وه، هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌رچاو ده‌كه‌ون نه‌یانتوانیوه هه‌ڵوێست و كرداری گه‌ل و ده‌سه‌ڵاتی كوردی یه‌ك بخه‌ن له هیچ كام له پارچه‌كانی كوردستاندا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك له‌و ئه‌گه‌ره به‌رده‌وامانه‌ی هه‌میشه له به‌رده‌م كورددا هه‌ڵده‌تۆقن.
ئه‌مه وا ده‌كات مرۆڤ باوه‌ڕ به قاڵه‌قاڵ و هه‌راوهوریای هیچ كوردێك نه‌كات كه به‌رده‌وام له‌سه‌ر تۆڕه‌كانی كومه‌ڵایه‌تی و سایت و ڕۆژنامه و ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه ده‌رده‌كه‌ون، چونكه تا ئێسته نه‌توانراوه چ وه‌ك تاك چ وه‌ك كۆمه‌ڵگه چ وه‌ك ده‌سه‌ڵات، هیچ جۆره ترسێك له دڵی دوژمنانی دراوسێدا دروست بكه‌ن. له كاتێكدا هه‌موویان به‌سه‌ر خوێنی ئه‌م گه‌له‌وه ده‌ژین و هێشتاش ناڕازین.
ده‌سه‌ڵاتی كوردی له هه‌ر كام له پارچه‌كانی كوردستان، پشكی سه‌ره‌كی ئه‌م بێ ده‌سه‌ڵاتی و بێهێزییه‌ی به‌رده‌كه‌وێت، چونكه له هیچكام له‌و جارانه‌ی گه‌مارۆ ده‌خرێته سه‌ری یان هێرشی ده‌كرێته سه‌ر، ناتوانێ هیچ بڕیارێكی بوێرانه بدات كه ترس یان گومانی مرۆڤبوون بخاته دڵی به‌رانبه‌ره‌وه.
كورد خه‌ریكه به‌ته‌واوی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی، زمان، كولتوور، داونه‌ریت، مرۆڤبوون، ماف و ئازادییه‌كانی خۆی له‌بیر ده‌كات. له هه‌ر كوێیه‌كی دنیا كورد ده‌بینی مێشی به‌رانبه‌ره‌كه‌ی له گای خۆی پێ گه‌وره‌تره، ئیتر چۆن ده‌كرێ چاوه‌ڕێ بین داهاتووی نه‌وه‌كانی ئه‌م گه‌له ڕووناك و سه‌قامگیر بێت؟
نایه‌كگرتوویی كورد و نه‌بوونی متمانه و پشت به یهكنهبهستنی نێوان ده‌سه‌ڵات و هاووڵاتی، قوڕی نهگبهتییهكهی زیاتر خه‌ست كردووه‌ته‌وه. كه‌چی هه‌موو تاكێكی كورد دوای نسكۆ یه‌ك له دوای یه‌كه‌كان، پڕ ده‌ده‌نه ئه‌م و ئه‌و، كه‌سیش بیر له ناجێگیری و بێ متمانه‌یی ده‌روونی تاكی كورد ناكاته‌وه به‌رانبه‌ر به ده‌وروبه‌ری خۆی.
یه‌كێك بیه‌وێ له‌م ڕاستییه بگات، زۆر به ئاسانی له لێكۆڵینه‌وه‌ی په‌ڕه به په‌ڕه‌ی ڕۆژگاری ژیانی ئه‌م گه‌له‌دا ئه‌وه‌ی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه گه‌لی كورد له مێژوودا جگه‌له گه‌لێكی به‌كارهاتوو، هیچی تر نییه. جگه‌له خه‌باتێكی بۆ خۆنهكردوویش هیچی تری نه‌كردووه، ئیتر یه‌خه‌ی خه‌ڵك گرتن له‌سه‌ر بناغه‌ی چ یاسایه‌كه؟ تاك یان كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك تا ئێسته باوه‌ڕی به سه‌ربه‌خۆیی، سنوور، زمان، توانا و لێهاتوویی، مرۆڤبوون و ئازادی خۆی نه‌بێت، ده‌بێ چۆن گله‌یی خیانه‌ت و جێهێشتن له‌م و له‌و بكات؟
ئێمه تا ئێسته ددان به پارچه‌كانی كوردستاندا نانێین، به‌شێكمان به‌شه‌كه‌ی ترمان به ناكورد و زار و بن زار و وه‌چه‌كان به ناكوردی ده‌زانین، تا ئاستێك شارچێتی و خێڵپه‌رستی و عه‌شیره‌تگه‌ری و حزبایه‌تی چاوی له ئاست هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كان پێ داخستووین، ئیتر بۆ یه‌خه‌ی مێژوو بگرین و بڵێین له‌گه‌ڵمان بێبه‌زه‌یی بووی؟ لێره‌دا نموونه ئاوێته‌ی ئه‌م باسه ده‌كه‌م:
له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا له‌گه‌ڵ كه‌سێك له‌سه‌ر چه‌ند بڵاوكراوه‌یه‌ك قسه‌م كرد. هه‌رچه‌نده من وا تێگه‌یشتم ئه‌و له ڕۆژهه‌ڵاتییه، به‌ڵام كه پرسیاری شوێنی نیشتهجێبوونیم كرد؟ گوتی، له ستۆكهۆڵم داده‌نیشیم. له‌وێ خاوه‌ن چاپخانه و كتێبخانهیشه.
له ناوه‌ندی قسه‌كانیدا گوتی: ده‌كرێ پرسیارێك بكه‌م؟
فه‌رموو؟
ئێسته له كوردستان كتێب هه‌یه به زمانی كوردی؟ واته كتێبێك له‌سه‌ر زمانی كوردی نووسرابێت و باس له زمان و ڕێزمان و ده‌ستوور و یاساكانی ئه‌و زمانه بكات؟
هه‌ر كه‌سێك ئه‌م پرسیاره‌ی گوێ لێ بێت بێگومان سه‌راسیمه ده‌وه‌ستێ، به‌ڵام ناكرێ لۆمهیشی بكرێت، چونكه ئه‌وه ڕاستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره كه تاكی كورد تا ئێسته‌یش نه خۆی نه بنه‌ماكانی كوردبوون ناناسێت.
من گوتم بێگومان ته‌نیا له باشووری كوردستان سه‌تان و بگره زیاتریش په‌رتووكی پڕ بایه‌خ له‌سه‌ر لایه‌نه جیاجیاكانی ڕه‌چه‌ڵه‌ك و زمان و ڕێزمانی كوردی نووسراون و ده‌یان مامۆستای گه‌وره و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی باڵا له‌و بواره‌دا هه‌ڵكه‌وتوون.
دواتر داوای چه‌ند په‌رتووكێكی ڕێزمانی كوردی كرد كه كوردزمانێكی ئاسایی بتوانێ له‌وێ سوودی لێ ببینێت، به‌ڵام ئه‌م داوایه‌ی به‌جۆرێك كرد كه مرۆڤ به‌زه‌یی به كوردبوون و ته‌نانه‌ت مرۆڤبوونی خۆیشیدا ده‌هات.
نموونه‌یه‌كی تری زیندوو ئه‌و شه‌ڕه یه‌ك له‌دوای یه‌كانه‌یه كه له‌م ماوه‌یه‌دا هه‌موو گه‌لانی دنیا به به‌رچاوی ڕێكخراوه‌كانی مافی نامرۆڤه‌وه دژ به گه‌لی كورد كراون. له كاتێكدا كورد چه‌ندان كارتی گوشار و ترس دروستكه‌ری هه‌یه، به‌ڵام بوێری به‌كارهێنانی هیچیانی نییه و وه‌ك هه‌میشه له ته‌راتێنی نێوان وڵاتانی زلهێزدایه و خه‌ریكی خۆداپۆشینه به‌وان، باشیش ده‌زانێ (ئه‌وه‌ی خۆی به‌وان داپۆشترێت ڕووته).
گومانی تێدا نییه زۆر كه‌س ده‌پرسن كامانه‌ن كارته‌كانی گوشاری گه‌لێكی شین‌گێڕی وه‌ك كورد؟ له به‌هێزترین كارته‌كانی به‌رده‌ستی كورد ڕاگرتنی مامه‌ڵه‌ی بازرگانییه جۆراوجۆرهكانێتی له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا، ده‌ركردنی باڵوێزه‌كانی ئێران و توركیا و ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌مه‌یان دوایی جگه‌له به‌كاربه‌رێك هیچی تر نییه و جگه‌له زیان هیچ سوودێكی تری بۆ كورد نییه.
هه‌روه‌ها ده‌ركردنی ئه‌و ده‌یان باره‌گا توركی و ئێرانییانه‌ی له كوردستان ده‌یان ساڵه له ئێمه باشتر ده‌ژین. گوشار خستنه‌سه‌ر باڵوێزی وڵاتانی ئه‌وروپا، چونكه به به‌رچاوی هه‌موویانه‌وه و له‌لایه‌ن خۆیشیانه‌وه كورد هه‌میشه سته‌می لێ ده‌كرێت.
به‌كارهێنانی ئاو گوشارێكی زۆر به‌هێزه دژ به عێراق.
ڕاگرتنی گه‌شته زۆر و زه‌به‌نده‌كانی توركیا و ئێران.
له‌وكاته‌ی عێراق به‌هه‌موو جۆرێك دژایه‌تی كوردی ده‌كرد و ئێسته‌یش ده‌یكات، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌تان هه‌زار ئاواره‌ی هاتبوونه ناوچه‌كه به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی عێراق بۆ تاهه‌تایه گیرۆده‌ی ده‌یان ته‌نگژه‌ی ڕووخێنه‌ر بكردایه‌ته‌وه. ڕه‌نگه بگوترێت جا كورد ئه‌مانه‌ی نه‌كردووه به ئاگر و ئاسن لێی ده‌درێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م كارانه بكات چی؟
گه‌لێك ئه‌م هه‌موو ساڵه مردن، پارچه پارچه‌كردن، په‌راوێزخستن، بڕینه‌وه و هه‌ڵگیرساندنی ئاژاوه‌ی ناوخۆیی به‌شی بێت، چ باكی به‌و ژیانه نه‌ماوه با یه‌كجار وه‌ك مرۆڤێكی ڕاسته‌قینه هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت، ئه‌وجا مردن له هه‌ركوێ یه‌خه‌ی گرت گه‌ردنی ئازاد بێت.
ئه‌گه‌ر باسی هه‌ست و سۆزی مرۆڤانه‌یش بكرێت، پێویسته بزانن هیچ كه‌س و وڵاتێك هه‌ستێك كه بۆنی مرۆڤایه‌تی لێ بێت به‌رانبه‌ر به كورد نیه‌تی.
با له‌م حاڵه‌دا كورد چاوی له بێگانه بكردایه. بۆ نموونه، ئه‌وكاته‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌پاندنی سزای ئابوورییان به‌سه‌ر توركیادا كرد، پێی گوتن ته‌نیا بیركردنه‌وه له به‌كارهێنانی وه‌ها كارتێك وا له توركیا ده‌كات سنووره‌كانی بۆ ئه‌و ده‌یان هه‌زار په‌نابه‌ره بكاته‌وه كه له وڵاته‌كه‌یدا ده‌ژین، تا وڵاتانی ئه‌وروپا له كه‌مترین ماوه‌دا تووشی گه‌وره‌ترین ته‌نگژه‌ی مرۆیی و ئابووری ببن. ئه‌مه پێی ده‌گوترێ بوێری له بڕیارداندا.
تاكی كورد ده‌سه‌ڵاتی كوردی تا عه‌قڵی به‌سه‌ر دڵیدا زاڵ نه‌كرێت و هه‌ستی هه‌میشه خۆبه‌كه‌مزانینی لێ دانهڕنرێت و هونه‌ری لاڵانه‌وه و شین و شه‌پۆڕی له‌بیر نه‌برێته‌وه، مه‌حاڵه بگات به ده‌یه‌كی ئه‌وه‌ی چاوی لێیه‌تی.
تا له‌سه‌ر ئه‌م حاڵه‌ی ئێسته‌یشی به‌رده‌وام بێت، ده‌بێ بزانێ كه گه‌لێكی زیندووی نوستووه یان مردووه.