دێژین سدقی
به‌شداریكردنی ژن له كاروباری به‌ڕێوه‌بردن و سیاسه‌تدا نه‌ك ته‌نیا له هه‌رێمی كوردستان و عێراق، به‌ڵكو له زۆربه‌ی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زۆر كه‌مه و به‌شی ئه‌وه ناكات بڵێی ژن به‌شداریی بڕیاری سیاسییه له‌م ناوچه‌یه‌دا، به‌ڵام رێژه‌ی به‌شدارییه‌كه له هه‌رێمی كوردستان به‌راورد به عێراق و وڵاتانی تری ناوچه‌كه باشتره, بۆیه پێشبینی ده‌كرێت و له سه‌ره‌تاكه‌یشدا ده‌بینرێت، هه‌واڵێكی دڵخوشكه‌ره له هه‌نگاوه یه‌كه‌مه‌كانی ئه‌م كابینه نوێیه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌رده‌كه‌وێت كه حكوومه‌تێكی نزیكتر له ژن له گۆڕه‌پانه‌كه‌دایه و داهاتوویه‌كی باشتر چاوه‌ڕێمان ده‌كات.
گرنگی به‌شداریی ژن له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا زیاتر دووپات له بوون و په‌ره‌سه‌ندنی رێزگرتن له مافه‌كانی مرۆڤ ده‌كات كه یه‌كسانی له نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌ز له ئارادایه، ئه‌وه‌ی پیاو ده‌توانێ بیكات و زه‌وینه‌ی بۆی خۆش كراوه ئه‌نجامی بدات، له هه‌مان كاتدا ژنیش توانا و مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه بڕیارده‌ر بێت, له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خاڵی ئه‌رێنی تریشی هه‌یه به‌وه‌ی ژن به‌خێوكه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ری سه‌ره‌كی منداڵه و ئه‌و هه‌سته وای لێ ده‌كات زیاتر به‌رگری له مافی منداڵ و دادپه‌روه‌ری بكات, به‌وه‌یش ده‌گه‌ین به‌و ئه‌نجامه‌ی كه له رووی پاراستن و دابه‌شكردنی ده‌ستكه‌وته نیشتمانی و تایبه‌ته‌كانیشه‌وه ده‌ستپاكتره به به‌راورد به پیاو.
كۆتا كۆنگره‌ی جیهانی ژن كه كۆنگره‌ی چواره‌م بوو له ساڵی ١٩٩٥ له په‌كینی چین به‌ڕێوه چوو، له‌و كۆنگره‌یه‌دا به وردی دووپات له به‌شداری ژن له سیاسه‌تدا كرایه‌وه و به پێویست زانراوه ژن رۆڵی له دروستكردنی بڕیار و به‌ڕێوه‌بردنی پۆستی سیاسی‌دا هه‌بێت, به‌ڵام 24 ساڵ به‌سه‌ر كۆنگره‌كه‌دا تێپه‌ڕیوه و هێشتا له زۆربه‌ی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌شداری ژن له هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌كی یاسادانان، جێبه‌جێكردن و دادوه‌ریدا كه‌مه و به‌گوێره‌ی پێویست نییه، بگره له هه‌ندێك وڵات هه‌ر نییه, با دوور نه‌ڕۆین هه‌ر له‌و عێراقه مافی سه‌ربه‌خۆیی به ئێمه ره‌وا نابینن، له حكوومه‌ته تازه‌كه‌یدا ته‌نیا یه‌ك پۆست به ژن دراوه، ئه‌ویش یه‌ك ساڵه هه‌رچی ژن خۆی كاندید ده‌كات متمانه‌ی په‌رله‌مان به‌ده‌ست ناهێنێت. بۆیه ده‌بێت به رووخۆشی پێشوازی له‌و گۆڕانكارییه جۆرییه بكه‌ین كه له حكوومه‌تی كوردستان رووی داوه و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی دۆخێكی چه‌قبه‌ستووه كه ده‌یان ساڵه ئه‌گه‌ر ژن بڕیاری پۆستیشی بۆ ده‌رچووبێت، له یه‌ك ژن زیاتر نه‌بووه.
له وڵاتێكی پێشكه‌وتووی وه‌ك سوید هه‌ر له ساڵی ١٩٢١ به ده‌نگدان یه‌كه‌م ژن هاته هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته, دواتر بۆ یه‌كه‌مجار له دنیا له ساڵی ١٩٩٤ به ده‌ستخستنی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان له‌لایه‌ن ژن گه‌یشته زیاتر له رێژه‌ی ٤٠% و نیوه‌ی به‌شی پۆسته وه‌زارییه‌كان له حكوومه‌ته‌كاندا, ئه‌مه پێشوه‌چوونێكی كه‌موێنه بوو له دنیادا، كه‌چی تا ئێسته له هه‌ندێ وڵاتی عه‌ره‌بی وه‌ك سعوودیه به‌شداری ژن له سیاسه‌ت و بڕیاردا سفره. ئه‌م جیاوازییه دوو نموونه‌مان پێشان ده‌دات كه یه‌كیان هێمای پێشكه‌وتن و كرانه‌وه‌یه، ئه‌ویتریش جه‌هل و داخراوی، كه‌واته ئێمه‌یش ده‌توانین روو له پێشكه‌وتن بكه‌ین.
له‌و كاروانی كرانه‌وه‌یه‌دا به رووی ژن، له هه‌ردوو سه‌ده‌ی 20 و 21 ژنان توانییان له پۆستی وه‌زاری دیاردا كار بكه‌ن و سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنن، له‌م ساڵانه‌ی كۆتادا به‌شێوه‌یه‌كی زۆر و دیار ژنان توانییان پۆستی وه‌زاری هه‌ستیاری وه‌ك به‌رگری و ناوخۆ و سه‌رۆك وه‌زیران له حكوومه‌ته‌كانیاندا بگرنه ده‌ست و سه‌ركه‌وتوویش بن، جیاواز له‌و رابردووه‌ی كه ئه‌گه‌رچی كرانه‌وه بوو، به‌ڵام پۆسته‌كانی ژنان ته‌قلیدیی و دیاریكراو بوون، به‌ڵام دنیا توانای ژنی بۆ ده‌ركه‌وت و ئێسته هیچ جیاوازییه‌ك نه‌ماوه له بڕیارێكدا بگوترێ ئه‌مه بۆ ژن قورسه و بۆ پیاو ئاسانتره.
بێینه‌وه سه‌ر گۆڕه‌پانی كوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێسته نیشانه‌كانی حكوومه‌تێكی نزیكتر له ژن ده‌ركه‌وتوون، هه‌ر له سه‌ره‌تای پێكهێنانیدا حكوومه‌تی نوێ سێ پۆستی وه‌زاری گرنگی به سێ ژن دا و هه‌ریه‌كه‌یان له پارتێكی سیاسیی جیاوازه‌وه هاتوون، ئه‌مه زیاتر دڵخوشكه‌ره به‌وه‌ی هه‌ستكردن به توانای ژن گواستراوه‌ته‌وه ناو ئۆرگانه حزبییه‌كانیش و ده‌بێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بكه‌ین و هانده‌ر بین كه ئه‌م كرانه‌وه‌یه په‌ره‌ی پێ بدرێت، چونكه ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ژن و پیاو پێكه‌وه كار ده‌كه‌ن و رۆڵ ده‌بینن ژیان گه‌شتر و مافه‌كان پارێزراوترن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێت زیاتر گرنگی به بوونی ژن بدرێت له‌م هه‌رێمه‌دا و هه‌ست بكرێ كه تێڕوانین به گشتیی گۆڕاوه به‌رانبه‌ر به ژن، ژنی كورد شایسته‌ی ئه‌وه‌یه جیاواز بێت له عێراق و وڵاتانی تری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و عه‌ره‌بی، به‌وه‌ی رێژه‌ی به‌شداریی ژن له پرۆسه‌ی سیاسی و بڕیارداندا زیاتر بكرێت و پۆسته گرنگه‌كانیان پێ بدرێت نه‌ك ته‌نیا ئه‌ندام په‌رله‌مانی, كه‌واته هه‌ر له بچووكترین پۆستی سیاسی تا ده‌گاته به‌رزترین پۆست، جێپه‌نجه و به‌شداری ژن تێیدا ره‌نگ بداته‌وه, به جورێك رێژه‌ی به‌شداری نزیك بكه‌ینه‌وه له یه‌كسانبوون به پیاو، بۆ ئه‌مه گرنگه هه‌رلایه‌ك هه‌وڵی پێشخستنی توانای ژن و پێگه‌یاندنی بدات و نه‌وه‌یه‌كی تر ئاماده بكه‌ن بۆ داهاتوو.
ئه‌وه نایه‌ته شاردنه‌وه كه ژنی سه‌ركرده و پێگه‌یشتوومان كه‌مه و هه‌ندێك جاریش ئه‌و نموونانه‌ی چانسی پێشكه‌وتنیان پێ ده‌درێت، دز و گه‌نده‌ڵ ده‌رده‌چن، به‌ڵام ئێمه هه‌ر ده‌بێت له‌م كاروانه‌دا بۆ پێش بڕۆین و بگه‌ین به‌و ژنه لێهاتووانه‌ی بتوانن بڕیاری سیاسی بده‌ن و باكگڕاوندی سیاسی و رۆشنبیری سیاسیی ئه‌وه‌نده پاراویان هه‌بێت كه متمانه به هه‌موو بڕیارێكیان بكرێ، له‌م رووه‌وه ده‌بێ ده‌ست به پێگه‌یاندن بكه‌ین و ژنان خۆیشیان بێنه پێشه‌وه و توانا و رۆشنبیریی كه‌سییان گه‌شه پێ بده‌ن، مافی خۆیانه چیتر به دیار داخراوی ئه‌قڵی پیاوه‌وه نه‌وه‌ستن كه رێ نادات توانای خۆیان به‌گه‌ڕ بخه‌ن و له‌م ململانێیه‌دا پێویسته ده‌سه‌ڵاتی كوردستان پشتگیری ژن بكات.
كه‌واته ئه‌گه‌ر نیشانه‌كانی حكوومه‌تێكی هاوڕێ و نزیك له ژن هه‌ر له سه‌ره‌تای پێكهێنانیدا ده‌ركه‌وتن، سه‌رۆكی حكوومه‌ته‌كه له سه‌ره‌تای سوێندخواردنه‌كه‌یدا به‌ڵێنی ئه‌وه بدات كه دژی هه‌موو جیاكارییه‌كی ره‌گه‌زی و په‌راوێزخستنی ژنان ده‌وه‌ستێته‌وه، ئه‌وا ژنی پێگه‌یشتوومان ده‌بێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێ دا كاریان له‌سه‌ر بكرێت و ئه‌م تێڕوانینه نوێیه بۆ ژن هه‌موو لایه‌كی ژیان بگرێته‌وه، ئیتر هیچ كێشه‌یه‌كمان نابێت بۆ ئه‌وه‌ی ژن ببێته وه‌زیری په‌روه‌رده و سامانه سروشتییه‌كان و له ئاینده‌دا سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆك هه‌رێمی ژنیش هه‌بێت.