هاوڕێی فەیسبووك نەك ژیان

AM:08:54:16/11/2019 ‌

بمانەوێ یان نا، لە رۆژانی ئەم سەردەمەی ژیانمان فەیسبووك بووەتە بەشێكی گرنگی كاتی زۆربەمان, لەگەڵ ئەوەی هاتنی تەكنەلۆجیای نوێ زۆر گۆڕانكاری خستووەتە ناو ژیان و زۆرجار كێشەمان بۆ دروست دەكات، بەڵام بێبەش نەبووە لە سوودگەیاندن و خزمەتی مرۆڤایەتیی، بەتایبەت بۆ ئەوانەی زانیویانە بە دروستی بەكاری بێنن.

بە خۆشحاڵییەوە لە رۆژانی ئێستەدا ژنان دەتوانن زیاتر بچنە ناو دنیای تەكنەلۆجیای نوێ و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی, لە سەرەتای دەركەوتنی فەیسبووك پیاو زیاتر توانیبووی بەكاری بێنێت بەتایبەت لە كۆمەڵگە داخراوەكاندا، چونكە سەرەتا بەكارهێنانی فەیسبووك بە عەیب بۆ ژن دادەنرا و ئەو ژنانەی بەكاریان دەهێنا دەكەوتنە بەر لۆمەی خەڵك و بێزاركردن.

ژن نەیدەتوانی وێنەی خۆی لە فەیسبووك دابنێت، چونكە ئیتر تەواو جگە لەوەی كۆمەڵگە لۆمەی دەكرد و بە ژنێكی بێ شەرم لە قەڵەم دەدرا, بێزار دەكرا بە هەموو رێیەك و قسەی خۆشەویستی و نامەی بێزاركەر و تەنانەت هەندێك جار هەڕەشەی لێ دەكرا، جا ئەگەر ژنەكە بڕوای بە قسەكانی بەرانبەر بكردایە، ئیتر كار لەكار دەترازا و دەبوو ببێت بە كۆیلە.

ئێستە بەكارهێنانی تۆڕەكانی كومەڵایەتی باشتر بووە، ژنیش دەتوانێ بۆچوونی خۆی دەرببڕێت و وێنەی خۆی دابنێت، بەڵام هێشتا ماوە هەندێك تێبگەن كە هاوڕێی فەیسبووك هاوڕێی ژیان نییە، وەك هەندێك كەس بڕیاریان داوە وابێت، ئەم حاڵەتە زۆرتر بەسەر ژن دێت لەبەر داخراوی كۆمەڵگەی كوردی، هەندێك وادەزانن دوای سڵاو و وەڵامدانەوەی پرسیارێك، ئیتر تۆ موڵكی ئەویت و دەبێت وەڵامی هەموو شتێكی بدەیتەوە و هەركەی ویستی بەردەست بیت، بەڵام پیاویش لەوە بە دوور نییە و هەیانە وەك ژن دەكەوێتە بەر هەڕەشەی بێزاركردن.
مەبەست ئەوەیە كاتێك ژنێك یان پیاوێك هاوڕێیەتی كەسێك وەردەگرێت، بەو مانایە نییە كە ئیتر تەواو ئەو كەسە دەبێتە هاوڕێی ژیان و نزیك، مافی بەسەر ژیانتەوە هەیە و دەبێ هەموو شتێكت بزانێت و هەر كاتێك حەزی كرد نامە دەنێرێت و زۆرجار پێوەندیی تەلەفۆنیش دەكات لە رێی ماسنجەرەوە، بێ ئەوەی هەست بكات ئاخۆ ئەو كەسە ئامادەیە یا لە دۆخێكی گونجاودایە كە پێوەندی پێوە بكات، یا هەر نایەوێت پێوەندیی تۆی بۆ بێت.

ئەمە هەموو لەبەرئەوەی كەسەكە قبووڵی كردووە لە رێی فەیسبووكەوە هاوڕێی یەكتر بن، بەڵام خۆ نەیگوتووە دەست بەسەر ژیانمدا بگرە، بۆیە گرنگە هۆشیار بین و ئاگاداری ئەو بەشەی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بین كە زۆربەی جار كۆتاكەی بە كێشە تەواو دەبێت. راستیش ئەوەیە لە فەیسبووك بیروڕا بڵاو بكەینەوە یان بخوێنینەوە و بەشداری یەكتر بكەین و گفتۆگۆی بابەتی بێنینە ئاراوە، بەوە سوود لە یەكتر دەبینین و ئاشنای ژیانی نوێ و زانیاری و ئەو گوندە بچووكە دەبین كە تەكنەلۆجیا دروستی كردووە. 

جیا لەوەی كولتووری نوێ دروست دەكەین و جیاوازییەكان قبووڵ دەكەین، چونكە یەكێك لە باشییەكان ئەوەیە كەسەكان دوورن و تەنیا نووسینی یەكتر دەبینن و ناتوانن بگەن بە یەكتر، لەكاتی نابەدڵی نووسین یان بۆچوونەكە تا گومانی توندوتیژی لێ بكرێت، ئەمە دەرفەت دەڕەخسێنێ بۆ بیركردنەوە، بێگومان دواتر مرۆڤەكە هێور دەبێتەوە و جیاوازییەكەیش قبووڵ دەكات، بۆیە لەم رووەوە دەرفەتێكی گرنگە بۆ كۆمەڵگەی دواكەوتوو تا فێر بێت و بكرێتەوە و لێبوردەیی پەرەی پێ بدات.

لەگەڵ ئەوەی كۆمپانیای فەیسبووك خۆی رێی نوێی داهێناوە بۆ ئەوەی لەهەر حاڵەتێكی بێزاركردن و گێچەڵ، پەنا ببەیتە بەریان و خۆت لەو بێزارییە رزگار بكەیت. هاوكات كارئاسانی هەرێم كە دەستپێشخەری كردووە لە هەر حاڵەتێكی بێزاركردن تایبەت بە كچ و ژن، پێوەندی بە بەڕێوەبەرایەتییەكانی توندوتیژی و ژمارە تەلەفۆنی تایبەت بكرێت, بەڵام دەبێت ئاستی تاكەكەس بخرێتە بەر گفتوگۆ و هاوڕێیەتییەكی شارستانی دروست بكەین، بۆ ئەوەی پێویست نەكات لە ئەنجامی چات یان گفتوگۆیەكی ناو تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی، سكاڵا تۆمار بكرێ. 

خراپ بەكارهێنانی فەیسبووك دەبێتە هۆی ئەوەی ببێت بە سەرچاوەیەكی كەمباوەڕ و بێ سوود بۆ كۆمەڵگە، دواتر جگە لە خراپی هیچی تری لێ سەوز نابێت, بۆیە گرنگە هەموومان بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم تۆڕە فراوانە بكەین و بەگوێرەی پێوەندییەكە هەڵسوكەوت بكەین نەك بەرانبەر هەراسان بكەین، ئاخر هەموومان دەزانین كەسێك مەیلی قسە یان زیاتر كردنەوەی تایبەتمەندییەكانی خۆی هەبێت، بێگومان ئاماژە و رێوشوێنی خۆی دەردەخات و بەرانبەریش باش هەستی پێ دەكات، بۆیە ئیتر پێویست ناكات هەر كەست بەدڵ بوو یان قژی درێژ بوو، وابزانی دەبێت بە موڵكی تۆ.

پێویستە ئێمەی كوردیش بگەینە ئەو ئاستەی لێگەڕێین هەر كەس ئازادیی خۆی هەبێت و بەپێی حەزی خۆی هەڵسوكەوت بكات، چونكە هیچمان لەناو ژیانی كەسی تردا نین تا بزانین لای ئەو چی دەگوزەرێ، كەواتە هەراسانكردن ئاستنزمییە و گفتوگۆ بەرەو جوانیمان دەبات ئەوكاتەی هەردوولا دەمانەوێ لەبارەی شتێك بدوێین.





ئه‌م بابه‌ته 792 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌