كه‌ژاڵ حه‌مه‌ڕه‌شید
(بزووتنه‌وه‌یه‌كی پیاوان بۆ كۆتاهێنان به توندوتیژی به‌رامبه‌ر به ژنان به‌ڕێ بخه‌ن)
هه‌ر كاتێ ژنێك ده‌كوژرێت، سۆشیال میدیاكان به تایبه‌تی فه‌یسبووك پڕ ده‌بێت له وێنه‌ی ژنه كوژراوه‌كه و سه‌دان شیعر و په‌خشان و بابه‌تی ئه‌ده‌بی له‌دایك ده‌بێ. ده‌یان و سه‌دان پیاوی ئازادیخواز و یه‌كسانیخواز په‌یدا ده‌بن و خۆیان له خوێنی قوربانییه‌كه‌دا ده‌گه‌وزێنن، شه‌ره‌ف و نامووس و پیاوه‌تییان له‌ژێر پێ ده‌نێن و به نه‌عله‌تی ده‌كه‌ن و ژن له پێنووسهكانیاندا ده‌بێت به گه‌وره‌ترین و به‌نرخترین مه‌خلووق!
وا بزانم ئیتر هه‌موو بێزار بووین له‌م فرمێسكڕشتن و لاوانه‌وه‌یه كه ده‌یان ساڵه سه‌دان جار دووباره بووه‌ته‌وه و ده‌شبێته‌وه، له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ به‌شێكیان كه به باوه‌ڕ و دڵسۆزییه‌وه ده‌نووسن، به‌ڵام بێگومان به‌شێكیش ته‌نیا ڕێكلام و نمایشه.
ئه‌م وێنه‌یه‌ی كه دامناوه له ڕێپێوانی ڕێكخراوی "وایت ڕیبۆن-تۆرۆنتۆ-كه‌نه‌دا" كه ڕێكخراوێكی پیاوانه له دژی توندوتیژی، ده‌ستدرێژیی سێكسی و نایه‌كسانی جێنده‌ری كار ده‌كات، گرتوومه. كوڕێكی گه‌نجه له پشتی فالینهكهی نووسراوه "به‌ڵێن ده‌ده‌م هه‌رگیز توندوتیژی به‌رانبه‌ر به ژنان نه‌كه‌م و به‌هانه‌ش نه‌هێنمه‌وه یان بێده‌نگ بم له به‌رانبه‌ریدا" ئه‌مه لۆگۆ و نووسراوی ئه‌و ڕێكخراوه‌یه.
هه‌موو ئه‌و بزووتنه‌وه ئازادیخوازانه له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی كه‌م و دیاریكراوه‌وه دروست بوون و دواتر په‌ره‌یان سه‌ندووه.
ئێسته هه‌ر له ئه‌كاونتی فه‌یسبووكه‌كه‌ی من و فرێندهكانم به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ٢٠٠ پیاو هه‌ن كه زۆر به گرنگیه‌وه پشتگیری له مافی ژنان و یه‌كسانی جێنده‌ری ده‌كه‌ن و به شێوازی جۆراوجۆری نووسین و پۆست و شیعر و ڕه‌خنه و شێوازی تر دژی توندوتیژی ژنان قسه ده‌كه‌ن. ئاخر كوشتن و سووكایه‌تیی به ژن ته‌نیا كێشه‌ی ژنان نییه، به‌ڵكو چه‌نده سووكایه‌تییه به ژن، به‌هه‌مان ئه‌ندازه سووكایه‌تییه به پیاو خۆیشی. با ئیتر ئه‌و ته‌قلیده واز لێ بێنین له هه‌ر كه‌یسێكی توندوتیژی و تیرۆر و كوشتندا ڕوو بكه‌ینه ژن و ڕێكخراوه‌كانیان. ئه‌مه كێشه و كاره‌ساتێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه هه‌رگیز به ته‌نیا و یه‌ك لایه‌نه به هه‌وڵی ژنان كۆتای نایه‌ت، به‌ڵكو هه‌موو كۆمه‌ڵگه ده‌بێت به‌رپرسیار بێت لێی، بۆیه من له پاڵ هه‌وڵ و به‌رده‌وامی ژناندا پێشنیار ده‌كه‌م پیاوان به كردار هه‌نگاو بنێن و هه‌ڵوێست وه‌ربگرن له به‌رانبه‌ر ئه‌م سووكایه‌تییه كه به كۆمه‌ڵگه ده‌كرێت.
فرانك بێرد كه چه‌ندان ساڵ پارێزه‌رێكی خۆبه‌خشی سه‌نته‌رێكی "تراوما" ده‌بێت له ته‌كساس، دواجار بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری ڕێك ده‌خات دژی ده‌ستدرێژی سێكسی و توندوتیژی دژی ژنان. دكتۆر مایكل كۆفمان هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه ڕێكخراوێكی پیاوان "وایت ڕیبۆن" داده‌مه‌زرێنێت و ئێسته ڕێكخراوێكی گه‌وره و جیهانییه و دژی نایه‌كسانی جێنده‌ری كار ده‌كات. تكایه مه‌ڵێن كوردستان كه‌نه‌دا و ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا نییه، ئه‌و وه‌حشیه‌ت و سووكایه‌تییه‌ی هه‌موو ڕۆژێك به ژن ده‌كرێت، ئیتر قابیلی هیچ به‌هانه هێنانه‌وه‌یه‌ك نییه بۆ بێده‌نگبوون لێی.
سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كه خه‌ریكی ڕیسێرچێك بووم له‌م باره‌یه‌وه، سه‌ردانی ئۆفیسی تۆرۆنتۆی ڕێكخراوی "وایت ڕیبۆن"م كرد، یه‌كێكیان گوتی بیرۆكه‌كه ئه‌وه‌یه ژنان له‌باره‌ی نایه‌كسانی و چه‌وسانه‌وه‌یان قسه ده‌كه‌ن، زۆر كات وه‌ك گله‌یی و پرته‌وبۆڵه‌ی ئه‌وان وه‌رگیراوه، بۆیه ئێمه پێمان گرنگه پیاوانیش ئه‌و ئه‌ركه زۆر به بایه‌خه‌وه بگرنه ئه‌ستۆ.
ئه‌و قسه‌یه زۆر ڕاسته، بۆیه ئه‌وه زۆر گرنگ و كاریگه‌ره كه پیاوان له‌گه‌ڵ پیاوان و كوڕانی گه‌نجدا قسه بكه‌ن له‌باره‌ی نایه‌كسانی جێنده‌ری و چه‌وسانه‌وه و كوشتنی ژنان، ئه‌م كێشه‌یه هیچ دابڕاو و جیا نییه له‌و كێشه و ته‌نگژه سیاسییانه‌ی ئێسته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان ده‌رگیری بووه.
هه‌تا ئه‌م نایه‌كسانییه به‌م شێوه‌یه له ئارادا بێت، هه‌تا ژن به‌و شێوه‌یه سووكایه‌تی پێ بكرێت و لاشه‌كانیان بێ‌ڕێز و بێ حورمه‌ت فڕێ بدرێنه كه‌لاوه‌كان، هه‌تا ژن و پیاو پێكه‌وه به‌شدار نه‌بن و چالاك نه‌بن نه پڕۆژه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و نه پرۆسه سیاسییه‌كان، له ئاستێكی باش‌دا ناچنه پێشه‌وه.