خوێنڕشتن لە بەسرە و ئەگەرەکانی شەڕی ناوخۆ

AM:10:28:08/09/2018 ‌
شێرکۆ کرمانج

لەبەر چەند هۆکارێک ئەگەرەکانی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لەم ساتەوەختەدا زۆر بەهێزە لە عێراق، لەوانە:

یەکەم، میلیشیایەکی ئێجگار زۆر لە عێراق هەیە، کە چەکی جۆراوجۆریان بەدەستە و ڕاهێنراون ‌و ئەزمونی شەڕیشیان هەیە. لەوەش گرنگترو ترسناکتر ئەوەیە کە میلیشیا چەکدارەکان لەژێر یەک چەتردا ڕێکخراو نین‌و سەر بە دەوڵەت یان سەنتەرێکی دیاریکراو نین ئەمە ئەگەرەکانی شەڕی ناوخۆی زۆر زیاتر کردوە.

دووەم،  بوونی ڕقێکی گەورەی خەڵک لە حکومەت‌ و حیزبەکان و شکستی دەسەڵاتی عێراقی لە فەراهەمکردنی سادەترین ماف و پێداویستی ‌و پێویستییەکانی عێراقییەکان.

سێیەم، لاوازی هێزە سەربازییەکانی عێراق بەبەراورد بە هێزە میلیشیاکان کە ئەگەرەکانی کۆنتڕۆڵکردنی هێزە میلیشیاکانی کەمکردۆتەوە.

چوارەم، چەندین هێزو لایەنی دەرەکی دیکە، لەوانە هەندێک هێزی کوردی‌ و هێزی سوننە، ئارەزوی هەڵگیرسانی شەڕی شیعە شیعە دەکەن تاوەکو هاوسەنگی هێز لە عێراق بگۆڕێت، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەوانیش دەستبخەنە ناو ململانێکان بەئاقاری شەڕی ناوخۆی داببەن.

پێنجەم، هێزە شیعەکان زۆر لەیەکدی توڕەبوون و دابەشبوون بەسەر سێ بەرە، بەرەی عێراقی کە سەدر سەرکردایەتی دەکات، بەرەی ئەمریکی کە عەبادی سەرکردایەتی دەکات لەگەڵ بەرەی ئێرانی کە هادی عامری‌و قەیس خەزعەلی سەرکردایەتی دەکەن.

شەشەم، هێزی دەرەکی دیکەش هەن بەتایبەتی وڵاتانی سوننە کە حەزدەکەن شەڕی شیعە شیعە هەڵبگیرسیت تاوەکو بتوانن نفوزی ئێران لە عێراق کەمبکەنەوە یان سەنگی شیعە لە عێراق کەمبێتەوە.

دیارە ئەمانە تەنیا هۆکار نین هۆکاری دیکەش هەن، بەڵام بەبوونی هەموو ئەو هۆکارانە دەکرێت بڵێین ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ زۆرە.