لە كوردستان سەدام زیندوو دەبێتەوە

PM:04:52:05/03/2017 ‌

ماوەیەكە بیرۆكەی نووسینی بابەتێكی وەها لە مێشكم چەكەرەی كردووە، بەڵام لە مڕۆ كە ساڵڕۆژی ڕاپەڕینە شكۆدارەكەی گەلی كوردستانە، گونجاوتر نییە تا ئەو پەیامەی تێدا بڵاو بكەمەوە، ئەویش زیندووكردنەوەی سەدام حوسێن دیكتاتۆر و خوێنڕێژی عێراقە، لەلایەن گەلی كوردستانەوە كە بە دەست جەور و ستەم و كوشتوبڕی ئەم دیكتاتۆرەوە سەتان هەزارمان لێ كوژراو و دەیان هەزاری تریش شوێنبزر كران و بە چەكی ئەتۆمی خەڵكی ئێمە لە هەڵەبجە بۆمباران كرد.
بەندە بەهۆی كارەكەمەوە ڕۆژانە بەردەوام و بە وردی بەدواداچوون و ئاگەداری وێبمیدیاكانی عەرەبیم، ئەوەی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو هەستی پێ دەكەم، وێبمیدیاكانی عەرەبی، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی كە سۆز و خۆشەویستیان بۆ سەدامی خوێنڕێژ هەبووە و هەیە، ڤیدیۆ و چیرۆك و سەربوردە و نهێنییەكانی ژیانی ئەو دیكتاتۆرە دەكەن بە بابەت و دەرخواردی خەڵكی عەرەبی دەدەنەوە.
بە كوردی، ئەمە گوتاری ناسیۆنالیستی عەرەبە و ئەوان حەقیانە شانازی بە سەدامی خوێنڕێژ بكەن، چونكە سەدام كاری بۆ بێكارانی وڵاتانی عەرەب و كۆمەك و هاوكاری بەسەر زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دابەش كردووە، تا ڕێزی لێ بگرن و وەك پاڵەوانی ئوممەی عەرەبی و داكۆكیكاری ئیسلام ناوی ببەن، ئەوانەشی سوودیان لە كۆمەك و كارەكانی سەدام بۆ عەرەب كردووە، ئێستە داخ بۆ لەداردانی دەخۆن و بەردەوام دەیانەوێ بە زیندوویی بیهێڵنەوە و جێی باس و خواسی میدیاكان و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بێت.
قسەیەكی باو هەیە، دەڵێ هەندێ مرۆڤ دوای مردنیان تەمەنیان زۆر درێژتر دەبێ لەو تەمەنەی تێیدا ژیاون، بێ شك ئەمە ڕاستیەكی حاشاهەڵنەگرە و زۆرێك لە دیكتاتۆرەكان سەدان ساڵ دوای خۆیشیان بەردەوام و ئێستەش ماونەتەوە و باس دەكرێن، بەڵام لەلایەن ئەو كەسانەی سوودمەندی سەرەكی حوكمی سەردەمی ئەو بوون، یان ئێستەش سەرسامن بە بڕیار و ڕێباز و چۆنیەتیی ئیدارەدانی ئەو دیكتاتۆرە بۆ وڵاتەكەیان، زۆریشیان ماون و نامرن، بەڵام هەمیشە بە نابووتی و مرۆڤكوژ و دیكتاتۆر و خوێنمژ ناویان دەبرێ.
لە ئەزموونی دوای كوشتنی سەدام حوسێن، زۆر ئاسایییە و دەكرێ فەلەستینییەكان بەردەوام یادی بكەنەوە، چونكە ئەوان ئەويان بە تاكە هیوا دادەنا بۆ ڕزگاركردنی قودس و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین، میسرییەكان بە هەزارانیان بێكار بوون و لە عێراق كاریان پێ درا و ژیانیان لە مەرگ و برسیەتی ڕزگار بوو، ئەوانە ئێستەش سەدام بە كەسێكی گەورە و مەزن و خۆشەویست دەزانن و هەرچەند باسی بكەن و وێنە و ڤیدیۆ و لاپەڕەكانی ژیانی هەڵدەنەوە و دووبارە بە خەڵكی بگەیەننەوە، لایان وایە كەمە و هێشتا هیچیان نەكردووە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج و ڕامانی منە، بۆچی بەشێك لە میدیاكانی كوردی و بەتایبەت وێبمیدیاكانی سلێمانی، چوونەتە ژێرباڵی ئەو ڕەوتە ناسیۆنالیزم و شۆڤێنییەی عەرەب، كە دەیانەوی بەردەوام سەدام بە گەورە و بەهێز و نەمر بهێڵنەوە.
بە ماڵپەڕە عەرەبییەكاندا گوزەرێك بكە، چەند بابەتێكی تایبەت بە ژیان و چیرۆكی سەدامت بەرچاو دەكەوێ، بەڵام وەك كوردێك كاتێك بابەتێك بە لایەنی باشەوە لە میدیایەكی كوردی دەبینم و دەیخوێنمەوە، شەرم و شوورەیی دام دەگرێ و لەخۆم دەپرسم ئێمە چ میلەتێكی ڕوو قایمین، ئەو زاڵمە بە سەدان هەزاری لێ كوشتووین كەچی لە شوێنی بە نەفرەتكردنی بەردەوام، كەوتووینەتە ژێر ڕەوتێكی شۆڤێنی عەرەبی و بەعسیزم و پەیام و گوتارەكانی ئەوان بە تاكەكانی كوردستان دەبەخشینەوە.
جولەكەكان ئێستەش بە نێو ئەرشیفخانەكان دەگەڕێن و خوێنڕێژی و دیكتاتۆری هیتلەر دەردەخەن و وێنای بەردەوام ناشرین دەكەن، چونكە ئەوان باوەڕیان وایە چەند هیتلەر لەبەرچاوی مرۆڤایەتی سووك و ڕیسوا بكەن، هێندە سارێژی برینی قوربانیانی جولەكە بە دەستی هیتلەر دەكەن، ئەگەر ئەوانەی ئێمەش بەو شێوەیان بكردایە، لێرەدا قسەیەكمان نەدەبوو، بەڵام ئەو وێبمیدیایانە تەنیا بۆ كۆكردنەوەی خوێنەر، ئەمانە بەشێكن لە مانشێتی وێبمیدیایەكی كوردی كە لە سلێمانییە و هی بازرگانێكی سیاسییە، " نەوەیەكی سەدام حوسێن ببینە"، "سەدام لە كاتی لە سێدارەدانی تەماشای چی كرد و بەچی پێكەنی؟"، "وێنەی یەختەكەی سەدام حوسێن ببینن"، ئەمانە و دەیانی تریش بەردەوام لەلایەن ئەو وێبمیدیایانەوە لە سایتە عەرەبییە شۆڤێنییەكان وەردەگیرێن و بە گەلی كوردستان دەخوێنرێنەوە!
لەم كوردستانە هیچ ماڵێك نییە بەدەست ڕژێمی بەعس و سەدامی گۆڕبەگۆڕ ئازار و ئەشكەنجە و مەینەتی نەبینیبێ، پرسیار ئەوەیە ئەو میدیایانە بۆچی ڕەواج بۆ سەدام دەكەن و دیوە باشەكانی بە خەڵكی بەجێماوی ئەنفال و دایكە جلڕەشەكانی گەرمیان و نەوەكانیان دەفرۆشنەوە؟ بەڕاست سەدام وەك عەرەب و فەلەستینی و میسرییەكان بۆ كورد باش بوو؟ تا ئێوەش ڤیدیۆ و چیرۆكە وەهمییەكانی ئەو چەناڵانە وەربگێڕن و بە پاشماوەی ئەنفال و خەڵكی پێنج هەزار گوندی سووتێنراو و قوربانیانی دەستی مولازم موحسین و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانەی ببەخشەوە كە لە ئەبوغرێب لە سێدارەدران.
گومان لەوەدا نییە ئەو كەسانەی بەو شێوەیە خزمەت بە سەدامی دیكتاتۆر دەكەن، خزم و كەسوكاریان بە دەستی سەدام ئازار و ئەشكەنجە دراون و شەهید كراون، بەڵام دەبێ هێندە بێ ئاگا بن و ئێستە هیچ ڕقێكیان لەو پیاوە خوێنڕێژە نەمابێ و دەبێ بیرتان چووبێتەوە بەدەستی سەدام و بەعسەوە چی بەسەر كورد هێنراوە؟ یان هێندە گێژ و بێهۆشن دوێنێی خۆتان بیر نەماوە و ئازار و ئەشكەنجەی كەسوكار و خزمەكانتان لەیاد كردووە، پێویستە ئیدی بێنەوە هۆش خۆتان، دەزانم ئەمڕۆ هەمووتان باسی ڕاپەڕینی شكۆداری گەل دەكەن و بەرز دەینرخێنن، بەڵام ساڵی ڕۆژێك ئەمە دەكەن و تەواوی ڕۆژەكانی تری ساڵیش بەیت و بالۆرە و درۆكانی سەدامی گۆڕبەگۆڕ لە میدیایی شۆڤێنییەكان وەردەگێڕن و وێنای سەدام لە هزری هەمووان بە باشی بنیات دەنێنەوە.
هەویرەكە ئاوی زۆر دەوێ، بەڵام پێشینان جوانی فەرمووە، ئەو كەسە كەسە ئەلفێكی بەسە. ئیتر لافی كوردبوون لێ بدەن و پارەش بۆ وەرگێڕەكان خەرج بكەن تا ژیان و سەروەری و شكۆمەندییە پڕ لە درۆكانی سەدام بۆ نەوەی نوێی كورد بخەنە سەر زمانی كوردیمانەوە.

باز ئەحمەد