لە حكوومەتی كوردییەوە بۆ حكوومەتی پێكەوەژیان

AM:11:24:10/12/2016 ‌

دوای پەیامەكەی 20 نۆڤێمبەری بارزانی، پەرلەمان و حكوومەت و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش كراونەتە پاكێجێك و خراونەتە بەردەم حزبەكان بۆ دووبارە داڕشتنەوە و پێكهێنانەوەیان، ئێستە كاتیەتی كورد وەك نەتەوەی زۆرینە لە باشووری كوردستان، پەیامەكە بە واقیعی بكات و لە جیاتی حكوومەتی بنكە فرەوان و حكوومەتی حزبەكان، حكوومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتێكی ڕزگاری نیشتمانی دروست بكات، بەجۆرێك ئەو پەیامەی كە هەمیشە سەركردە و سیاسییەكانی كورد بە گوێی شاندە بیانییەكان و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی دەدەن لە پێكەوەژیانی نەتەوە و ئاینییەكان لەسەر خاكی كوردستان، بە كردەیی لە فەرمانڕەوایی باشووری كوردستانیش ڕەنگ بداتەوە و ئەم حكوومەتە شكستخواردوو و بێ ئیرادە و پڕ لە تەنگژە و ئاڵۆزە، بەخێرایی بێتە گۆڕین بۆ حكوومەتی پێكەوەژیان.
ئەو حكوومەتەی ئێستە هەیە، بەتەواوی حكوومەتێكی بێ ئیرادە و بێ هەڵوێستە بەرامبەر داوا و مافە راستەقینەكانی خەڵكی كوردستان، خەڵك نەوتی نییە و زستانە حكوومەت بێ دەنگە، خەڵك مووچەی نییە حكوومەت هەر رۆژەی قسەیەك دەكات، خەڵك سیستەمێكی تەندروستی باشی نییە و لای پزیشك و نەخۆشخانەكان ئیفلیج دەكرێ، ئاو وەك پێویست نییە، دەیان كێشەی تر هەن، كورد گوتەنی حكوومەتیش لە گوێی گادا خەوتووە و وەڵامێكی ڕاشكاوی بۆ خەڵك لا نییە.
لە دنیادا سەدان حكوومەت تووشی تەنگژەی زۆر لەوە قورستر بوون، بەڵام لەگەڵ خەڵكەكەی خۆیان بە ڕاستی دوواون و هەموو كێشەكانیان بۆ ڕوون كردوونەتەوە و بڕوایان بە خەڵك هێناوە كە دۆخی وڵاتەكە چۆنە، ئیتر خەڵكیش كە بڕوای هاتووە و زانیویەتی حكوومەتێكی ڕاستگۆ هەیە و بە شەفافی كێشەكانی بۆ ڕوون كردوونەتەوە لە جیاتی داوای ڕووخانی بكەن، پشتیوانی حكوومەت و دامەزراوەكانیان كردووە بۆ ئەوەی دووبارە هەستنەوە سەر پێ، بەڵام ئەم حكوومەتەی ئێمە بێباكە و گوێ بە داوای شەقام و خەڵك نادات، سیستەمی پەروەردە و زانكۆ و كولتووری ئەم وڵاتە هەموو شتێكی بەستووەتەوە بە دۆلار و دراو، پزیشكی كوردستان ئەگەر بە وردی لێی بڕوانی بازرگانە، پارێزەر و مامۆستا و ئەندازیار و هەموو كارمەندێكی حكوومەت ئەوەی هانی دەدا كارەكەی بكات، تەنیا و تەنیا پارەیە، كەس بیر لەوە ناكاتەوە ئەو كارەی دەیكات خزمەتێكە بۆ كەرتی گشتی جگەلەوەی ئەو پارەیەی پێویستە كە وەریدەگری، پێویستە بە ویژدانەوەش كارەكەت بكەیت. 
پێشتر كە بودجە و پارە هەبوو، ئەو حكوومەتەی ئێمە وەك كەسێكی بێ كێشە لە تەك ڕووبارێكدا خەوتبوو، هەركات ماسییەكان برسیان بووایە و لە ئاوەكە خۆیان هەڵدایە و دەنگە دەنگیان دروست بكردایە، بە تۆن خۆراكی پێ داون تا دەنگە دەنگ نەكەن، ئەمە جوانترین پێناسەیە بۆ حكوومەتی كوردستان، ئێستە كە پارەكە نەماوە و ئیتر خەڵك وەك ماسی نێو ڕووبارەكەن، بەردەوام دەنگە دەنگیانە و حكوومەتیش ئەم جارە خەوتووە و گوێ بەهیچ نادات، حكوومەت چیتر نابێ حووت و نەهەنگی پارە دروست بكات، دەبێ بە ئیرادە بێت و نیشتمانییانە كار بكات، ئەگەر بیەوێ دەنگی هەموو كەس كپ بكات، بودجەی هەموو دنیاشی پێ بێ، ناتوانێ دەنگەكان كپ بكاتەوە. بۆیە بە هەموو پێوەر و بنەماكانی حكوومەتداری و فەرمانڕەوایییەوە، حكوومەتەكانی كوردستان یەك لەیەك فاشیلترن.
ئێستە دوای پەیامەكەی بارزانی، كە پێكهێنانەوەی حكوومەتێكی نوێش خراوەتە ڕوو، لەم كاتە هەستیارەدا كە ناوچەكە ژان گرتوویەتی و خەریكی لەبەریەك هەڵوەشانە، گرنگە حكوومەتێكی بەهێز و ئیرادە دروست ببێ، بەهیچ شێوەیەك پێناسە و مەفهوومی حكوومەت ڕازیكردنی حزب نییە لە خۆی، ئەگەر بەدوای داهاتوویەكی باشتر دەگەڕێین، هەرگیز نابێ لق و مەڵبەند و مەكۆ و .. هتد لە سەرووی فەرمانگەكانی حكوومەت و وەزارەتەكان بن، دەبێ وەزارەتەكانیش هێندە ڕێك و پوخت بكرێن، هەر كەسێك بە مەحسووبیەت و مەنسووبیەت لە بچووكترین كارمەندەوە تا گەورەترین بەرپرسی حكوومی كاری كرد، لە كارەكەی دوور بخرێتەوە و بهێنرێتە سەر شاشەی تیڤی، ئاخر حكوومەتداری بە لێگەڕێ و واستە و واستەكاری و خاترانە، ناچێ بەڕێوە.
خەڵك بە تەواوی لەسەر حەقە و مافی خۆیەتی، حكوومەت هێندە فشەڵ و بێ بەرنامە و پڕ ڕۆتین و خزم خزمێنەیە، خەڵك ئێستە بەهیچ شێوەیەك ناچێتە هیچ فەرمانگەیەكی حكوومەت، بەر لەوەی بچێ و دۆخەكە ببینێ، چاك دەزانێ ئەگەر واستەی نەبێ، مامەڵەكەی و مافەكەی 101% یاسایی و حەق بێ، هەر بە ئەنقەست بەشێك لەو سەرزل و دەبەنگانەی كراونەتە بەڕێوەبەری گشتی و بەرپرسی فەرمانگە و بەڕێوەبەرانی تر بە میزاج بۆی ناكەن، ئەمە لە هیچ شوێنێكی دنیا نەبووە، پێویستە دەستی ئەو كەلەپووچانە ببڕێتەوە كە بەیانی تا ئێوارە بەبیانووی كۆبوونەوە ئامادە نین پێشوازی لە دوو سەردانكەر بكەن. ئەمە ئەگەر بڕیارە حكوومەت دروست بكەنەوە، ئەگەر بشمانەوێ حكوومەت لە بەرگی دیوەخان بسازێنینەوە و ژووری بەڕێوەبەر و بەرپرسانی حكوومەت شوێنی نوكتە و قسەی بێ مانا بن لەگەڵ دۆست و برادەرانیان لە جیاتی كاركردن و جێبەجێكردنی یاسا، ئەمە هەر وەك خۆی دەبێ و هیچ ناگۆڕێت.
ئەوانەی باسیان لێ كرا مشتێكن لە خەروارێكی شكست و ناڕێكی و فشەڵی و فاشیلی حكوومەت، ئەگەر حكوومەتی ڕزگاری نیشتمانی بسازێ، پێویستە دەستەی پشكنەران دابمەزرێنرێن و بە فەرمانگەكان بە نهێنی بسووڕێنەوە ئەوكات مەهزەلەی حكوومەت بە تەواوی دەردەكەوێت.
خاڵێكی تر كە پێویستە لە حكوومەتی نوێ بە بایەخەوە لێی بڕوانرێ، دامەزراندنەوەی حكوومەتی پێكەوەژیان، لە كوردستان نەتەوە و ئاینی جیاجیا هەن، ئەوان هەریەكەیان لەم نیشتمانە خەباتیان كردووە و هاووڵاتی ئەو نیشتمانەن، پێویستە پێگە و پۆست و پلەی بەرزیان پێ بدرێ، پێكەوەژیان هەر ئەمە نییە، ئاین و نەتەوەكان لەتەك یەكدا بژین، بەڵكو لەوە گرنگتر بەشدارییانە لە دروستكردنی بڕیار و بەڕێوەبردنی سێكتەرە گرنگەكان، ئەوەی تا ئێستە لە پەرلەمان بۆ ئاشووری، كلدان، سریان و توركمانەكان كراوە كە دانانی كورسیی كۆتایە، كارێكی بەجێیە، بەڵام پێویستە بۆ ئێزیدی و كاكەیی و تەنانەت زەردەشتی و جوولەكەكانیش كورسیی كۆتا بە یاسا بچەسپێنرێ، لەوەش پێویست تر چەسپاندنی ڕێژەیەكە بۆ هەریەك لەو نەتەوە و ئاینە جیایانە لە پۆستەكانی حكوومەت و دەسەڵاتی جێبەجێكردندا، ئەگەر ئێمە پێكەوەژیانمان دەوێ، پێویستە زۆر ئاسایی بێ، توركمانێك، ئاشوورییەك، یان ئێزیدی و مەسیحییەك پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكوومەت و جێگری سەرۆكی هەرێم و وەزیر و پارێزگاریان هەبێ، بەمە نە دنیا خراپ دەبێ و نە كێشە دروست دەبێ، بەڵكو ئەمە تێپەڕاندنی هەموو ئەو كۆت و بەندانەیە كە وڵاتانی ناوچەكە لە بەرامبەر كەمە نەتەوەیی و ئاینییەكان دەیگرنەبەر و سەركەوتنێكی تر دەبێ بۆ كوردستان.
پێویستە دەسبەرداری ئەو حكوومەتە دووبارە و هەمیشە شكستخواردووانە بین، حكوومەتێك دابمەزرێتەوە لە ئاست بەرپرسیاریەتی مێژوویی قۆناغەكە بێ و تەواوی پێكهاتەكانی كوردستان بە پێگە و ئاستی زۆرباشەوە خۆیانی لەناودا ببیننەوە، حكوومەتێك هێندە ئیرادە بەهێز بێ كە لە سەرووی حزبەوە بێ و بە تەواوی بۆ خەڵك بێ و بۆ داهاتووی گەشتر بە ئیرادە و تواناوە هەنگاو بنێ.

باز ئەحمەد