موژدەیەك بۆ خۆپێشاندەران

AM:08:56:26/03/2018 ‌
باز ئه‌حمه‌د.

ئەو خەڵكەی لە سەرجەم شارەكانی كوردستان دەستیان بە بایكۆتی دەوام و خۆپێشاندانی ناڕەزایی كردووە، مافی خۆیانە و هیچ كەسێك نكۆڵی لەوە ناكات، پێویستە حكوومەت واز لەو بێباكییەی خۆی بهێنێ بەرانبەر خەڵك و ڕاستگۆیانە دۆخەكە چۆنە، بە وردی بۆ هەمووان ڕوونی بكاتەوە، دەستی دەستی كردنی حكوومەت بە مووچەخۆران و خۆشاردنەوە لە ڕوونكردنەوەی دۆخەكە بە واقیعی هیچ ڕەوایەتییەكی تێدا نییە، وەلێ لە هەمان كاتیش ئەوانەی بەهۆی سەختی دۆخی ژیانیان چاریان نەماوە و دەستیان كردووە بە خۆپێشاندان و بایكۆت، لەگەڵ ویژدانی خۆیان ڕاستگۆ بن و نەبنە شەپۆلێك كە لەم سەروبەندی هەڵبژاردنە كاندید و حزبەكان، سواری شەپۆلەكە بن و پێی بچنە پەرلەمان و مووچەی چەور وەربگرن و دۆخی ژیانی ئێوەیش وەك خۆی بێ.

خۆپێشاندەری هێژا و مووچەخۆری خاوەن ماف، ئەو دۆخەی ئێستە لە كوردستان هەیە، بۆ تۆ زۆرتر سەختی ژیان و لایەنی دارایییە، بەڵام ئەگەر بیری لێ بكەینەوە بە وردی، بۆ سیاسییەكان زیاتر جەنگێكی دەروونییە، سەرەتا حكوومەت بە هۆی نەزانی و بێباكییەوە وای كرد ئێوە هیچ متمانەیەكتان بە حكوومەتێك نەمێنێ كە هی خەڵكی ئەم كوردستانەیە و هیواتان لەسەر حكوومەتی عەرەبی عێراق هەڵچنی و داواتان لە عەبادی دەكرد مووچە بنێرێت، بەغدا ئەو دەرفەتەی بە وردی قۆستەوە و ماوەیەكی زۆر دەستی دەستی بە ئێوە و حكوومەتی كوردستان كرد، تا هیواكەتان زۆرتر بێ و بگاتە لووتكە، بۆ ئەوەی كاتێك لە ترۆپكی هیوا بێهیوا و ئومێدی كردن، كاردانەوەتان هەبێ و بێدەنگ دانەنیشن.

ئەوەی بەغدا كردی بە تەواوی بۆ قووڵكردنەوەی ناكۆكییەكان و تێكدانی دۆخی كوردستان، نزیكە لەوەی بێتە دی، عەبادی بەڵێنە زۆر و بێ كردارەكانی لە ناردنی مووچەی تەواوەتی بەر لە نەورۆز وەك موژدەیەك بە ئێوە گەیاند، بەڵام بڕی تەواوی پارەی نەناردووە و داوایش دەكات مووچەی سەرجەم وەزارەتەكانی پێ دابەش بكرێ، تەنیا چەند خولەكێك بیر لەو كارەی بەغدا بكەینەوە، دەزانین كە مەبەستیەتی گرژی و ناخۆی زیاتر لە شارەكانی كوردستان دروست بكات، كەواتە خۆپێشاندانی ئێوە بۆ دژایەتی كوردستان بێ، ڕێك خزمەت بە ئامانجی عەبادی دەكەن، لە دژایەتیكردنی عەبادیش بێ، تەواو پیلانەكەی بەغدا لە گۆڕ دەنێن.

ئەمە لەسەر ئاستی عێراق، ئەگەر لەسەر ئاستی ناوخۆ وردتر بیری لێ بكەنەوە و خۆپێشاندانەكانی پێشتر وەبیر خۆتان بهێننەوە، ئایا چیتان چنگ كەوت، گرفتی گەورە لە كوردستان ئەوەیە حزبەكان ڕێ نادەن دیموكراسی و مەدەنییەت بەرەوپێشەوە بچێ، بێگومان من و هەموو خەڵكی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەوەن بەشێوەیەكی ئاشتییانە و دوور لە ئەجێندای حزبی و بوونی خۆپێشاندانەكان بە سەكۆی بانگەشەكردن، خۆپێشاندان ساز بكرێ و داوای مافەكانتان بكەن، بەڵام هیچ خۆپێشاندانێك ناكرێ تەواو مەدەنی و خۆڕسكانە، بەڵكو هەمیشە حزبەكان سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەكان دەبن و ناشیرینی دەكەن، لێرەدا ئامانج و مەبەستی ڕاستەقینەی ئێوە بۆ خۆپێشاندان ون دەبێ و ئامانج و مەبەستی تر تێكەڵ بە داوا ڕەواكانتان دەبن و ئێوە دەبن بە پردی پەڕینەوەی هەندێ كەسێ بێ ئاست و بێ جەماوەر تا خۆیان بكەن بە پاڵەوان و لە هەڵبژاردنەكان دەنگ بە دەست بهێنن، ئایا دەرچوونی كەسێك كە ئێوە و داوا ڕەواكانتان بەكار دەهێنێ، بۆ دەسكەوتی تایبەتیی خۆی و گەیشتن بە مووچەی چەوری پەرلەمانتاری لای ئێوە ڕێ پێدراوە؟

ئەركی ئێوە قورسە، مامۆستایەتی و پزیشكی دوو پیشەی ئەوەندە مرۆیین، ئەوەندە ئابووری و بزنس نین، چونكە بە بایكۆتی ئێوە نە حكوومەت و نە حزبەكان و نە منداڵەكانیان، نە بێ نەخۆشخانە و نە بێ قوتابخانە دەبن، بەڵكو تەنیا خەڵكی هەژاری ئەم وڵاتە لە خوێندن بەجێ دەمێنن و نەخۆشییەكەیشی قورستر دەبێ و مەترسی لەسەر ژیانیان گەورەتر دەبێ، كەواتە لە نێوان بێباكی حكوومەتی كوردستان كە ئەركیەتی مووچەی ئێوە بە تەواوی دابین بكات و ئەو لایەنە ویژدانی و مرۆیییەی كە ئێوە لەسەر شانتانە، بایكۆت ڕەنگە ڕقی خەڵك بەرانبەر حكوومەت زیاتر بكات، بەڵام ڕقی خەڵكی نەخۆش و ئەو منداڵانەی لە پۆلەكانن زیاتر دەكات لە ئێوە! كەواتە ئێوەیش لە ڕووی مەعنەوییەوە زیان دەكەن، كەواتە ڕێی سێیەم هەڵبژێرن كە هەم بۆ داواكردنی مافەكانتان ناڕەزایەتی ڕەوا دەبێ، هەمیش قوتابخانە و نەخۆشخانەكان داناخرێن و خەڵكی هەژار لە خوێندن و چارەسەر بێبەش نابێ، بەمشێوەیە ئەركی پیرۆزی نیشتمانی خۆتان بەدی دەهێنن و لای خەڵك خۆشەویستتر دەبن، حكوومەتیش ناچار دەكەن لە بەرانبەر مافەكانتان بێتە سەر خەت و وەڵامتان بداتەوە.

دەتوانن لەگەڵ قوتابییە خنجیلانەكانتان بەردەوامی بە پرۆسەی خوێندن بدەن و پۆل و وانەگوتنەوە بێننە سەر شەقامەكان، ئەمە جوانترین دیمەنی ساڵ دەبێ، دەكرێ نەخۆشەكان بێینە ناو شەقام و چارەسەریان بكەن، ئەمە باشترین ناڕەزایەتییە، هەم نەخۆش و كەسوكارەكەی، هەمیش قوتابی و كەسوكارەكەی لەگەڵ خۆتان دەبەنە ناو چینی ناڕەزایەتییەكان و ویژدانی حكوومەتیش بە ئاگا دەهێننەوە و بێگومان كاندید و كادری حزبەكانیش لووتبەرزن و نایەن لەسەر شەقام خۆیان نەخۆش بخەن و بانگەشە بۆ خۆیان بكەن، منداڵیش نین بێنە ناو پۆل و وانەگوتنەوەی نێوان قوتابی و مامۆستاكان دابنیشن.