پارتی بەر لە بەغدا روو لە سلێمانی دەكات

AM:11:32:18/10/2021 ‌
پارتی هێز و سەركەوتنی بۆ زیاتر یەكخستنی ناوماڵی كوردستان بەكار دەهێنێت نەك بۆ شكاندنی لایەنەكانی تر، چونكە پارتی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بە ركابەری سیاسیی خۆی هەژمار دەكات نەك بە نەیار و دوژمن، تا بیر لە تۆڵە لێكردنەوە بكاتەوە. 

ئەوە فەلسەفە و كار و دنیابینی سەرۆك مەسعوود بارزانییە كە درێژكراوەی مێژووی پارتی و كولتووری بارزانی نەمرە، لەو روانگەیەشەوە پارتی لە دوای سەركەوتنێكی گەورە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەڕلەمانی عێراق كە ژمارەی كورسییەكانی لە ژمارەی هەموو لایەنە سەركەوتووەكانی تری كوردستان زیاترە، بەڵام پارتی بەر لەوەی روو لە بەغدا بكات، بڕیار دەدات روو لە سلێمانی بكات كە بەشێك لە هێزە ركابەرەكانی بارەگای سەرەكییان لەوێیە.

سەردانی ئەوانەش دەكات كە كورسییان لەم خولەی پەرلەماندا نییە


ئەو شاندەی پارتی تەنیا سەردانی ئەو لایەنانە ناكات كە كورسییان بردووەتەوە، بەڵكو سەردانی ئەوانەش دەكات كە كورسییان لەم خولەی پەرلەماندا نییە، پارتی گوێیان لێ دەگرێ و پێیان دەڵێ:‌ یەكگرتوویی و یەكگوتاری كوردستانی، دەسكەوت و هێزێكی گەورەترە لە ژمارەی كورسییەكانمان‌.

لە ئەزموونی 17 ساڵەی رابردووی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراقدا، تەنیا ئەوە سەلمێنرایەوە كە عەقڵییەتی حوكمڕان لە بەغدا، درێژكراوەی هەمان ئەو عەقڵە شۆڤینییەیە كە لە دامەزراندنی عێراقەوە تا ئێستە زاڵە و هەرگیز ناگۆڕێ، بۆیە دەبێ كورد و كوردستانییەكان خۆیان بگۆڕن، چیتر ئەزموون و مێژووی دووبەرەكی و خۆخۆری دووبارە نەكەنەوە، چونكە ئەوە تاكە كەلێنە كە دوژمنان لێیەوە دێنە ژوورەوە و تاكە كارتی بەهێزی دوژمنانیشە كە لە دژی كورد بەكاری دەهێنن.