زەکات و هەڵکشانی ژمارەی مسوڵمان لە ئەمەریکا لە ئەمەریکاوە (١٦)

AM:09:16:10/06/2022 ‌
بەپێی زانیاریی و ئاماژەکانی ئەم ڕۆژانەی دوایی، ڕێژەی زەکاتی ساڵی ٢٠٢١ی مسوڵمانانی ناو ئەمەریکا، گەیشتووەتە ١.٨ ملیار دۆلار. ئەم زانیاریانە لەلایەن (Middle East Eye) بەریتانی لە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٢ بڵاوکراوەتەوە. هەر بەپێی زانیارییەکان، ژمارەی مسوڵمان لەو وڵاتە ساڵ بەساڵ پتر دەبێت، كەواتە ڕێژەی زەکاتیش بەرەو سەر دەچێت.

بەپێی زانیارییە ئاماژەپێکراوەکانی کاری خێرخوازی لە زانکۆی ئەندیانا، ئەوە پشتڕاست کراوەتەوە کە هەر مسوڵمانێکی ئاسایی بەپێی داهاتەکەی زەکاتی ٢٠٧٠ دۆلاری ئەمەریکی لەسەر دەکەوێت. بەگوێرەی قسەی یەکێک لە بەرپرسانی ئەو ڕێکخراوە خزمەتگوزارییە، داهاتی زەکاتی ئیسلامەکان لە مانگی ڕەمەزاندا گەیشتووەتە ١.٨ ملیار دۆلار. ئاماژەیان بەوەیش کردووە کە ٢٣.٥%ی ئەم زەکاتە دەدرێتە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە خزمەتگوزارییەکان، کە هیچ قازانجێک لە پارەکە بەدەست ناهێنن. هەروەها ٢١.٧% دەدرێتە ئەو وڵاتانەی زۆرینە مسوڵمانن و لەڕێی دەوڵەتەوە زەکاتی خۆیان کۆ دەکەنەوە. ١٨.٣%ی زەكاتەكەیش دەدرێتە ڕێکخراوە ناوەخۆییەکان. 

ڕێکخراوی خۆراکی ئیسلامی لە ئەمەریكا ڕای گەیاندووە كە نزیکەی ١٣٥ ملیۆن دۆلاری هاوکاری وەرگرتووە، ئەم بڕە پارەیە لەچاو ساڵی ڕابردوو ٣٥ ملیۆن دۆلاری زیاد کردووە. بەڵام هەمان سەرچاوە لەبارەی زەکاتەوە گوتی، "ڕاستە زەکات ئەرکێکی ئاینییە، بەڵام چارەسەری کێشەی کۆمەڵایەتیش دەکات، کە کاریگەری لەسەر خەڵک هەیە و خەڵکەکەی هەژارتر کردووە و ژیانیان قورس بووە". 

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی سەنتەری (بیۆ)ی ئەمەریکی /یەکێکە لەو سەنتەرانەی نە حزبییە و نە حکوومی و بایەخ بە ڕاپرسی گشتی و لێکۆڵینەوە لەبارەی دیموگرافیا دەدات، سەرباری شیکردنەوەی ناوەڕۆکی کاری ڕاگەیاندن و لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی/، "چاوەڕوان دەكرێ تا ساڵی ٢٠٤٠ ئیسلام ببێتە دووەمین گەورەترین ئاین لەناو ئەمەریکا". 
ئەم لێکۆڵینەوەیە پشتی بە ژمارەی دانیشتوان بەستووە، بەپێی سەرژمێرییەکان ژمارەی مسوڵمان لە ئەمەریکا ٣.٤٥ ملیۆن کەسە. بەدواداچوونەکان ئەوەیان ڕاستکردووەتەوە كە ژمارەی مسوڵمان لە ئەمەریکا بەشێوەیەکی بەرچاو لەزیادبووندایە. 

سەرچاوەیەکی ئیسلامی ئاماژە بە ژمارەی جوو لە ئەمەریکا دەکات و دەڵێت "ژمارەی مسوڵمان بەراورد بە جووەکان هێندە گەورە نییە. بەڵام ڕەچاو دەکرێت ژمارەی دانیشتوانە مسوڵمانەکانی ئەمەریکا لەچاو جووەکان خێراتر بەرەو سەرەوە بچێت و زیاد بکات".  بۆیە پێشبینی دەكرێ "لە ساڵی ٢٠٤٠ مسوڵمان لەڕووی ژمارەوە شوێنی جووەکان بگرنەوە، کە ئێستە دووەمین گەورەترین ئاینی ئەمەریکان لە دوای کریستیانەکان، لە هەمانکاتدا چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی موسڵمانەکان بگاتە ٨.١ ملیۆن کەس". 

بەپێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، ژمارەی مسوڵمانانی ئەمەریکا لە ساڵەکانی ٢٠٠٧- ٢٠٠٨دا ٢.٣٥ ملیۆن کەس بووە و ساڵی ٢٠١١ گەیشتووەتە ٢.٧٥ ملیۆن مسوڵمان. بەپێی ڕاپرسییەک کە لە 2021 کراوە، ٧٥%ی بەشداران پێیان وایە جیاکاری بەرانبەر مسوڵمانانی ئەمەریکا دەکرێت و ٦٠%یش دەنگیان بەوە داوە كە ڕاگەیاندنی ئەمەریکا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەواڵی مسوڵمانەکان ناکات. 

لە بیری نەکەین ٨٩%ی مسوڵمانانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندووە کە شانازیی دەکەن هاووڵاتی ئەمەریکان، هەروەک چۆن شانازیش دەکەن مسوڵمانن و یەشی زۆریان خەونی ئەمەریکاییان هەیە.