ڕاپۆرتی قوتابیان وەک دەرفەتێکی ناوازە

AM:09:10:12/06/2020 ‌
قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە کۆتایی ساڵی خوێندنی ئەکادیمی 2019-2020 نزیک دەبنەوە، ئەوەی ماوەتەوە هەڵسەنگاندنێکی ئەکادیمییە کە مامۆستایان و ستافی ئەکادیمی زانکۆ و پەیمانگاکان پێی هەڵدەستن و ئەوانیش دەرفەتی ئەوەیان هەیە بە خۆماندووکردن و هەوڵدان، ئەم قۆناغەش تێپەڕێنن.

چەند سەرنجێکی کورت لەسەر ئەم دەرفەتە دەخەمەڕوو:

1. یەکەمینجارە بۆ هەڵسەنگاندنی کۆتایی پشت نەبەستن بە لەبەرکردن "دەرخیات"ی بابەت کە بە داخەوە دەیان ساڵە قوتابیان و خوێندکارانی ئێمە قوربانی ئەم فۆڕمەی کۆششکردنن.

2. یەکەمینجارە کە ئاستی یەکەمی و دووەمی بەش و کۆلێجەکان نابێتە بەشی ئەو قوتابی و خوێندکارانەی تەنیا لەبەرکردن دەزانن وهەرگیز نەیانتوانیوە مێشکیان بەکاربهێنن بۆ نمرەکۆکردنەوە و بیرکردنەوەی تەندروست.

3. ئەم هەڵسەنگاندنە دەرفەتێکی زۆرباشە بۆ ئەو قوتابی و خوێندکارانەی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەیان هەیە و ناچار نابن هەموو پرسیارێکی ناساز وەڵام بدەنەوە، بەڵکو توانا و لێهاتوویی خۆیان دەخەنەکار بۆ پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێکی باش.

4. دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەو قوتابی و خوێندکارانەی خوێنەرێکی باش و رژدن، سامانەکەی خوێندنەوەیان ئێستە دەتوانن بە باشی سوود لێوەربگرن بۆ پێشکەشکردنی راپۆرت و هەڵسەنگاندنی ئەمساڵی خوێندنیان.

5. تاقیکردنەوەی تەقلیدی و پرسیاری وشک وەرەقی مامۆستایان کە تەنیا بە وەڵامی ناو کتێب و مەلزەمە و سڵایدەکانیان ڕازین، ئەمساڵ بازاڕی نییە، بۆیە دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ بیرکردنەوەی باش و نوێگەری لە هەڵسەنگاندندا.

6. دەرفەتی ئەوەیە کە ئەو ڕاپۆرت و پەیپەرەی ئامادەی دەکەن بە شێوازێک بێت نەک هەر نمرەی بەرزی پێ وەربگرن، بەڵکو دواتریش پەیپەرەکانتان لە جۆرناڵە جیاوازەکاندا بڵاوبکەنەوە.

لەگەڵ ئەوەی کە بە داخەوە پەروەردەی ناتەندروست لەم وڵاتەدا، لە جیاتی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و پەروەردەکردنی نەوەیەکی هوشیار و مێشککراوە و نوێگەر و داهێنەر، قوتابی تەوەزلیان پێشکەش کردووە، ئێستە زۆرینە لە هەوڵی ئەوەدان بە کۆپی پەیست و تەنانەت پارەدانیش ڕاپۆرتەکانیان ئامادە بکەن، بەڵام بە ئەزموونی چوار ساڵی ڕابردووی وانەبێژیم لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا، دڵخۆشم هێشتا تاکی کوردی و قوتابی و خوێندکاری وامان زۆرن کە ئەم سیستمە نەیپلیچاندوون و نەگەنیون، بۆیە دڵخۆشم کە دەرفەتی وا ڕەخساوە لێهاتوویی قوتابی و خوێندکارە بەهرەمەندەکان زیاتر بدرەوشێتەوە.

هیوادارم، کە زۆرێک لە مامۆستایانی زانکۆ و پەیمانگاکان وەک چۆن بە پاساوی ناواقیعی نەیانتوانی سوود لە خوێندنی ئۆنلاین وەربگرن، ئێستەیش نەبنە هۆکارێکیتری نائومێدی و سوود لەم دەرفەتە وەربگرن، بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنێکی شیاو بکەن و سوودی باش بگەیەنن بە قوتابی و خوێندکار.