قەدى بامبۆ، ڕۆمانێكى دژەباو و ڕەچەشكێن



PM:01:22:05/01/2021 ‌
دەمێكە ئەم ڕۆمانەم بە عەرەبى خوێندووەتەوە، ڕێك حەوت ساڵ بەر لە ئێستە، پێش ئەوەى بيخوێنمەوە زۆرم لەبارەيەوە بەرچاو دەكەوت و لەڕێگەى هاوڕێ عێڕاقيى و نووسەرە عەرەبەكان دەبيست چۆن بە ئەرێنی قسەيان لەسەر دەكرد، بەر لە ماوەيەك بە زمانى كورديش خوێندمەوە و خۆشحاڵ بووم كە هاتووەتە وەرگێڕان. ئەوەى ڕاستى بێت ئەم ڕۆمانە لەسەرووى پێشبينييەكانە، دواى خوێندنەوەى كۆتا ڕستە و وشە لەم كتێبەدا، دەزانن ئێمە لە بەرانبەر ڕۆمانێكى جيا و نووسەرێكى گەورەين.



بەكورتى، ڕۆمانەكە باس لە بيرەوەرى لاوێكى كووەيتى دەكات بەناوى (عيسا) ياخۆ (هوزيه) كە دايكى فلپينييە (جوزافين) خزمەتكارە لە ماڵێکی كووەيتى، دواى چيڕۆكێكى ئەڤيندارى، بەنهێنى شووی بە (راشد)ی كووه‌یتی كردووه‌، ئينجا ململانێى ددان پێدانان بە منداڵەكە كە (عيسا)يە، دەست پێ دەكات. دواتر (راشد) منداڵەكە و دايكى دەنێرێتەوە فلپين، بەڵام دوای ساڵانێك ئەم لاوە دێتەوە نيشتمانى خۆى كە كووەيتە و بەدواى باوكیدا دەگەڕێت و داواى مافەكانى خۆى دەكات وەك كووەيتييەك بە ڕووخسارێكى فلپينى و زمانى فلپينى، بەڵام هيچى دەست ناكەوێت، چونکە باوكى لە داگيركردنى كووەيت لەلايەن عێراقەوە بەديل گيراوە، ئينجا ڕووداوەكان بە ئەڵقە بەدواى يەكترەوە دێن.




ئەم ڕۆمانە لەسەر سێ بابەت دەدوێت، پێوەندى لەگەڵ ئەوانى تر، دۆزە گەرمەكانى كەنداوى عەرەبى و دەستى كارى بيانى لەم وڵاتانەدا.

نووسەر ئەم چينايەتييەى دەرخستووە كە كۆمەڵگەى كووەيتى تێيدا دەژيی، هەروەها توانيويەتى كەسايەتى خۆى و پاڵەوانى ڕۆمانەكە تێكەڵ بە يەكتر بكات، كە خوێنەر نازانێ نووسەر باسى خۆى دەكات يان لەسەر زارى (عيسا) قسە دەكات، بۆیە خوێنەر دەكەوێتە بەرانبەر كەڵەنووسەرێك کە توانيويەتى بەرجەستەى كەسايەتى خۆى بكات و تێيدا بتوێتەوە.

نووسەر لە نێوان كاره‌كته‌ر و شوێنەكان زۆر بە كارامەيى خوێنەر دەگوازێتەوە، كاتێ لەسەر فلپين دەدوێ هەست دەكەيت خۆى فلپينييە و هەر لەوێش دەركەوتووە و ژياوە، وردبين لە خستنەڕوو و كارزان لە گێڕانەوە، بەشێوەيەك خوێنەر هێدمە دەيگرێ لە ڕووى ئەم داهێنانە كەمەندكێش و نەشميلە.

زنجيرەى ڕووداوەكان هەرچەندە لە بەشى يەكەميدا لەسەرخۆيە، بەڵام هەست بە بێزارى ناكەيت، بيرۆكەكەيش بوێر و لەجێيە، هەردەم لەسەر نەژادپەرستيى دەبيستين لەناو كۆمەڵگەى عەرەبيى و ناوچەكەدا، بەڵام ئەدەبياتى عەرەبى زۆر بەدەگمەن هەوڵى هەبووە باسى ئەم كێشەيە بكات، بەتايبەت لە هونەرى ڕۆماندا.



ئەم ڕۆمانە تەنێ لەمەڕ نەژادپەرستە نەدواوە، بەڵكوو باس لە هەست بەبێ خۆبەنديى و چينايەتى و شتگەلێكى ديكەیشى كردووە، هەموویشى بێ پينە و بێلايەنيەكى هەژەند هۆنيوەتەوە. لە هەمووى گرنگتر دژەباوە و هەراسانكار نييە. 

ئەوەى جێى سەرنجە، ئەوەیە نووسەر خۆى لە شوێنى ئەوانیتر داناوە و زۆر سەرسوڕهێنەرە، كاتێ لەسەر زارى فلپينييەكە دەدوێ و باس لە جلوبەرگ و سەما و ڕەفتارى كووەيتييەكان دەكات، وەك ئەوەى يەكەمجارە دەيانبينێت، بێگومان پێكەنيناوى و گاڵتەئامێزە، بەڵام جارجارە پەسنى زياد لە پێويستە، كەچى بە وردى نمايشى كردووە، نووسەر زۆر سەركەوتوو بووە لەم وێناكردن و يارييە بەرجەستەكردنە شەنگە، بە دڵنياييەوە لە بەرانبەريشدا خوێنەر بەختەوەر بووە و بەختەوەر دەبێت و بەرچێژ دەكەوێت.

 

كاتێك لەبارەى كۆمەڵگەى كووەيت و فلپين دەدوێ هەست ناكەيت قورسايى بۆ لايەنێكە لەو نێوانەدا، پارسەنگى خۆى پاراستووە و باسى باشييەكانى هەردوولا دەكات و ڕەخنەيش لە هەردوولا دەگرێت، ڕا و بۆچوون لەسەر هەردوولا بە ڕاشكاوى دەخاتە ڕوو، وەك كەسايەتى (عيسا) دەردەكەوێت كە سەرلێشێواوە لە نێوان (ئێمە) يان (ئەوان) ـ (لاى ئێمە) يان (لاى ئەوان)، ئەمەيش زۆر بە كەمى لە كارە ئەدەبييەكانى ناوچەكە دەبينرێت.



تايبەتمەندييەكى ترى ئەم ڕۆمانە ئەوەيە كە زۆر نزيكە لە واقيعەوە و چاپووكييەكى زۆرى تێدايە، هەلومەرج و گوفتارەكان لە كڕۆكى كۆمەڵگەوەيە، هەروەها گفتوگۆ لەگەڵ خۆی/خود كە سەرسوڕمانى و فەوتان و ئێش و ئازارى لەخۆ گرتووە. 

نووسەر سەليقەدار بووە لە وێناكردنى هەڵوەستە نەژادپەرستييەكان، چونكە ڕەنگاڵەيى كۆمەڵگەيى بينيوە و پێشبينى توانەوەى كردووە بە ئاسانى لەنێوانياندا، كەچى گومانەكەى لە شوێنى خۆى نەبووە، بۆ نموونە كەسايەتى (عيسا) لە پێشوازيكردنيدا لەلايەن ماڵباتی باوكى كە چۆن گفتوگۆكانى دەبيست و سەيرى ڕووخسارى هەمووانى دەكرد و ڕستەكانى لێك دەدايەوە، هەرگيز بە شێوەيەكى ئەرێنى تێينەدەگەيشت، هەروەها شۆك بوو كاتێ زانى داپيرە چۆن لێى دەڕوانێت /وەسفكردنى ئەم بار و ديمەنە شيرينكارييەكى باڵايە خۆى لەخۆيدا/ جگە لەوەى چۆن ئەوان سووربوون لەسەر ئەوەى بە نهێنى بابەتەكە بمێنێتەوە.
 
ئەمانە و شتى تريش، وەرگر دەخاتە ناو پێڵى خەمستانێكى ساردوسڕ، ئەوەى زياتر غەمگينى كردم رەفتارەكانى كەسايەتى (خەولە) بوو، هەرچەندە لەگەڵ كەسايەتى سەرەكيى ڕۆمانەكە باش بوو و بەردەوام هاوسۆزى بوو، بەڵام هەميشە كوتوپڕ ڕاستييە بە زامەكانى بۆ ئاشكرا دەكرد، ئەم جۆرە هاوڕێيانە نازانى لۆمەيان بكەيت يان سوپاس.



نووسەر لە ڕێگەى ئەم كارە ئەدەبييەوە پەند و ڕامانى ناوازەى پێشكەش كردووە، گفتوگۆكان زۆر بەر بچاڤ و ئاشنا و زيرەكانەيە، ماندووبوونى پێوە ديارە، هەست دەكەيت زمان و شێوازى نووسين هەڵدەكشێت هەرچەند زياتر درێژە بە خوێندنەوەى بدەيت و بچيتە سە ڕێڕەوى ڕووداوەكان، كەچى لە بەشەكانى كۆتاييدا ڕەوانى و سانايى زياترە و هەڵپە و كونووكۆى پێشترى ون دەبێت، بەپێچەوانەى بەرڕەوى سەرەتاكەى، تەنانەت دەربڕينە دەمەوەرى و زوان پاراوييەكەى سادە و ئاسايى دەردەكەوێ، بەڵام ڕاچڵەكين و ئەشكەنجە ئامادەگى هەيە لەگەڵ خوێندنەوەيدا.



لەگەڵ سەرجەم لایەنە ئەرێنييەكانى كارەكە، لە هەمانكاتدا پێمان وايە نووسەر لە هەندێ بابەتدا دەتوانين بڵێين هەڵە بووە ياخۆ سەرچيغ چووە و درێژبڕى كردووە، بەتايبەت لە درێژەپێدان و باسكردنى وردەكارى بێزاركەر كە پێويستى بەمە نەدەكرد بەم شێوەيە بێت.

بۆ نموونە كاتێ بەدوورودرێژى باسى ئەفسانەى هەزار چاوى كردووە، هەڵبەتە نموونەى تريش هەيە، ڕوانينى ئێمە وايە لەم بابەتانەدا قوڵبوونەوەى ويژدانى و تێڕامان مەرامەكە بەشێوەيەكى دروست دەپێكن و، هەقى بابەتەكەش دەدات. ئاوا خوێنەر زووتر و زياتر هەستى پێدەكات.



لە جێكەوتى ڕۆمانەكەدا تێبينى تام و بۆى نيشتمانپەروەرييەكى بە لاف و پێوەنان و زياد لە پێويست دەكرێت كە هەندێ لە بەشەكانى ئەم ڕۆمانەى گۆڕيوە بۆ پەڕتووكێكى قوتابخانە و كەناڵێكى فەرمى دەوڵەت، ماقوڵە نووسەران بابەتى نيشتمانپەروەرى لە ڕوانگەى بەشانوباڵدا گوتن ببينن، نەك ڕەخنە؟ هەروا لە هەندێ شوێندا شێوازەكە دەبوو بە هۆشداريى لە چوارچێوەى وەعز و زيادەڕۆيى تێدابوو سەبارەت بە نيشتمان و ئاين، بەڵام ئەم ئاماژانە ئاوێتەى ڕووداوەكان بووبوون، بۆيە كەمى نەكردەوە.

ئەوەى جێى سەرنج بوو، زياتر خاڵى دەرخستنى ئەوانەبوو كە كار لە (دەعوە) دەكەن، بەردەوام خورافە و چيڕۆكى هەڵيتوپەڵيت و تڕۆهات باس دەكەن، جگە لەوەى لە هەڵگۆكردن و بەتانوپۆدا چوونە خوارەوەى سەرگەردانى ئاينى خۆى سەركەوتووبوو. هەروا وتە وەرگيراوەكان لە گاتى يەكەم هيى خەباتگێڕێكى فلپينييە، ئەم سووربوونە بۆ مەحلانى لە ڕۆماندا زۆر گرنگە، چونکە ڕۆمان نەك هونەر و ئەندێشە و گێڕانەوە و پسپۆڕمەندييە، بەڵكو هەستێكى مرۆيى قووڵە. 

ئەم ڕۆمانە بيرۆكەكەى پتەو بوو، لە هەر پەڕێكيدا دڵڕفێنييەك دايدەگرتى، ئەمەيش نيشانەى هەرمانى نايابە.



وەك خوێنەرێك زۆر دەگمەنە لەگەڵ كەسايەتييەكانى ناو ڕۆماندا بژيم، بەڵام ئەم ڕۆمانە جوايەز بوو، ده‌پڕژامه‌ ناواخنى ڕستە و ناوگەرەى ڕووداوەكانى و هەميشە بيرم لێ دەكردەوە، له‌ هەستێكى نامۆ و ناوێزە لە خەم و بەزەيى هاتنەوە و ڕووسپايى ده‌گه‌وزام. 

ئەوەى زياتر قەڵسى دەكردم سەرگەردانييەكەى (عيسا)بوو بەرانبەر ئاين، دەمويست بڕواى بەهێز بێت، ئەقيدەى بگاتە بێ دڵا و دڵى، زۆر تووڕە بووم كە كەسايەتى (ئيبراهيم) فێرى نوێژى دروستى نەكردووە. 

نووسەر لە ئەوپەڕى ژيرى و بليمەتييە، هاتنەگۆى لەبارەى فلپين و، سەركردەى موسڵمانى فلپينى و دێرۆكى كووەيت و قەيرانەكانى ئەوێ و، مشتومڕى ئاينەكان، سەرسامكەرە. ئەوەى زۆر لام جوانكیلە بوو، پەيڤينى لەسەر حەزرەتى عيسایە (سڵاوى خواى لێ بێت)، هەروا قسەكردنى لەبارەى بوودا، تا هاتە سەر دووان لەبارەى ئيسلامەوە. 

پاڵەوانەكە بەناو هەموو ئەم جودايى و گرۆيانە تێپەڕبووە، ئاينەكان و چۆنيەتى دڵنيايى، خاچ و گێڕانەوە، پەيكەرى بوودا و بەرماڵى نوێژ و قورعان و ڕووگە، سەرجەم ئەم هەرا و گۆبەند و تێكقژانە، هەستكردن بە تەنیايى، وەدەرنان و ڕابردن و هەناسەسارديى، وا دەكا تەنيا خوێنەر نەبيت، بەڵكو ببيت بە بەشێكى ڕۆمانەكە و هەمان خوستى  پاڵەوانەكەت هەبێت.

جارێك هەست دەكەيت فلپينيت و لەوێ لەدايكبوويت، دواتر هەست دەكەيت كووەيتيت پەى بە هەموو شتێكى ئەم نيشتمانە دەبەيت، كۆتا جار هەست دەكەيت نامۆ و بێكەسيت.

شكۆمەندى شێوازى نووسەر لەوەدا ناوازه‌ و تايبەتمەندە كە بخوێن بەرەو لايەكى ديكە دەبات، وا دەكا شەرم لە خۆمان بكەين لەمەڕ ئەم بۆچوون و ڕوانين و ديدگايانەى لە دەوروبەرمان دەخولانەوە و دەمانبيستن و لە بەرانبەريدا بێدەنگ دەبووين، ئەمە پەيامێكە بەهاى هەستكردن بە ئەوىتر بۆ دەروونمان دەبووژێنێتەوە.



وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە گرنگ بوو، چونكە پێويست بوو لەبارەى فلپينەوە بخوێنينەوە، لەو بڕوايەدام نەوەى نوێى خوێنەر زانيارييەكى ئەوتۆيان لەسەر نەبووە، لەگەڵ ڕووداوەكانى نێوان كووەيت و فلپين بەم داڕشتنە بەفەڕە، هەست دەكەى زياتر بير لە كرێكار و ژيان و ئاڵۆزييەكانيان دەكەيتەوە، ئەوانەى هەوارى خۆيان جێدێڵن و ئاوێزانى تاراوگە دەبن بۆ لەتێ نان و چه‌ند عانەیه‌ك، تا بژين. 

تاكە شتێ كە نەگۆڕە گەندەڵيى كۆمەڵگەيە، كە هەموو شتێك ڕێگەپێدراوە بەبێ هۆ، ئەم كەتوارە بارێكى داپڵۆسێنەرى بەگوژمە، كاروانێكى لەبننەهاتووى ستەملێكراوانى لەخۆ گرتووە.



هەميشە دەڵێين منداڵ بەرين لە گوناهى باوان، كەسيش خەتاى كەس هەڵناگرێ، بەڵام لە كۆمەڵگەكانى ئەم ناوچەيە هاوكێشەكە تۆزێ لاسار و سەراوژێرە، ئەگينا چۆن كۆمەڵگە و خێزان وەها كەڵەگا و جەوركار دەبوو بەرانبەر (عيسا) كە كوڕى ژنە بەردەستە فلپينييەكەيە، بێ شك نەدەگەيشت بەم بەرەنجامە.

لاوێك گوناهى چييە كە باوكى دەستى لێ بەرداوە، ئەگەر (راشد)ى باوكى ئارامى بگرتبا و بە ئەقڵانييەت و ويژدانەوە لە بابەتەكەى بڕوانيابە، ئەوا (كات) ئەم كێشەيەى چارەسەر دەكرد، ئەگەرچى  كوڕى ژنە فلپينييەكەیش بێ، بەڵام خۆ پێيان دەگوت كوڕى (راشد) و موسڵمانە و هاووڵاتييەكى ئەم وڵاتەيە، ناسراو دەبوو لەناو خەڵكيدا، لەگەڵ باوك و دايك و ماڵباتەکەی دەژيا و گەورە دەبوو، كەچى كاتێ پوورى بە قەستەسەرييەوە نكۆڵى لێ دەكات و ددان بە بوونى كوڕە برايەك نانێ كە كوڕى ژنێكى خزمەتكارى فلپينييە، داپيرەش كە ڕێگربوو كچێكيان هاوسەرگيرى لەگەڵ گەنجێك بكا كه‌ خۆبەند نييە بەهەمان ڕەگەزنامەى ئەوانەوە، كۆمەڵگە و دراوسێ و ناسياوان كە بوونە پەستانێكى كەڵان بەسەر ئەم خێزانە و مانەوەى ئەم لاوە تێيدا دژوار بوو، هەموو ئەمانە ڕووبەڕووى كۆمەڵگە و گرفتەكانى دەبێتەوە، ئێژى ئەم بڕيارە خراوانە زێدەى ستەمگەرى كۆمەڵ و هەندێ نەريتى پووچ و خاڵى لە مەرامە پيرۆزەكانى ئاين و بەها بڵندەكانى مرۆڤە، بۆيە ڕۆژهەڵات چەندان شەقاو لە ئەوديو شارستانييەتە و لە گۆمى كەڕەواڵەيى نغرۆ بووە.



ئەم ڕۆمانە تابلۆيەك لە تابلۆكانى هەقيقەتمان پيشان دەدات، هەرچەندە لەگەڵ سەرتاپاى ڕووداو و بيرۆكە و بۆچوونەكان كۆك نەبووم، بەڵام بێ سێودوو لە منداڵدانى ژينوارەوە سەرچاوەى گرتووە. هەميشە دەبێ بڵێين ئەم هونەرە چييە؟ ئەم هەموو جوانييە چييە هاوڕێ سعوود؟ سنعوسى بەم ڕۆمانە بوو بە يەكێ لە ڕۆماننووسە دڵخوازەكانى من و دواى ئەم ڕۆمانە بەردەوامبووم لە هەڵبژاردنى كتێبەكانى كە شايانى خوێندنەوە و ڕامانن.

ئەم نووسەرە داهێنەرە و ئەم ڕۆمانەيش باڵايە، هەر لە بيرۆكەوە تا ئامانج و پەيامە بێگەردەكەى، هەروەها هەموو ئەو گفتوگۆيانەى لە گۆمەڵگەى كووەيتى و فلپينى هەيە بەبێ جياوازى، ئەم ئازايەتى و توانايەى نووسەر كە لە هەڕەتى جوانيى و دڵڤازيى واقمان و خۆشخووييە، زووانێكى تۆكمە و تەكنيكێكى فەريك، هەروەها زرنگ لە وێناكردنێكى ڕاستگۆيانە بۆ كۆمەڵگەكەى خۆى و گێڕانەوەى نەرێنييەكان و خستنەڕووى زۆرترين زانيارى لەبارەى فلپين و رۆشنبيرى و داونەريتيان بەشێوەيەك پرسيار دەكەيت ئايا ئەم نووسەرە فلپينييە يان كووەيتى؟

جێى ئاماژەيە ڕۆمانى (قەدى بامبۆ) لە نووسينى ڕۆماننووسى كووەيتى (سعوود ئەلسنعوسى) لە ساڵى (٢٠١٢) بڵاوكراوەتەوە. وەرگێڕ (ڕەنجدەر جەبار) كردوويەتى بە كوردى. 

لە كۆتايىدا تەنیا ماوە دەسخۆشى لە نووسەر بكەم بۆ ئەم كارە هەڵكەوتووە كە شايستەى خەڵاتى پووكەر بۆ ڕۆمانى عەرەبى بوو، دەسخۆشى لە وەرگێڕەكەيشى دەكەم كە شاكارێكى ناوازەى بۆ فەراهەم كردووين بە زمانێكى بێ ساتمە و شيرين.